دراوێکی جیهانی بەرامبەر بە دۆلار

10:22 - 2024-01-25
ئابووری
157 جار خوێندراوەتەوە
دۆلار تا سەر، بەسەر بازاڕدا زاڵ نابێت

دۆمینیکیو پلیۆن*

لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن


زۆربەی وڵاتانی باشووری گۆی زەوی رووبەڕووی دوو ئاڵنگاریی بوونەتەوە، ئەوان لەلایەک کێشەی داراییان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخی نائاسایی کۆمەڵایەتی و ناوچەیی، لەلایەکی دیکەشەوە لە هەوڵدان بۆ رزگاربوون لە هەژموونی دۆلار. 
کۆبوونەوەی بەرپرسانی هاوپەیمانیی دارایی جیهانی نوێ، کە رۆژانی 22 و 23ی حوزەیرانی 2023 لە پاریس بەڕێوەچوو، درزێکی قووڵی لێکترازانی وڵاتانی دەوڵەمەند و وڵاتانی باشووری زەویی لێکەوتەوە.
 وڵاتانی باشوور پێویستیان بە داراییەکی زۆرە بۆ روبەڕوبوونەوەی قەیرانی ناوچەیی کە قەیرانێکە خۆیان لێی بەرپرسیار نین. ئێستا وڵاتانی باشوور داوای چاکسازیی سیستمی دارایی نێودەوڵەتی دەکەن، کە بە گشتی لەژێر دەسەڵاتی ئەمریکادایە.

پێشنیازەکەی جۆن مینارد
 (SDR)، بە شیوەیەکی رەسمی مافی راکێشانی قەرزە، کە بەپێی پشکی وڵاتان لە سەرمایەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتیدا دەستنیشان دەکرێت و بۆ تەواوکردنی پاشەکەوتی دراوی بانکە ناوەندییەکان پێیان دەدرێت، کەواتە ئامڕازێکی بەردەستی دەوڵەتانە بۆ دابینکردنی دارایی بۆ مامەڵەی دەرەکی کە لە ساڵی 1969دا بڕیاری دامەزراندنی دراوە، ئەویش بەهۆی خراپیی کارکردنی ئەو سیستمی دراوی نێودەوڵەتییەوە بوو، چونکە ئەوکاتە ئەمریکا دراوەکەی بە دراوی سەرەکیی سیستمی دراوی نێودەوڵەتی سەپاند، هەر ئەوکات جۆن مینارد کینز ئابووریزانی بەریتانی، دژی ئایدیای دروستبوونی ستانداردی دۆلار، پێشنیازی دروستکردنی بانکوری کرد، بۆ پێوانەی گشتگیر لە مامەڵە نێودەوڵەتییەکاندا.
کارکردنی سیستمی دراوی نێودەوڵەتیی پشتبەستوو بە دۆلار، زوو شکستیهێنا. قۆناغەکانی کەمبوونەوەی نەختینەی پچڕ پچڕ، لەگەڵ قۆناغەکانی زیادەی دۆلار لە ئابووریی جیهاندا ناکاراییەکەی دەرکەوت، کە بە (پارادۆکسی تریفین) ناسراوە. 
دراوێکی نیشتمانی بەپێی ئەم دژیەکییە کە دروستبوونی پەیوەندیی بە سیاسەتی وڵاتی هەناردەکارەوەیە، ناتوانێت رۆڵی دراوی نێودەوڵەتی هاوتا بە گەشەکردنی بازرگانی و دابینکردنی دارایی هاوسەنگی پارەدانی وڵاتانی جۆراوجۆر ببینێت. 

باشترین میکانیزمەکانی جیهان
بە پشتیوانیی سەبەتەی دراوەکان، واتە (SDR)، کە ژمارەیان لە گۆڕاندایە، ساڵی 2016، پێنج دراو بەشداربوون، ئەوانیش: دۆلار، یۆرۆ، پاوەن، یەنی ژاپۆنی و یوانی چینی. لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەتی 2007 و 2009 سندووقی دراوی نێودەوڵەتی زۆرترین پارەی تەرخانکرد بۆ (SDR)، کە گەیشتە 128.6 ملیار دۆلار. 
هەر لەو ساڵانەدا، راپۆرتەکەی ستیگلیتز بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەربارەی چاکسازیی لە سیستمی دراوی و دارایی نێونەتەوەیی دوای قەیرانی جیهانی، (SDR)ی بە باشترین میکانیزم بۆ نەختینەی جیهانی دانا، ئەم قەواڵەیە بەرگریی لە زیادبوونی 150 تا 300 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا دەکات، زۆربوونی پەلهاویشتنی (SDR)، بەپێی پێوەرەکانی گەشەی بازرگانی جیهان، ئەو ئەگەرە دەڕەخسێنێت زیادەی ساڵانەی پاشەکەوتی دراوی پێویست بۆ وڵاتانی ئەندام دەستەبەر ببێت. (SDR)ەکان دابینکردنی پێویستی دارایی وڵاتانی کەمتر گەشەکردوو لەگەڵ زیادبوونی هێڵەکانی متمانەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لەگەڵ بارودۆخی خوازراو ئاسان دەکات. 
سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەتوانێت بە پشتبەستن بە (SDR) رۆڵی قەرزدەری سەرەکی بانکە ناوەندییەکان ببینێت، بەڵام گروپی 20 لە لەندەن، لە نیسانی 2009دا، بە لەبەرچاونەگرتنی پێشنیازی ستگلیتز بڕیاریدا کە سەرچاوەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بە بڕی 500 ملیار دۆلار زیادبکات بۆئەوەی بتوانێت قەرزەکانی بە تایبەتی لە رێگەی (SDR)ەوە بۆ ئەو وڵاتانەی لە کێشەدان زیادبکات.

وڵاتە دەوڵەمەندەکان سوودمەندن
سوودوەرگرتن لە (SDR) سەرەڕای سوودەکەی، سنوورداریی دروست دەکات و ئەم پرسیارە دێنێتە ئاراوە: ئایا ئەوانە باشترین رێگان بۆ چاکسازیی لە سیستمی دراوی نێودەوڵەتی؟ وەڵامەکەی نەخێرە. یەکەم، لەبەرئەوەی تەرخانکردنی (SDR) نایەکسانە: قەرز تەرخان ناکرێت بۆ ئەو وڵاتانەی زیاتر پێویستییان پێیەتی، بەڵکو بەپێی پشکەکەیان لە سەرمایەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی قەرزی پێ دەدرێت. کەواتە ئەم وڵاتانە دەوڵەمەندترینەکانن کە زۆرترین (SDR) وەردەگرن. 
دووەم، بەو پاساوەی (SDR) پارەدانێکی راستەقینەی نێودەوڵەتی نییە، دەبێت داراییەکانی بگۆڕێت بۆ دراوی دەرەکی بۆئەوەی وەک هۆکارێکی پارەدان یان میکانیزمی دەستوەردەر لە بازەڕەکاندا سوودی لێوەربگیرێت. بەڵام توێژینەوەیەکی (CEPR Center)  نیشانی دەدات، توانای سوودوەرگرتن لە (SDR) هەرچەند دراویش نییە، بەڵام ئازادکردنی دراو ئاسان دەکات. سێیەمین بۆ سوودوەرگرتن لە (SDR) لە کۆبوونەوەی پاریس لە حوزەیرانی رابردوودا پێشنیازکرا، 100 ملیار دۆلار بۆ وڵاتانی زیانلێکەوتوو تەرخان بکرێت. 

دەبێت رەچاوی بارودۆخ بکرێت

ئێستا رۆڵی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، سنووردارکردنی دابەشکردنەوەی جارێکی دیکەی سەرچاوەکانی داراییە، کە رادەکەی لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە دیاری دەکرێت. کەواتە گۆڕانکاری لە کارەکانیدا پێویستی بە چاکسازیکردنی ئەم ناوەندەیە. دەبێت لانیکەم رەچاوی بارودۆخ بکرێت. 
ئەمریکا و ئەوروپا دژی چاکسازین، پێداچوونەوە بە مافی دەنگدان کە چین و وڵاتانی تازە سەرهەڵدراو دوای قەیرانی (ساب پرایم) بەدوایەوەبوون، رووبەڕووی ڤیتۆی واشنتۆن بوونەوە. جگەلەوەش مەسەلەی گۆڕینی بارودۆخی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی پێویستییەکی هەنووکەییە، چونکە خۆی بانکێکی راستەقینە نییە و ناتوانێت بەپێی پێویستییە ئابوورییەکانی جیهانی پارە دروست بکات، بەڵکو سندووقێکە قەرزەکانی پەیوەندییان بە بڕیارەکانی وڵاتانی ئەندامەوە هەیە. 
ئایا بە راستی بارودۆخەکە لە رووی سیاسییەوە بۆ ئەم کارە رەخساوە؟ لە راستیدا، ئێمە بە زیادکردنی توانای دراوە رکابەرەکانی دۆلار، بەرەو سیستمێکی دراوی نێودەوڵەتی فرەجەمسەری دەچین، دیاردەیەک کە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی لۆژیکی (SDR)دایە. 

دوودڵیی هەندێک وڵات
بە دوور دەزانرێت لەم بارودۆخەدا ئەمریکا دەست لە پێگەی زاڵی خۆی هەڵبگرێت، سیاسەتی ئەم دواییەی سەپاندنی سزا دژی وڵاتانی ئەوروپا و روسیا نیشانی دەدات کە بە پشتبەستن بە پێگەی نێودەوڵەتی سوودوەرگرتن لە دۆلار کراو بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی ستراتیژی و بازرگانییەکەی بوو، هەروەها ئەم مەسەلەیە بۆ هاوکاریکردنی وڵاتانی کێشەداریش لای واشنتۆن پەسند دیارە، ئەگەرچی ئەمریکا لە ئابی 2021دا بڕی 650 ملیار دۆلاری بۆ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی پەسند کرد، بەڵام بەهۆی بارودۆخی قەیرانی ئابووریی نێودەوڵەتی و بەمەبەستی دابینکردنی نەختینەیی بۆ تەواوکردنی پاشەکەوتی رەسمی وڵاتانی ئەندام بوو، بەڵام واشنتۆن هاوکارییەکانی بۆ وڵاتانی مەرجدار کرد. 
شەڕی دراو زیان لە ژمارەیەکی زۆری وڵاتان دەدات. گەشەکردنیان بەهۆی پارچەپارچە بوونی ئابووریی جیهان لەنێوان ناوچە دراوییەکانی پارادۆکس زیانی پێدەکەوێت، کە هەریەکەیان لەژێر کاریگەریی دراوی سەرچاوەدان. کێشە جیهانییەکانی گۆی زەوی، بە پلەی یەکەم گۆڕانکاریی ئاو و هەوا، پابەندمان دەکات بە دوورکەوتنەوە لە شەڕێکی دراو و رێکەوتن لەسەر چوارچێوەی سیستمی فرەلایەنە و کارەکتەرانی سەرەکیی دارایی دەخاتە ژێر چاودێرییەوە.


* مامۆستای ئابووری دارایی زانکۆی پاریس 
سەرچاوە: لوموند دیپلماتیک فارسی

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان