ئاستەنگەكانی بەردەم نووسەران و رۆژنامەنووسانی كورد لە كەركوك

10:08 - 2024-01-25
ڕاپۆرت
208 جار خوێندراوەتەوە
ململانێی حزبی و دۆخی ئیداریی کەرکوک رێگرە لە گەرموگوڕیی چالاکییە رووناکبیرییەکان

راپۆرتی، هێمن ئەحمەد

لە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە هەریەک لە یەكێتیی نووسەرانی كورد و سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بارەگایان لە كەركوك كراوەتەوە و بەردەوامبوون لە كارو چالاكییەكانی خۆیان، كۆمەڵێك گۆڤار و رۆژنامە یان لەو ماوەیەدا دەرکردووە و چەندین چالاكیی جۆراوجۆری وەک كۆڕ و سمیناریان لە شارەكەدا بەڕێوەبردووە، بەوەش كۆمەڵێك نووسەر و رۆژنامەنووس و روونالکبیر لە دەوری ئەو دوو رێکخراو و سەندیکایە کۆبوونەتەوە، بەڵام بەداخەوە لەدوای 2017-ەوە چالاكییەکانیان لە کەرکوک بەرە و سستی چووە و ئاستەنگی جۆراوجۆریان بۆ دروستکراوە كە خۆی لە بارەگای سەندیكا و لایەنی مادی و تەنانەت خودی رووناکبیرانیشدا دەبینێتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی سستبوونی زیاتری چالاكییەكانیان بەراورد بە لقەکانی سەندیكای رۆژنامەنووسان و یەکێتیی نووسەرانی  عیراق لەو شارە کە بۆتە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە نووسەران‌ و رۆژنامەنووسانی سەندیكا كوردستانییەكانیش روو لە سەندیكای رۆژنامەنووسان و یەکێتیی نووسەرانی عیراق بکەن.

ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان
بەپێی ئامارێكی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، لە كەركوكدا 750 ئەندام هەن و لەو ژمارەیەش 25 رۆژنامەنووسیان چوونەتە لقی کەرکوکی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراق.
بەداخەوە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە سەندیكا و رێکخراوەکانی كوردستان بەڵێنەكانیان نابەنە سەر لەو رووەشەوە سمكۆ بەهرۆز، نووسەر و رۆژنامەنووس لەبارەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانی بەردەم کارکردنی ئەو رێکخراو و سەندیکایانەی کوردستانەوە لە کەرکوک دەڵێت: لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە تامەزرۆی ئەوە بووم ببمە ئەندام لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستاندا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەكو پێویست نەیانتوانیووە لەم شارەدا كار و چالاكییەكانی خۆیان بکەن كە هۆكاری سەرەكی ئەم پاشاگەردانییەش بۆ ململانێ سیاسییەكان لە كەركوك دەگەڕێتەوە كە نووسەران و رۆژنامەنووسان باجەكەی دەدەن.
هەروەها دەڵێت: لە ساڵی 2006 دا سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لیستێكیان دەربارەی پێدانی پارچە زەوی بۆ رۆژنامەنووسان بەرامبەر ناوچەی سێكانیان بڵاوكردەوە، بەڵام تا ئێستا دەنگی نییە، جگە لەوەش هەر ئەندامێكمان بڕی 200 هەزار دیناریان لە بەرامبەر چاككردنی زەوییەكاندا وەرگرت، بەڵام زەوییەکەش نەدرا و پارەكەشمان سەری تیاچوو و  هەموو زەوییەکانیش كە بۆ ئەندامانی سەندیكا دیاركرابوو، دران بە چەند بازرگان و وەبەرهێنێک لە شاركە.

هەڵبژاردنەكان پێوەر نیین
عەبدوڵڵا رەسوڵ، نووسەر و وەرگێڕ، لە بارەی ئاستەنگەكانی بەردەم نووسەرانی كەركوكەوە، رایگەیاند: چەند جارێك بەشداریی هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی نووسەرانم كردووە، بەڵام ململانێ سیاسییەكان پێوەربوون بۆ هەڵبژاردنی نووسەران و ئەوانەی لە هەڵبژاردنەكاندا دەردەچن بەخواستی نووسەران نیین، بۆیە ئێستا پووكانەوەی لقی یەكێتیی نووسەران لە ئەستۆی نووسەراندا نییە، بەڵكو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەبێت بە جدی هەوڵبدەن بۆ بێلایەنیی یەكێتیی نووسەران، تا بە رێگە راستەكەی باری رۆشنبیرییدا بڕوات.

كێشەكان جۆراو جۆرن
سەراب رەشید، سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد لقی كەركوك، رایگەیاند: ماوەیەكی زۆرە ئەركی بەرپرسیارێتی ئەم لقە كەوتۆتە ئەستۆم، بەڵام ئێستا تووشی كۆمەڵێك كێشەی دارایی و شوێن و چالاكیی بووینەتەوە، كە ئەم بارودۆخە شایستە نییە بە باری رووناکبیران و نووسەرانی كورد لە كەركوك، چونكە رۆژ لەدوای رۆژ ئەندامانی لقەكەمان بەرەو كەمی دەڕۆن و روو لە یەكێتیی نووسەرانی عیراق دەكەن.
هۆكاری ئەوەش بۆ یەكێتیی نووسەرانی عیراق دەگەڕێتەوە لەوەی كە ئێمە وەكو لقی كەركوكی یەكێتیی نووسەرانی كورد هەر لە ساڵی 2010ەوە تائێستا هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنمان نەکردووە، بەڵام یەکێتیی نووسەرانی عیراق هەموو هەڵبژاردنەکانی لەكاتی خۆیدا دەكات و ئەندامانی نوێ هەڵدەبژێرن.

جیاوازییمان زۆرە 
وتیشی: نووسەرانی كورد چالاكییەكانیان زۆر سستە، چونكە بارەگا و شوێنی كۆڕ و كۆبوونەوەیان نییە، بەڵام لقەکەی نووسەرانی عیراق، چالاكیی بەردەوامی هەفتانە و مانگانەیان هەیە، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كاتێك نووسەرانی عیراق تووشی نەخۆشی یان گرفتێک دەبن، لە نەخۆشخانەكاندا بێ بەرامبەر چارەسەری پزیشكییان بۆ دەكرێت و یارمەتیی مادی دەدرێن، بەڵام ئێمە بەداخەوە تا ئێستا ئەو جۆرە یارمەتییانەمان نییە.
 نووسەرانی عیراق هەموو ساڵێك لەلایەن حكومەتەوە وەكو پاداشت بڕی 750 هەزار دیناریان بە ماستەر كارتی تایبەت بەخۆیان پێدەدرێت، بەڵام تا ئێستا نووسەرانی كورد سەربە یەکێتیی نووسەرانی کورد پاداشتیان وەرنەگرتووە.

ململانێی حزبی رەنگیداوەتەوە
هەروەها دەڵێت: هەر لە سەرەتای دروستبوونی یەكێتیی نووسەرانەوە لە كەركوك، بە چەند قۆناغێکی هەڵبژاردنێكدا تێپەڕیووین، بەڵام بەداخەوە نووسەران و رووناکبیران لەم شارە بوونەتە قوربانیی ململانێ سیاسیی و حزبییەکان بەتایبەتی لەسەر ئاستی كوردستاندا، كە ئەمەش ئاستەنگی دروستكردووە بۆ باری دارایی و چالاكیی و سیمینارە رۆشنبیرییەكان.
سەرۆكی لقی كەركوكی یەکێتیی نووسەرانی کورد باسی لەوەشكرد کە ماوەیەك لەمەوبەر یەكێتیی نووسەران چالاكیی نەمابوو، هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی دارایی پێویست دەگەڕێتەوە، بەڵام ئێستا بە هەوڵ و كۆششی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ژوورێكمان بۆ راییکردنی كاروباری یەكێتیی نووسەران گرتووە، ئەمەش لەئاستی خواستی نووسەران و رووناکبیراندا نییە، چونكە پێویستە شوێنێكی سەربەخۆمان هەبێت بۆ خستنەڕووی چالاكییەكانمان بەشێوەیەكی بەرفراوانتر.

ئاستەنگە سیاسییەكان هۆكارن
مەهدی زریان، سەرۆكی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش، دەڵێت: لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە و بەتایبەتی لەكاتی دەسەڵاتی كورددا لە شارەکە مۆڵەت بەو دامودەزگایانە درابوو كە سەربە هەرێمی كوردستان بوون لەنێویشیاندا لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان. بەڵام بەداخەوە لەدوای 2017-ەوە هەوڵێك لەلایەن ئیدارەكەی شاری کەرکوکەوە هەیە بۆ لاوازكردنی سەرجەم ئەو دامودەزگایانە، لەوەشدا لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسان زیاتر بە ئامانج گیراوە و ئەو ئیدارەیە مامەڵەی لەگەڵدا ناكات، هەربۆیە دەبینین بەشێك لە رۆژنامەنووسە كوردەكان روو لە لقی سەندیكاکەی عیراق دەكەن ‌و پێیانوایە ئەو لقە دەتوانێت ئیمتیازاتی مادییان پێببەخشێت و چەند پارچە زەوییەكیشی بۆ دەستەبەر كردوون.
دەشڵێت: ئێمە لەبەر نەبوونی بوودجە بارەگامان لە كەركوك نەماوە، ئەمەش ئاستەنگی بۆ ئێمە و رۆژنامەنووسان دروستكردووە كە پێویستە وەكو لقی سەندیكاکەی عیراق شوێنێكی جێگیر و بودجەیەكی پێویستمان هەبێت بۆ كارو چالاكیی و سمینارەكانمان.
ئاماژەشی بەوە دا کە لە كۆتایی ساڵی 2023دا، لێخۆشبوونێك لە سەندیكای گشتیی رۆژنامەنووسانی كوردستانەوە بۆ ئەو رۆژنامەنووسانە دەرچوو كە ئابوونەی چەند ساڵێكیان نەدابوو بەر لێخۆشبوون كەوتوون، ئەویش بە پێدانی بڕی 25 هەزار دینار ئەمەش بۆخۆی یارمەتییەك بوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان