دەرگای خوێندنگەكان كراونەتەوە و بەڕێوەبەرایەتییەکانیش سەرپەرشتیی پڕۆسەكە دەكەن

09:29 - 2024-01-24
ڕاپۆرت
217 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: تاهیر ئیبراهیم

لەمڕۆوە پڕۆسەی خوێندن لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەكانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین و قەزا و ناحییەكانیان بەتەواوی دەستپێدەكاتەوە و ستافی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەكان سەردانی ناوەندەكانی خوێندن دەكەن و سەرپەرشتیارانی پەروەردەییش چاودێریی پڕۆسەی خوێندن و شێوازی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە دەكەن بەمەبەستی دڵنیایی لە باش بەڕێوەچوونی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكە. هەروەك داواشكراوە مافی مامۆستایان پێشێل نەكرێت و داواكارییەكانیان بۆ جێبەجێ بكرێت و شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجبكرێت و مووچەیان لەكاتی خۆیدا پێبدرێت.
ئەو ناوەندانەی بایكۆتیان شكاندووە رێژەی %90 پێكدەهێنن
مامۆستا ئومێد تۆفیق بەڕێوەبەری پەروەردەی راپەڕین، سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە سنوورەكەیاندا، رایگەیاندووە: لە سنووری پەروەردەی راپەڕیندا ژمارەیەكی زۆر لە خوێندنگەكان دەوامیان تێدادەكرێت، ئەوەش لە خەمی ئەوەی داهاتووی خوێندكاران نەفەوتێت، مامۆستایان بایكۆتیان شكاندووە. ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەو ناوەندانەی بایكۆتیان شكاندووە لە پەروەردەی سنوورەكە رێژەی %90 پێكدەهێنن و  دڵنیاییش دەدەین تا رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بە تەواوی و لە سەرجەم ناوەندەكاندا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین خوێندن ئاسایی دەبێتەوە.
دوای چەندین مانگ لە بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن لەلایەن مامۆستایان و وانەبێژانەوە لە زۆربەی خوێندنگەكانی سنووری سلێمانی و قەزا و ناحیەكانی دەوروبەری، دواجار مامۆستایان بایكۆتیان شكاند و دەرگای زۆرترین خوێندنگە بە رووی خوێندكاراندا كرایەوە و دەستیان بە خوێندن كردەوە.
بڕیاری مامۆستایان لە بەرژەوەندیی خوێندكاران بوو
مامۆستا عەبدوڵڵا حەمە كاكەڕەش بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ، لە لێدوانێكدا دەڵێت: بە كۆی دەنگ مامۆستایان بڕیاری دەستپێكردنەوی خوێندنیان داوە و لە سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ دەرگای زۆرترین خوێندنگە بە رووی خوێندكاراندا كراوەتەوە و دەوامیان تێدادەكرێت. راشیگەیاندووە: ئەو بڕیارەی مامۆستایان، لە بەرژەوەندیی خوێندكاران بووە تا خوێندنی ئەمساڵیان نەفەوتێت، ئەوەش هەستكردنە بە بەرپرسیارێتی. «ئێمەش هەوڵی ئەوە دەدەین كەموكورتییەكان پڕبكەینەوە و ئەمساڵی خوێندن بەبێ كێشە تێپەڕێت».
هەروەها، مامۆستایانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سەیدسادق بایكۆتیان شكاندووە و پەروەردەی دوكانیش ئەوەی راگەیاندووە كە «سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن لە دوكان و پیرەمەگرون كراونەتەوە».
هەزاران خوێندكاری قۆناغی یەكەم ئامادەی دەستپێكردنەوەی خوێندنن
بەپێی زانیارییەكان، زۆرترین ژمارەی خوێندكاری پۆلی یەكەمی بنەڕەتی لەسەر ئاستی هەرێم لەمساڵدا تۆماركراوە كە 158 هەزار خوێندكارە.
لەوبارەیەوە، مامۆستا عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە PUKMEDIA ی وتووە: داواكارییەكانی مامۆستایان؛ رەوان و گەیشتۆتە وەزارەتی پەروەردە و حكومەتی هەرێم و تەنانەت حكومەتی فیدراڵ و كونسوڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتانیش، بەهیواین جێبەجێ بكرێت. وتیشی: رێژەیەكی زۆری مامۆستایان بە هەستكردنیان بە بەرپرسیارێتی گەڕاونەتەوە ناوەندەكانی خوێندن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان