ناونیشان لە توێژینەوەی زانستیدا

12:06 - 2024-02-21
دووتوێ
660 جار خوێندراوەتەوە

توێژەر: دیمەن عەبدوڵڵا

تا ئێستا سێ قۆناغی گەشەكردنی مەعریفەمان بڕیوە، قۆناغی یەكەم: قۆناغی مەعریفەی  هەستییە، مرۆڤ زیاتر پشت بە هەستەكانی دەبەستێ و لە رێگەیانەوە خۆی لە ساردی و گەرمی و مەترسییەكان دەپارێزێت، قۆناغی دووەم: قۆناغی مەعریفەی تێڕامانە، لێرەوە مرۆڤ پرسیار دەكات و بە دوای وەڵامدا دەگەڕێت، قۆناغی سێیەم و كۆتاییش: قۆناغی مەعریفەی ئەزموونگەرییە، لەم قۆناغەیاندا مرۆڤ لە رێگەی تاقیكردنەوەوە دیاردەكان شیدەكاتەوە و بۆ وەڵامی پرسیارەكانی تەنیا بە بیركردنەوە و لێكدانەوەی فەلسەفیانە رازیی نابێت، بەڵكو هەوڵ دەدات بە بەڵگە و سەرچاوە و تاقیكردنەوە بگات بە وەڵامەكان، ئەوەش بە توێژینەوەی زانستی دەكرێت.
ئەمڕۆ توێژینەوەی زانستی گرنگترین ئامراز و شێوازە بۆ گەیشتن بە وەڵامی پرسیارەكان و بۆ تێگەیشتن لە هەر دیاردەیەك كە شیاوی لێكۆڵینەوە بێت، لەم توێژینەوەیەدا توێژەر خاتوو دیمەن عەبدوڵڵا بە وردی تێشك دەخاتە سەر لایەنەكانی (ناونیشانی توێژینەوە) و هەوڵیداوە ئەكادیمیانە وەڵامی كۆمەڵێك پرسیار بداتەوە، لە بابەتی: ناونیشان چییە؟ دەبێ چۆن بێت، بۆچی گرنگە و رۆڵی ناونیشان لە روونكردنەوەی ناوەڕۆكدا.
توێژینەوەكە لە دوو بەشی سەرەكی پێكهاتووە، بەشێكیان پەیوەستە بە ناساندنی ناونیشانی زانستی و رێگەكانی هەڵبژاردن و مەرج و بنەما ئەکادیمییەکانی ناونیشانی زانستی، بەشی دووەمی توێژینەوەكەش تایبەتە بە شیكاری  چەند ناونیشانێكی سەرنجڕاكێش، وەك سامپڵی توێژینەوە هەڵیاندەسەنگێنێت. 
لە كۆتایی توێژینەوەكەشدا توێژەر گەیشتۆتە چەند ئەنجامێك و بە خاڵ ئەنجامەكانی دەستنیشانكردووە.

كوردەوان محەمەد سەعید

پێشەکی
ناونیشان یەکێکە لە بابەتە سەرەتایی و هەرە گرنگەکان، چونکە ناونیشان ناسنامەی هەر دەقێکە، وەک چۆن مرۆڤ یان ئاژەڵ یان هەرشتێکی دیکە پێویستی بە ناو و ناونیشانێکە بۆ ناسینەوە و جیاکردنەوە لەوانی دیکە، بە هەمان شێوەش توێژینەوە و هەموو جۆرەکانی کتێب پێویستیان بە ناونیشانێکی تایبەت هەیە بۆ ناسینەوە و جیاکردنەوەی بەرهەمەکان لە یەکتری.
پێکهاتەی توێژینەوەکە
ئەم توێژینەوەیە بە ناونیشانی (ناونیشان لە توێژینەوەی زانستیدا) لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بەشی یەکەمی تیۆرییە و پێکهاتووە لە دەروازەیەک بۆ ناسینی ناونیشانی زانستی وەک چەمک و پێناسەی ناونیشان، هەروەها رای هەندێک لە نووسەران سەبارەت بە ناونیشان، رێگەکانی هەڵبژاردنی ناونیشان، مەرج و بنەمای زانستی ناونیشان، بەشی دووەمیش بریتییە لە سەرنج و شیکاریی بۆ چەند ناونیشانێک.
هۆی هەڵبژاردنی ناونیشانی توێژینەوەکە
هۆی هەڵبژاردنی ناونیشانی ئەم توێژینەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناونیشان یەکەم هەنگاوە لە توێژینەوەی زانستیدا کە خوێندکار یان توێژەر پەنای بۆ دەبات، ئەمەش گرنگیی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چونکە توانای توێژەر دەردەخات سەبارەت بە بابەتەکە.
رێبازی توێژینەوەکە
رێبازی نووسینی ئەم توێژینەوەیە رێبازێکی وەسفی و شیکارییە.
گیروگرفتی توێژینەوەکە
یەکێک لە گرفتەکانی ئەم توێژینەوەیە دەگەڕێنینەوە بۆ سنووردار کردن، چونکە ئەگەر سنووردار نەکرایە توێژینەوەکە زیاتری هەڵدەگرت.
بەشی یەکەم: دەروازەیەک بۆ ناسینی ناونیشانی زانستی
1- چەمک و پێناسەی ناونیشان: ناونیشان رووناکی و چراو کلیلی دەروازەی چوونەژوورەوەی دەقە، لە توێژینەوەی زانستیدا، کە رۆڵ و گرنگیی زۆر بەهێزی هەیە لە بەرهەمهێنانی توێژینەوەدا. 
لێرەدا هەوڵدەدەین چەند پێناسەیەکی جۆراوجۆر بۆ ناونیشان بخەینەڕوو بۆ نموونە، رووناک سەلاح لە پێناسەی ناونیشاندا دەڵێت: «ناونیشان، ناسنامەی هەر دەقێکە کە بەهۆیەوە دەقی نووسەرێک لە نووسەرێکی دیکە جیادەکرێتەوە، لە هەمان کاتدا رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە راکێشانی سەرنجی خوێنەر بۆ دەقەکە، ئەوە جگەلەوەی کە ناونیشانی هەر دەقێک جۆرە ئیستاتیکایەکیش بە دەقەکە، دەبەخشێت» (عەلی، 2017، ٢٦٣).
زۆرجار ناونیشان وادەکات تامەزرۆی خوێندنەوەی ناوەڕۆکی ئەو بابەتە بین، کە نووسەر بۆی داناوە و وا لە خوێنەر دەکات گرنگیی بە دەقەکە بدات.
د. بەهرە دەڵێت: «ناونیشان زۆر سنووردارترە لە بابەتەکە و لە هەمان کاتدا مانای بابەتەکە دەخاتەڕوو، هەندێک جاریش ناونیشان خودی بابەتەکەیە. بۆیە باشتر وایە ناونیشانێکی گونجاو هەڵبژێردرێت، کە بەڵگە بێت لەسەر بابەتێکی زۆر دیاریکراو، چونکە بابەتی گشتگیر رەنگە زیاتر لە  ناونیشانێک هەڵبگرێت» (عنایەت، ٢٠٠٦، ٣١). هەربۆیە پێویستە ناونیشان بە وردی و شارەزاییەوە هەڵبژێردرێت، چونکە زۆرجار ناونیشان پارادۆکسی دروستدەکات لەگەڵ ناوەڕۆکەکەدا.
رەخنەگران و لێکۆڵەرانی بواری ئەدەبی بەم شێوەیە پێناسەی ناونیشان دەکەن: «ناونیشان بریتییە لە ناوی هەر کتێبێک کە گوزارشت  لە ناوەڕۆکەکەی دەکات» (عەلی، ٢٠١٧، ٢٦٤)، ئەگەر ناونیشان رەنگدانەوەی ناوەڕۆکەکە نەبێت، بۆشایی دروستدەبێت بۆ بابەتەکە، چونکە هەم دەبێتە سەرلێشێواوی بۆ خوێنەر هەم بێزارکردنی لە کاتی خوێندنەوەی بابەتەکەدا.
د. نەوزاد ئەحمەد سەبارەت بە ناونیشان دەڵێت: «ناونیشان دەقێکی بچکۆلەی چڕکراوی رستەیی پڕ لە ئیحایە کە رۆڵێکی گرنگ لە چۆنێتی خوێندنەوەکەیدا هەیە، لە ئاستی دەربڕینیشدا پێکهاتەیەکی زمانەوانییە و لە سەرەوەی دەقە و رۆڵی لە خەمڵاندنی بابەت و شەقڵپێدانی تێمادا هەیە، هەوڵدەدات کۆد و هێماکانی دەق بکاتەوە و (بینین)ی نووسەرەکە لای خوێنەر رۆشن بکاتەوە» (هەمان سەرچاوەی پێشوو، ٢٦٤). 
هەر بەم پێیە ناونیشان دەربڕینێکی بچووکە، بەڵام واتایەکی گەورە و پڕاوپڕە لە مانا.
ناونیشان چرایە
د. شوانی محەمەد سەبارەت بە ناونیشان دەڵێت: «ناونیشان بریتییە لە ناسنامە و یەکێک لە نیشانە و سیما هەرە دیار و بەرجەستەکانی هەر توێژینەوەیەک، دەستپێک و سەرەتای هەموو توێژینەوەکان بە هەڵبژاردنی ناونیشان دەستپێدەکەن، یان ناونیشان ئەو دەروازە و رێڕەوەیە لێیەوە دەچینە ناو دنیای هەر توێژینەوەیەکەوە، بۆیە هەر چەندە ورد و جوان و دیاریکراو بێت و گوزارشت لە ناوەڕۆکی توێژینەوەکە بکات، هێندەی تر سەرنجڕاکێش تر و بایەخی توێژینەوەکە زیاتر دەکات» (شوانی، ٢٠١٥، ١٨٥) کەواتە ناونیشان وەک چرایەک دەبێتە رۆشنکەرەوەی دەق.
ستاری پیرداود دەڵێت: «ناونیشان لە زۆر دەقدا، بە تایبەتی لە دەقە تازەگەرییەکان و فەنتازییەکاندا، دەبێتە سەنتەر و خاڵی ناوەڕاستی دەق و سەنتەرێکی پڕشنگدارە بۆئەوەی رووناهییەکی تەواو بخاتە سەر پانتایی و فەزای دەق» (عەلی، ٢٠١٧، ٢٦٦). هاوکات جوانی و ئیستاتیکای دەق زۆر گرنگە لە بەرهەمهێنانی توێژینەوەیەکی سەرکەوتوودا.
تانیا ئەسعەد دەربارەی ناونیشان دەڵێت: «ناونیشان دەرگایەکە بۆ چوونە ناو دەقەوە، هەروەها تیشک خستنە سەر دەلالەتی گشت دەقەکە و بەشێک لە فەزای بابەتی دەق پێکدێنێ)) (ساڵح، ٢٠٠٦، ٥٠).
لێرەدا ناونیشان دەبێتە کلیلی ئەو دەرگایەی، کە هەوڵی کردنەوەی دەدەین، کە ناونیشان پەیوەندییەکی توندوتۆڵ دەبەستێت لە نێوان هەموو تەوەرەکانی نێو باسەکاندا، هەروەها ئیبراهیم یونسی دەربارەی ناونیشانی چیرۆک دەڵێت: «ناونیشانی چیرۆک، ناوی چیرۆکە و ناوێکی باشیش بۆ هەرشتێک کە ببێتە هۆی پێشوازیکردن لێی، گرنگە» (عەلی، ٢٠١٧، ٢٦٤). هەر بەم شێوەیە دەبینین چەندین پێناسەی جۆراوجۆر بۆ ناویشان کراوە، بە گشتی ناونیشان تیشک خستنە سەر ناوەڕۆکی دەق و ناسنامەی دەقە.
2- رای هەندێک لە نووسەران سەبارەت بە ناونیشان:
هەڵەبەت چەندین راو بیر و بۆچوونی جیاواز هەن سەبارەت بە ناونیشانی دەقەکان، هەریەکەیان بە جۆرێک گوزارشت لە ناونیشان دەکەن، چونکە دانانی ناونیشان بۆ بابەتێکی زانستی، جیاوازە لەو ناونیشانانەی کە رۆماننووس یان چیرۆکنووس یان شاعیر بۆ بابەتەکانیان دایدەنێن.
لێرەدا هەوڵدەدەین رای چەند نووسەرێک بخەینەڕوو سەبارەت بە ناونیشان بۆ نموونە، غازی فاتح سەبارەت بە هەڵبژاردنی ناونیشان دەڵێت: «ئەگەر لێکۆڵەر قوتابی پلەی باڵا بوو، خەریکی نووسینەوەی نامە بوو، دەبێ پێش هەموو شتێک ئاگاداری ناو و ناونیشان و ناوەڕۆکی ئەو بابەتە بێت، کە بە زمانی وڵاتەکەی خۆی و زمانی وڵاتانی دیکە نووسراونەتەوە و پێشکەش بە زانستگەکان کراون، بۆ وەرگرتنی پلەی خوێندنی باڵا، وەکو ماستەر و دکتۆرا، بۆئەوەی تووشی دووبارەکردنەوە نەبێ و لە دواییدا هەوڵ و کۆششەکەی بەفیڕۆ نەڕوات، بۆ ئەم مەبەستە دەبێ قوتابی پەنا بەرێتە بەر ئەو بیبلیۆگرافیایانەی کە لە چەند وڵاتێکدا درەدەچن، یان ئەو گۆڤارانەی کە ناوی نامەی قوتابیانی پلەی خوێندنی باڵایان تێدا تۆمارکراوە» (ویس، ١٩٩٠، ٥١).
بۆ ئەوەی قوتابی تووشی شکست نەبێت
کەواتە  هەڵبژاردنی ناونیشان کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە، بەڵکو پێویستی بە شارەزایی و ئاگایی هەیە، پێویستی بە بەدواداچوون هەیە بۆئەوەی تووشی شکست نەبێت لە هەنگاوەکانی نووسیندا، هەروەها رای مەجزووب سەبارەت بە ناونیشان دەڵێت: «پێویستە ناونیشان روون و سنووردار بێت، لە بیرۆکەیەکەوە سەرچاوەی گرتبێت و بەڵگەش بێت بۆ ئەو بیرۆکەیە. پێویستە بە وشەی رەسەن و دوور لە وروژاندن و ئەندێشە بنووسرێت، چونکە ناونیشان لە لێکۆڵینەوەی زانستیدا جیاوازە لە ناونیشانی وتاری رۆژنامەوانی کە بەکاردەهێنرێت بۆ ئەندێشەسازیی یان وروژاندن، بەمەبەستی سەرنجڕاکێشانی درێژ بۆ هەندێک بابەت دابنرێت» (مەجزووب، ٢٠١١، ٧٢-٧٣). هەرچەندە ناونیشان جوان و پڕ ئیستاتیکا بێت کەمە، بەڵام دەبێت ئاگاداری وشە بە وشەی هەڵبژاردنی ناونیشان بین، نابێت وشەیەک ببێتە هۆی ورژاندن یان لە نرخی  بابەتەکە کەم بکاتەوە.
 سەبارەت بە ناونیشان لە رۆماندا عەبدوڵڵا ئامێدی دەڵێت: «هەندێ رۆماننووس پێش ئەوەی دەست بە رۆمانەکەی بکات، ناونیشانێک بۆ رۆمانەکەی دادەنێ، بەڵام باشتر وایە لە دوای تەواوبوونی رۆمانەکە ناوێکی کورت و گونجاوی بۆ دابنێت، بێگومان ناونیشانێکی کاریگەر و سەرنجراکێش کە لەگەڵ کڕۆک و ناوەڕۆکی بابەتەکەدا بگونجێ زۆر کاردەکاتە سەر رەوش و خەمڵی رۆمانەکە)) (ئامێد، ١٩٩٧، ١٢).
توانا و سەلیقەی نووسەر
لێرەدا ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین تەنها گرنگی بەو ناونیشانانە دەدات کە لە کۆتایی و لەگەڵ تەواوبوونی بابەتەکەدا دادەنرێت، بەڵام زۆرێک لە رۆماننووسان ناونیشانێکیان بۆ رۆمانەکەیان داناوە و دواتر دەستیانکردووە بە نووسینی ناوەڕۆکی بابەتەکە، سەرکەوتووش بوون لە دانانی ئەم ناونیشانە، کەوایە ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر تواناو سەلیقەی نووسەر لە چۆنێتی و کاتی دانانی ناونیشاندا، ئەوجا پێش دەستپێکی بابەتەکە بێت، یان دوای کۆتایی بابەت، ئەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ لێهاتوویی نووسەر.
«سەبارەت بە رەخنەگرانیش، ناونیشان یەکەم هەنگاوە بۆ چوونە ناو کرۆکی لێکۆڵینەوەکانیان، چونکە ناونیشان هێڵی رۆشنکەرەوەی سەرەکییە بۆ سەرنجە رەخنەییەکان و ئەوانەی ئەو کارە لە ئەستۆ دەگرن، بۆیە ناونیشان رۆڵێکی گرنگی هەیە و دەبێت ناونیشانێکی چاک بێت و پەیوەندییەکی بەتینی بە کرۆکی باسەکەوە هەبێت و لێی دوور نەبێت» (ساڵح، ٢٠٠٦، ٥٠). رەخنەگرەکان ناونیشان دەکەنە کلیلی کردنەوەی دەقەکان، هەر لە ناونیشانەوە هەنگاو دەنێن بەرەو کڕۆکی بابەتەکە و سەرنجەکانیان ورد دەکەنەوە هەر نەگونجانێک لە ناوەڕۆک و ناونیشانەکەدا هەبێت، دەبێتە جێگەی باس و خواسی رەخنەگران.
«قۆناغی هەڵبژاردنی ناونیشان و رووکردنە بابەتێک، بە یەکێک لە قۆناغە هەستیار و کاریگەرەکانی هەر توێژینەوەیەک دادەنرێت، چونکە ناونیشان و قووڵبوونەوە لە بابەتێکی دیاریکراو بۆ توێژینەوە بابەتێکی زۆر چارەنووسسازە و ئایندەی پسپۆڕی و بایەخبەندییەکانی توێژەر دیاری دەکات» (شوانی، ٢٠١٥، ١٨٤). هەڵبژاردنی ناونیشان بەپێی ئاست و بواری توێژەرەکە دیاری دەکرێ، ئەگەر لە ئەدەبدا بوو، دەبێت خۆی ئاستە قووڵەکانی ئەدەبی دەستنیشان کردبێت، ئایا لە پەخشاندا کار دەکات یان لە رۆماندا، یاخود لە چیرۆک یان هەر ژانرێکی دیکەی ئەدەبدا، کە راستەوخۆ پەیوەندیی بە توێژەرەوە هەیە.
حەز و ئارەزوو بۆ بابەتەکە
«یەکەم پێوەر بۆ هەڵبژاردنی هەر بابەتێک، بریتییە لە بوونی حەز و ئارەزوو بۆ بابەتەکە، چونکە قوتابی پێویستە بابەتێک هەڵبژێرێت کە باوەڕی پێی هەبێت و حەزی لێیبێت و پێچەوانەی هزر و بیرو باوەڕی نەبێت، چونکە شەو و رۆژ لەگەڵ بابەتەکەیدا دەژی و تێکەڵ بە خوێنی دەبێت، ئالوودەی گیانی دەبێت و بەسەریدا زاڵ دەبێت، هەموو تواناکانی خۆی تیادا دەخاتەگەڕ بۆ ماوەیەک کە لەوانەیە چەند ساڵێک بخایەنێت. ئەو قوتابییەی لێکۆڵینەوە لە بابەتێک دەکات، ئارەزووی لێی نییە، لە یەکەم هەنگاویدا دەکەوێت و یەکەم کۆسپ کە دێتە رێگەی، پەشیمانی دەکاتەوە، هەر کاتێکیش کە چوو بەلای لێکۆڵینەوەکەیدا پەستی و بێزاری بەسەریدا زاڵ دەبێت، زۆر بە دەگمەن دەگاتە کۆتایی رێگاکە» (مەجزووب، ٢٠١١، ٣٩).
لێرەدا خواست و ئارەزووی خوێندکار یان نووسەر گرنگە لەسەر هەڵبژاردنی ناونیشان بۆ بابەتەکانیان، چونکە حەز و ئارەزووی مرۆڤەکان پەیوەستە بە سەرکەوتنی بابەتەکەوە. «تێزی دکتۆرا، یان ماستەرنامە، یان هەر توێژینەوەیەکی زانستی کە لە کێشەیەک دەکۆڵێتەوە، توێژەر لە هەوڵی چارەسەرکردنیدایە. قۆناغی گەیشتن بەو کێشەیە و دیاریکردنی، یەکەمین و گرنگترین هەنگاوە لە توێژینەوەدا. 
ئەم هەنگاوە زۆر لەوە قورسترە کە خوێندکار چاوەڕوانی دەکات و کاتێکی زیاتریشی پێویستە لەو کاتەی کە بۆی تەرخانکردووە، لەم قۆناغەدا پێویستە توێژەر لەسەرخۆ و بێ پەلەکردن بابەتەکەی هەڵبژێرێت و رەنگە زیاتر لە جارێک بابەتەکە بگۆڕێت تا بە بڕیاری کۆتایی دەگات و لەسەر یەکێکیان جێگیر دەبێت» (بۆکانی، ٢٠١٦، ٤٠) بۆیە زۆرجار دەبینین توێژەر یان نووسەر دەکەوێتە دڵەڕاوکێ و دوودڵییەوە، ئەمەش پێویستی بە کات و پرس و راوێژ هەیە لەگەڵ پسپۆڕان و شارەزایان تا بتوانین ناونیشانێکی سەرکەوتوومان دەستبکەوێت، کە رەنگدانەوەی ناوەڕۆکەکەمان بێت.
نابێ ناونیشان فراوان و گشتگیربێت
هەڵبژاردنی ناونیشان پێویستی بە بیر و ئایدیایەکی فراوان هەیە بە تایبەتی هەر توێژەرێک لە بواری توێژینەوە و ئەزموونەکەی خۆیدا دایدەڕێژێت «واتە هەوڵ و کۆششی فکری و جەستەیی و مادی توێژەر و رادەی پێویستبوونی توێژینەوەکە بەو هەوڵەی کە تیایدا دراوە روون دەکاتەوە بەهۆی ئەو بایەخەی کە هەیەتی» (عەلی، ٢٠٠٦، ٣٣).
د. نەریمان سەبارەت بە ناونیشان دەڵێت: «نابێ ناونیشان فراوان و گشتگیربێت، بەڵکو دەبێ تەسک و دیاریکراو و چڕبێت و بە ئاڕاستەیەکی وادا بڕوات کە قوتابی بەرەو بابەتی دیکە و زانیاریی بەدەر لە بابەتەکە پەلکێش نەکات، نەوەکو تواناکانی قوتابی لاوازبن. بە دەربڕینێکی دیکە ئەگەر قوتابی ناونیشانێکی فراوان و گەورە هەڵبژێرێت، ئەوا ناچار دەبێت بە درێژی بابەتەکە بنووسێت، ئەمەش لە مەبەستە سەرەکییەکەی ناونیشانەکە دووری دەخاتەوە و شپرزەی دەکات» (خۆشناو، ٢٠١٦، ٤٩). 
هەر دەقێکی ئەدەبی پێویستی بە ناونیشانە بۆئەوەی جیابکرێتەوە لە بابەتێکی تر، ئەگەر سەرنج بدەین لە هەر بابەتێک، دەبینین پێویستی بە ناونیشانێکە بۆئەوەی ببێتە ناسنامەی دەقەکە.
3- رێگەکانی هەڵبژاردنی ناونیشان
لە سەرەتای هەڵبژاردنی هەر ناویشاێکدا چەند رێگەیەک هەیە، لێرەدا دوو رێگە دەخەینەڕوو:
ا- هەڵبژاردنی ناونیشان لەلایەن توێژەری زانستییەوە:
لە بارەی هەڵبژاردنی ناونیشان لەلایەن توێژەرەوە «باشترین رێگە و نموونەییترین شێواز لە هەڵبژاردندا ئەوەیە، کە توێژەر خۆی خاوەنی توێژینەوەکەی بێت و تایبەتمەند بێت لە بابەتەکەیدا و زاڵبێت بەسەر پێکهاتە و بەشەکانیدا و خواستی بەرچاوی هەبێت بۆ نووسین لە بارەیەوە، هەڵبژاردنی بابەتی توێژینەوە بە زۆری لە میانەی ماوەی خوێندنی زانکۆدا دەبێت، بە پاڵپشتی خوێندنەوەی چڕوپڕی توێژەر، بە شێوەیەک کە شارەزاییەکی زانستی هەبێت دەربارەی بابەتەکەی و پێکهاتەکانی، پاشان ژمارەیەک بابەت هەڵبژێرێت بۆ توێژینەوەی ماستەر و دکتۆرا، بۆئەوەی کاتی تەواوی هەبێت بۆ پاڵاوتنیان، هەرچەندە هەڵنەبژاردنی بابەتی توێژینەوە لەلایەن توێژەوە لە کاتی خوێندنی زانکۆدا، مانای بێتوانایی و بێدەسەڵاتی توێژەر ناگەیەنێت» (عەلی، ٢٠٠٦، ٢٦).
لێرەدا واتا لەم رێگەیەدا دەبێت توێژەر یاخود نووسەری هەر بابەتێک خۆی ئارەزوومەندانە بتوانێت ناونیشانێک بۆ بابەتەکەی هەڵبژێرێت، چونکە لە کۆتاییدا هەر خۆی نووسیوێتی و ئاگاداری وردەکاریی ناوەڕۆکەکەیەتی، ئەگەر هەڵبژاردنەکە ئارەزوومەندانە نەبوو، رەنگە نووسەری کتێب یان توێژەری زانستی بکەوێتە هەڵەوە یان تاقەتی نووسینی نەبێت، هەر بۆیە باشترە هەڵبژاردن خواست و ئارەزووی لەگەڵدا بێت.
«ناونیشانی کتێب دەبێت هەل و مەرج و مەودای لێکۆڵینەوەی تێدا هەبێت، چونکە ئەگەر ناونیشانی کتێب مەودای کەم بوو، ئەوا دوای ماوەیەکی کەم لێکۆڵەر هەست دەکات کە لێکۆڵینەوەکەی کۆتایی پێهاتووە و دەرگای پەلهاوشتنی تێدا داخراوە، بێ ئەوەی بگات بە ئەنجامێکی تەواو» (ویس، ١٩٩٠، ٥٢) بەم شێوەیە توێژەر زۆر بە وریاییەوە دەبێت ئاگاداری هەموو ئەو کێشانە بێت، کە لە هەڵبژاردنی توێژینەوەکەدا دێتە بەردەمی و دەبێ بە لێهاتوویی و شارەزایی چارەسەریان بکات.
  ب- هەڵبژاردنی ناونیشانی توێژینەوە لەلایەن سەرپەرشتیارەوە
ئەم رێگایە یارمەتیدەرێکی باشی خوێندکارەکانە لەکاتی هەڵبژاردنی ناونیشاندا، چونکە خوێندکار زۆرجار لەم کاتەدا دەکەوێتە دوودڵی و ترس و دڵەڕاوکێوە، ئەمەش وادەکات بڕیاری هەڵبژاردنی ناونیشانی بۆ نەدرێت، بەڵام لەلایەن مامۆستای سەرپەرشتیارەوە ئەم دوودڵی و ترسە دەڕەوێتەوە، یان هەندێک لە خوێندکاران «ئەوانەی کە کات و توانا زانستییەکانیان یارمەتیان نادات لە هەڵبژاردنی بابەتێکدا لەکاتی خوێندنی زانکۆ یان دوای خوێندن. مەرج نییە ئەم شێوازە رێگربێت لەبەردەم هەڵبژاردنی راست و دروستدا، بە پێچەوانەوە رەنگە مامۆستای سەرپەرشتیار ژمارەیەک بابەتی گرنگ و شیاوی لا دەستبکەوێت، ئەوکاتە هەڵبژاردنی بابەتەکە لەلایەن مامۆستای سەرپەرشتیارەوە سەرکەوتوو دەبێت و توێژەر دەتوانێت لەگەڵ مامۆستاکەیدا سەبارەت بە بابەتەکە بدوێت و رابگۆڕێتەوە و چەند وەڵامێکی دیاریکراو و سوودبەخش و پەیوەندیدار بە بابەتەکەیەوە دەست بکەوێت» (عەلی، ٢٠٠٦، ٢٧).
لێرەدا دەبینین مامۆستای سەرپەرشتیار رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی هەیە لە هەڵبژاردنی ناونیشانی بابەتدا، کەواتە دەبێت پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و راستەوخۆ هەبێت لە نێوان مامۆستا و خوێندکاردا، واتا رای هەردوولا زۆر گرنگە و گرنگە رێکەوتن هەبێت بۆ بەرهەمهێنانی توێژینەوەیەکی سەرکەوتوو.
4- مەرج و بنەمای زانستیی ناونیشان
ا- نوێکاریی و داهێنان لە توێژینەوەدا: لە هەڵبژاردنی ناونیشاندا پێویستە ئاگاداری دووبارە کردنەوە بین، چونکە مەرجی ناونیشانی زانستی بریتییە لە تازەیی و داهێنان لە بابەتەکەدا «واتە بابەتەکە نوێ بێت و پێشتر تێیدا نەنوسرابێت، یان تۆمارنەکرابێت و پێشکەش نەکرابێت بۆ بەدەستهێنانی پلەی ماستەر و دکتۆرا، بۆ ئەم مەبەستەش دامەزراوەکان جەخت دەکەنەوە لەسەر بوونی تۆمارێکی تایبەت بە هەر کۆلێژێک لە هەر زانکۆیەکدا کە بابەتەکانی ماستەر و  دکتۆرای تێدا کۆنووس کرابێت، لەوانە پەسەندنەکردنی بابەتی دووبارەیە بە مەبەستی نەهێشتنی دیاردەی دزینی ئەدەبی و زانستی، بۆیە رێگە نادرێت یەک بابەت بکرێتە توێژینەوە بۆ زیاتر لە نامەیەک، یان زیاتر لە توێژەرێک لەیەک بابەتدا بنووسێت، تەنها لەیەک حاڵەتدا دەبێت کە ئەویش تێپەڕبوونی 10 ساڵە بەسەر هەڵسەنگاندنی بابەتەکەدا، ئەم قەدە‌غەکردنەش تەنها لەناو یەک زانکۆدا پەیڕەو دەکرێت)» (هەمان سەرچاوەی پێشوو، ٢٧). 
کەواتە دەبێت ناونیشانەکەمان نوێ بێت، پێشتر نەنووسرابێت و نەسوابێت، تا زیاتریش گرنگی بە تازەگەری بدەین، زیاتر دەچینە پێشەوە، هەربۆیە پێویستە خۆمان لە جووینەوەی بابەتەکان بەدوور بگرین.
توێژەر دەبێ پرسیار لە خۆی بکات
ب- ئارەزوومەندی: هەڵبژاردنی ناونیشان پێویستە خواست و حەزی توێژەری لەگەڵ بێت، واتە «هەڵبژاردنی ئەو ناونیشانە بۆ ئەو خوێندکارە، پێویستە گونجاو بێت بۆ قۆناغەکەی و پێویستە مامۆستاکە بابەتێکی دیاریکراو یان بەشێک لە بابەتە گەورەکە دیاری بکات بۆئەوەی هەموو زانیارییەکان کۆکراوە و چڕ و پڕبن» (الطاهر، ١٩٧٠، ٥٢). کەواتە هەر شتێک لە توانای خویندکاردا نەبوو، ئەوا مامۆستای سەرپەرشتیار هاوکار و یارمەتیدەرە.
«ئارەزوومەندیی مەرجێکی پێویستە و سەرکەوتنی توێژینەوەکەی لەسەر بەندە، توێژەر خاوەنی توێژینەوەکەیەتی و لەو روانگەیەوە کەسێتی زانستی خۆی دەچەسپێنێت، بۆیە پێویستە داهێنانی تێدا بکات و چەند پرسیارێک ئاڕاستەی خۆی بکات لەوانە: ئایا حەزم لەم بابەتەیە و خوازراوە لام؟ ئایا دەتوانم ئەم توێژینەوەیە ئەنجامبدەم؟ ئایا دەکرێت نامەیەک لەم بابەتەوە ئامادە بکەم؟» (عەلی، ٢٠٠٦، ٢٨). 
دوای ئەم پرسیارانە خوێندکار لە وزە و توانای خۆی تێدەگات و بۆی دەردەکەوێت دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر بابەتەکەدا یان نا.
ج- دیاریکردنی وتە (بێژە): خوێندکار دەبێت زۆر ورد بێت لە هەڵبژاردنی وشەکاندا «پێویستە لە بابەتەکەدا ئەو وشانە دیاریبکرێن کە مەبەستەکە رووندەکەنەوە، سەرەڕای دوورکەوتنەوە لە درێژدادڕییەک کە مەبەست نادات بە دەستەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی بابەتەکە رەونەقی خۆی لەدەستبدات.
 لەلایەکی ترەوە نابێت  بابەتەکە ئەوەندە کورت بێت کە مانای خۆی لەدەستبدات» (هەمان سەرچاوەی پێشوو، ٢٩). لە روونکردنەوەی هەر شتێکدا دەبێت هاوسەنگیی بدەی بە باسەکە، نە زۆر درێژ بێت نە ئەوەندە کورت کە واتا نەدات بەدەستەوە.
ئەرکی توێژەر
د- راستی و دروستی: راستگۆیی مەرجێکی سەرەکیی هەڵبژاردنی ناونیشانە، چونکە بە پێچەوانەوە بابەتەکە دەچێتە پلەی تاوانەوە، هەربۆیە «راستەقینەیی لە وەرگرتنی ناونیشانەکەدا پێویستە بۆئەوەی خوێندکار کەسایەتییەکی راست و دروستی هەبێت، دووربێت لەوەی تاوانبار بکرێت بە دزینی بابەتەکە» (الطاهر، ١٩٧٠، ٥٢). چەند راستیی هەبێت لە ناونیشانی بابەتدا، ئەوەندە نزیک دەبێتەوە لە سەرکەوتن.
هـ- روونی و وردەکاری: ناونیشان دەبێت روون بێت دوور بێت لە تەم و مژ و لێڵی، هەروەها ناونیشان دەبێت «وردبێت لە خستنەڕووی بیرۆکەکاندا، کاریگەربێت لە داڕشتن و دەربڕیندا، بە شێوازێکی شیرین و بە بەکارهێنانی وشەی دیاریکراو، کەواتە ئەرکی توێژەر تەنها هەڵبژاردنی ناونیشان یان بابەت نییە، بەڵکو وردەکاریی هەڵبژاردنە لە رووی وتە و دیاریکردنی لە رووی مەبەستەوە بە دەربڕینێکی روون و سەرنجڕاکێش کە هیچ تێکەڵی و ئاڵۆزییەکی تێدا نەبێت» (عەلی، ٢٠٠٦، ٢٩) لە روانگەی هەڵبژاردنی وشەکانەوە، دەبێت وشەکان لە رووی واتاییەوە واتاداربن و واتا سەرەکییەکان بدەن بەدەستەوە.
بابەتی بریقەدار هەڵمەبژێرە
و- سەرچاوە: سەرچاوە مەرجێکی هەڵبژاردنی ناونیشانە، چونکە کەمیی سەرچاوە هەر لە سەرەتاوە گرفت بۆ خوێندکار دروستدەکات، هەربۆیە «پێویستە توێژەر لەو بابەتانە دوور بکەوێتەوە کە سەرچاوەیان دەگمەنە، بۆئەوەی کات و توانای بەفیڕۆ نەدات، لەبەرئەوە پێویست ناکات پەلە بکرێت لە هەڵبژاردنی بابەتی بریقەداردا لە کاتێکدا هەندێک لە زانایان نرخی زانستی نامەکە لە فرە سەرچاوەیی و زۆر خوێندنەوەی ئەو سەرچاوانەدا دەبینین بەتایبەتی سەرچاوە تایبەت و بنچینەییەکان» (هەمان سەرچاوەی پێشوو، ٢٩). کەواتە پێویستە خوێندکار پەنا ببات بۆ ئەو ناونیشانانەی زۆرترین سەرچاوەیان هەیە.
مەرجێکی دیکەی ناونیشانی زانستی ئەوەیە، کە «ناونیشانی توێژینەوە لە شێوەی پرسیاردا دانەڕێژرێت و نەخرێتە روو» (بۆکانی، ٢٠١٦، ٤٥)، کەواتە هێماکانی خاڵبەندیی لە ناونیشاندا ناتوانرێت بەکاربێت وەك نیشانەی پرسیار و کەوانە و داش و سێ خاڵ و ...هتد.
بەشی دووەم: سەرنج و شیکاری چەند ناونیشانێک
هەڵبەتە کاتێک خوێنەر دەستدەکات بە خوێندنەوەی هەر بابەتێک یەکەم شت، کە دەکەوێتە بەر دیدەی و دەیخوێنێتەوە ناونیشانە، هەر ناونیشانیشە سەرنجی خوێنەر رادەکێشێت و پەلکێشی دەکات بۆ نێو ناوەڕۆکی بابەتەکە هەڵبەت ناونیشانەکانیش جۆراوجۆرن، ناونیشان هەیە ئەوەندە سەرنجڕاکێشە هەست و سۆز داگیردەکات، بەڵام کە دەچیتە نێو ناوەڕۆکەکەوە، دەبینیت بێزارکەرە و وا لە خوێنەر دەکات دەستبەرداری خوێندنەوەکە ببێت، ئەمە لەکاتێکدا ناوەڕۆک هیچ پەیوەندییەکی بە ناونیشانەکەوە نەبووە، بە پێچەوانەشەوە ئەو ناونیشانانەی رەنگدانەوەی ناوەڕۆکن خوێنەر رەنگە زیاتر لە جارێک بیانخوێنێتەوە. ناونیشانیش هەیە ئەوەندە ئاڵۆزە، خوێنەر کۆدەکەی بۆ نادۆزرێتەوە، زۆرجار دەکەوێتە بەر دیدەمان ناونیشان لە یەک وشە پێکهاتووە، هەڵبەت مەبەستمان ناونیشانی کتێبە، ئەم وشەیە لێڵی و ناڕوونی بە بابەتەکە دەدات و خوێنەر تا ناوەڕۆکەکەی نەخوێنێتەوە لە ناونیشانەکە تێناگات.
خوێنەر زۆرجار بە ناونیشانی باق و بریق هەڵخەڵەتاوە، چونکە ناونیشان دەلالەتێکە و ناوەڕۆک دەلالەتێکی دیکە، لەڕووی واتاییەوە روونیی تێدا نییە و دەربڕینێکە لەنێو تاریکیدا، یان زۆرجار بەرچاومان دەکەوێت ناونیشان بە زمانێکی دیکە نووسراوە لە کاتێکدا ناوەڕۆکەکە زمانێکی دیکەیە، ئەمەش لە رۆژنامە یان کتێبدا هەندێکجار دەبینرێت، کەواتە ناونیشان شایەنی لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە و باس و خواسە. لێرەدا هەوڵدەدەین چەند ناونیشانێک بخەینە بەر سەرنج و شیکاریی بۆ بکەین، کە هەندێک لەم ناونیشانانە بۆ توێژینەوەی زانستی نابن:
1- لۆزان
هەڵبەت ئەو ناونیشانە ناونیشانی کتێبێکە، بە ناوی (لۆزان) (عەلی، ٢٠١٧، ٢٧٦)، ئەگەر سەرنج بدەین لەم ناونیشانە، دەبینین لە یەک وشە پێکهاتووە، کە پێشتر لە مەرجەکانی ناونیشاندا ئاماژەمان پێکردووە یەک وشە نەگونجاوە بۆ توێژینەوەی زانستی، چونکە ناونیشانەکە بیرو دیدگەمان ئاڵۆز دەکات، چونکە هەر یەکێک لە خوێنەر بەپێی بیر و بۆچوونی خۆی لە ناونیشانەکە دەگات، بەرلە خوێندنەوەی ناوەڕۆک، رەنگە یەکێک رای وابێت لۆزان ناوە، واتا ناوی کچێک یان کوڕێک، رەنگە یەکێکی دیکە رای وابێت  باسی پەیمانی لۆزان دەکات، کاتێک کوردەکان مافیان پێشێلکرا لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، رەنگە رایەکی دیکە هەبێت بڵێت نەخێر ئەمە باس لە شوێن دەکات، واتا لۆزان ناوچەیەکە لە سویسرا. کە خودی ئەم کتێبە باس لە ناوچەی سویسرا دەکات هەڵبەت ناونیشانەکە لێڵی و تەم و مژی تێدا دەبیندرێ، هەربۆیە ئەم جۆرە ناونیشانانە بۆ بابەتی توێژینەوە دەست نادەن، پێویستە توێژەر ئاگاداری ئەم هەنگاوانە بێت. 
بۆ زیاتر تێگەیشتن بڕوانە دیاگرامی تایبەت بە شیكردنەوەی ناونیشانی (لۆزان):
2-شەوانی جاران
ناونیشانی (شەوانی جاران) (مستەفا، ١٩٩٠) ناونیشانی کۆمەڵە چیرۆکێکە، ئەم ناونیشانە لە دوو وشە پێکهاتووە (شەوان) لەگەڵ (جاران) لێرەدا ئەگەر سەرنج بدەین، خوێنەر پەلکێش دەکات بۆ رابردوو، ئەو پرسیارە دروست دەکات، کە شەوانی جاران دەبێت چۆن گوزەرابێت، یەکسەر سەرنجمان دەچێتە سەر سەردەمی باو باپیرانمان، ئەو سەردەمانە مرۆڤ هیچ شتێک نەبووە خۆی پێوە خەریک بکات، بەڵکو کۆدەبوونەوە بۆ شەوچەرە و یاریە جۆراوجۆرەکان، وەک کڵاوکڵاوێن  دەستشکانەوە و دۆمینە و ...هتد. واتە ناونیشانەکە بەڕای هەندێکمان ئەمانە لە خۆ دەگرێت، بەڵام راستیی ناونیشانەکە کۆمەڵە چیرۆکێکە بەسەریەکەوە، کە هەریەک لە چیرۆکەکانی دیکە ناونیشانێکی سەربەخۆیان هەیە جیاواز لەوانی دیکە، بۆ نموونە ناونیشانی یەکێک لە چیرۆکەکانی نێو ئەم کۆمەڵە چیرۆکە بریتییە لە (کچێکی ژیر) ناوەڕۆکی چیرۆکەکەش باس لە کچێکی لێهاتوو زیرەک دەکات، ئایا ئەمە تا چەند یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ناونیشانی چیرۆکە سەرەکییەکە، ئەگەر ئێمە وەک بەش  و پار سەیری بکەین؟ هەرچەند ئەم ناونیشانە هی کتێبە و جیاوازە لە ناونیشانی توێژینەوە، بەڵام مەبەستمانە بیخەینەڕوو، کەواتە بیرو راکانیش جیاوازن سەبارەت بە ناونیشانەکان هەندێکیان لە روانگەیەکی تەسکەوە بیری لێدەکەنەوە، هەندێکی دیکە لە روانگەیەکی فراوانەوە بیری لێدەکەنەوە، هەر بەو پێیەش ئەم ناونیشانە بۆ بابەتی توێژینەوەی زانستی گونجاو نییە.
3- کوێرەوەری
سەرنج و شیکاریمان بۆ ناونیشانێکی دیکە، کە هی کۆمەڵە چیرۆکێکە بە ناوی (کوێرەوەری ) (ئاشنا، ١٩٩٦، ٥٠)، ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین ئەم ناونیشانە لە یەک وشە پێکهاتووە، بەڵام هەڵگری واتایەکی پڕاوپڕە، خوێنەر بیری بۆ ئەرک و ماندوبوون و ئازار و دەرد و مەینەتی هەژاریی دەچێت، هەڵبەت هەریەک لە چیرۆکەکانی ناو ئەم کۆمەڵە چیرۆکە ناونیشانێکی تایبەت بەخۆیان هەیە، بۆ نموونە (خازێ) کە باس لە ژیانی ئافرەتێک دەکات، بۆتە قوربانیی کەلتور و هەژاریی، کە تێدا بێدەسەڵاتی ئافرەت دەخاتەڕوو، ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین هەردوو چیرۆکەکە خاوەنی ناوەڕۆکی تایبەت بە خۆیانن، هیچیان لەوەی دیکە ناچێت، ئەمەش بۆ چیرۆک تا رادەیەک گونجاوە و دەکرێت، بەڵام بۆ ناونیشانی توێژینەوەی زانستی نابێت و نەگونجاوە.
4- نامۆیی لە شیعری کوردیدا:
ئەگەر سەرنجی ئەم ناونیشانە بدەین بەناوی (نامۆیی لە شیعری کوردیدا) (قادر، ٢٠٠٧، ٧١) ناوی توێژینەوەیەکی زانستی زانکۆی سلێمانییە، ئەم ناونیشانە تەواو گونجاوە بۆ توێژینەوەی زانستی، چونکە ئەم ناونیشانە لە سێ بەش پێکهاتووە، هەربەشێکیان پەیوەندیی راستەوخۆی بە ناونیشانەکەوە هەیە، واتە مەرجی ناونیشانی تێدایە، ئەگەر سەرنجی بەشەکانی بدەین، بەشی یەکەمی پێکهاتووە لە دوو پار، پاری یەکەمی چەمک و زاراوەی نامۆییە و پاری دووەمی پێکهاتووە لە جۆرەکانی نامۆیی، هەروەها بەشی دووەمی وەک بەشی یەکەم دوو پارە پاری یەکەمی نامۆیی لە شیعری کلاسیکی کوردیدا و پاری دووەم پێکهاتووە لە نامۆیی لە شیعری نوێی کوردیدا. بەشی سێیەمی پێکهاتووە لە چەند خاڵێک وەک: نامۆیی جوگرافی، نامۆیی سۆزداری، نامۆیی لە بوون، نامۆیی رامیاری. لێرەدا ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین توێژەر زۆر بە ئاگاییەوە ناونیشانی بەش و پارەکانی بەیەکەوە گرێداوە بەبێ ئەوەی بەشێک یان پارێک نەگونجێت لەگەڵ ناونیشانە سەرەکییەکەدا، کەواتە پەیوەندییەکی توندو تۆڵ لە نێوان بەش و پارەکاندا هەیە لەگەڵ ناونیشانە سەرەکییەکە و توێژینەوەیەکی تەواو زانستی و سەرکەوتووە، چونکە هەموو مەرجەکانی ناونیشانی تێدایە.

ئەنجام
1- لە کۆتایی توێژینەوەکەدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی، کە رۆڵ و گرنگیی ناونیشان ئەوەندە زۆرە، پێویستی بە خۆئامادەکردن و وردەکاریی هەیە.
2- ناونیشانی تەمومژاوی و لێڵ کارێکی ئەوتۆ دەکاتە سەر بیر و ئەندێشەی خوێنەر، کە بیر و هۆشی ئاڵۆز دەکات و خوێنەر بەلاڕێدا دەبات.
3- گەیشتینە ئەو ئەنجامەی ئەگەر یەکێک لە مەرجەکانی ناونیشان پشتگوێ بخەین، کەلێن یان بۆشایی دەکەوێتە توێژینەوەکەوە.
سەرچاوەکان بە زمانی کوردی 
ا-کتێب
1- عەلی، رووناک سەلام، (٢٠١٧)، هونەری فەنتازیا، چیرۆکی نوێی کوردی بە نموونە چیرۆکەکانی سابیر رشید و شێرزاد حەسەن، چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر.
2- عنایەت، د. غازی، (٢٠٠٦)، توێژینەوەی زانستی، و، عەلی، د. بەهرە محەمەد، چ٢، چاپخانەی ئارا.
3- شوانی، د. محەمەد، (٢٠١٥) سەرەتایەک بۆ نووسینی توێژینەوە لەکۆمەڵ ناسیدا، چ١، چاپخانەی هێڤی، هەولێر.
4- ویس، غازی فاتح، (١٩٩٠) رێبازی لێکۆڵینەوە، فرع دارالحکمة للطباعة والنشر، هەولێر.
5- مەجزووب، تەڵان، (٢٠١١) رێبازی لێکۆڵینەوە و ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەکی تیۆری و پراکتیکی، و، عەبدول، مەریوان، چ٢، پڕۆژەی کتێبی ئاتاج.
6- مستەفا، بەهادین جەلال، (١٩٩٠)، شەوانی جاران. چاپخانەی الحوادث، بغداد.
بەزمانی عەرەبی: 
1- الطاهر، د. علی جواد، (١٩٧٠) منهج البحث الادبي، مطبعة الحاني، بغداد.
ب- گۆڤار
1- ئامێد، عەبدوڵڵا، (١٩٩٧) رۆمانی پەرستگەری دڵداری لە رووی بنەماکانی (ناونیشان) (نەخشەکێشان) و (کەسایەتییەکان)ەوە، گۆڤاری رامان، ژ١٦، ٥/١٠/١٩٩٧، هەولێر.
ج- نامەی ئەکادیمی
1- ساڵح، تانیا ئەسعەد محەمەد، (٢٠٠٦)، بنیاتی شوێن لە دوو نموونەی رۆمانی کوردیدا (هێلانە-ئەژدیها) هەولێر.
2- قادر، ئارام محەمەد، (٢٠٠٧) نامۆیی لە شیعری کوردیدا، سلێمانی.

ئەگەر توێژەر خۆی ناونیشان هەڵبژێرێت كارەكەی سەركەوتووترە

دیاگرامی تایبەت بە شیكردنەوەی ناونیشانی (لۆزان)

توێژەر دەبێ خۆی بەدوور بگرێت لە هەڵبژاردنی ناونیشانی بریقەدار

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان