جمال میر صادقی
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
2-1
له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی كورته‌چیرۆك (Short Story)یه‌وه هه‌تا ئێستا، له رووی جۆر و جیاوازییه‌كانییه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتری، چه‌ند پێناسه‌یه‌كی بۆ كراوه، كه من گرنگترینی ئه‌و پێناسانه‌م له كتێبی (ادبیات داستانی)(1)دا باسكردووه، لێره‌دا ته‌نیا به‌و پێناسه‌یه ده‌ست هه‌ڵده‌گرم كه له (فه‌رهه‌نگی وێبسته‌ر)دا هاتووه و به‌ڕای من له پێناسه‌كانیتر گشتگیرتره، ده‌ڵێت:
«كورته‌چیرۆك، گێڕانه‌وه‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌ك كورتی داهێنه‌رانه‌یه كه به جۆرێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی كاره‌كته‌ردا ده‌كات كه له ئیشێكی تایبه‌تیدا به‌شدارن و زۆرجار به یارمه‌تی كاریگه‌ریی یه‌كپارچه‌یی، زیاتر ته‌ركیز له‌سه‌ر خوڵقاندنی میزاج (Mood) ده‌كات تا چیرۆك گێڕانه‌وه.»
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌باره‌ت به ماهیه‌تی كورته‌چیرۆك قسه بكه‌ین، ده‌بێت دوو خاسیه‌تی سه‌ره‌كی له‌به‌رچاو بگرین: یه‌كه‌م/ ئه‌وه‌یه بێگومان له كورته‌چیرۆكدا ده‌بێت رووداوێك به‌سه‌ر كه‌سێك یان شتێك بێت و ببێته هۆی گۆڕانكارییه‌ك. دووه‌م/ ئه‌وه‌یه كورته‌چیرۆكی سه‌ركه‌وتوو، له پێكهاته‌ی به‌شه‌كانیدا جگه‌له شیعری گۆرانی، هاوئاهه‌نگتر و یه‌كپارچه‌تره له ژانره ئه‌ده‌بییه‌كانیتر.
خاسیه‌تی یه‌كه‌م، كورته‌چیرۆك له سكێچ (Sketch) جیاده‌كاته‌وه و خاسیه‌تی دووه‌م كورته‌چیرۆك له حیكایه‌ت (Tale) و رۆمان (Novel) جیاده‌كاته‌وه.
چیرۆك باسی رووداو و بارودۆخ و شوێن و كات ده‌كات
جیاوازی بنه‌ڕه‌تی چیرۆك، كه حیكایه‌ت، كورته‌چیرۆك، رۆمانس و رۆمان له لقه‌كانین و لێره‌دا هاوتایه به ئه‌ده‌بیاتی چیرۆك (Fiction) له‌گه‌ڵ سكێچدا، ئه‌وه‌یه كه سكێچ باسی بارودۆخ یان وه‌زع ده‌كات و چیرۆك باسی رووداو و بارودۆخ و شوێن و كات ده‌كات، سكێچ جه‌خت له چۆنێتی شتێك، شوێنێك، كه‌سێك ده‌كاته‌وه و رووداو یان دیمه‌ن یان یه‌ك كاره‌كته‌ر نیشان ده‌دات، چیرۆك جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه روویداوه یان رووده‌دات. له‌م رووه‌وه، سكێچ به‌شێوه‌یه‌كی ده‌ستنیشانكراو لایه‌نی وه‌سفی هه‌یه، به‌ڵام چیرۆك به‌دوای خه‌تی رووداوێكدا ده‌چێت. سكێچ زۆرجار له ده‌وری چه‌قی دیمه‌نێكی رووت یان كاره‌كته‌رێكی رووت ده‌خولێته‌وه و خاسیه‌ته‌كانی ئه‌مانه ره‌سم و وه‌سف ده‌كات، دیمه‌ن و كاره‌كته‌رێك كه خاسیه‌تی نایاب و سه‌رنجڕاكێشیان هه‌بێت. له‌م روانگه‌یه‌وه، سكێچ چیرۆك نییه. كاتێك چیرۆك نه‌بێت، بێگومان كورته‌چیرۆك و حیكایه‌تیش نییه.
چیرۆك گێڕانه‌وه‌ی كاروكرده‌وه یان كارێكی چیرۆكه (Action) كه زۆرجار خاسیه‌تی چالاكی هه‌یه، به‌ڵام سكێچ، وه‌سفی چۆنێتییه و خاسیه‌تی چه‌قبه‌ستووی هه‌یه، بۆنموونه له سكێچدا، ئه‌گه‌ر كاره‌كته‌رێك له ماوه‌ی رۆژێكدا نیشان بدرێت، بارودۆخی له به‌یانی و نیوه‌ڕۆ و شه‌ودا ناگۆڕێت. ئه‌گه‌ر رووداوێكی لێ رووبدات، ته‌نیا خاسیه‌تی سكرتێر و كاره‌كته‌ری نیشان ده‌درێت. ئه‌م كاره‌كته‌ره هیچ له‌م رووداوه فێر نابێت و رووداوه‌كه نابێته هۆی بچووكترین گۆڕانكاری تیایدا. رووداوه‌كه نیشانده‌ری چۆنیه‌تی ئیشی سكرتێره‌كه و كاره‌كته‌ری ئه‌وه، نیشانده‌ری شتێك نییه كه به‌سه‌ری هاتووه و بووه‌ته هۆی گۆڕانی. هه‌ر جارێك ئه‌م رووداوه به‌سه‌ر كاره‌كته‌ریكدا بێت له سكێچدا، هه‌مان كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت، له كاتێكدا له چیرۆكدا هه‌ر رووداوێك به‌لای كه‌مه‌وه ده‌بێته هۆی گۆڕانكارییه‌ك له كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیدا، چونكه هه‌روه‌كو گوترا، (له كاتێكدا كاره‌كته‌ره‌كانی حیكایه‌ت خاسیه‌تی چه‌قبه‌ستوویان هه‌یه). زۆربه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی چیرۆك خاسیه‌تی ئه‌كتیڤی و گۆڕاویان هه‌یه و هه‌ر كردارێك گۆڕانكارییه‌كیان تێدا به‌دی ده‌هێنێت، ئیتر ئه‌م گۆڕانكارییه قووڵ بێت، یان رووكه‌ش بێت، به‌م پێیه، به‌درێژایی كاتی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك، رووداوه‌كه به‌پێی پێداویستی گرێچن (Plot) ده‌گۆڕێت. ئه‌و رووداوه له‌وانه‌یه واقیعی و مێژوویی، دروستكراو و داهێنراو بێت و خاسیه‌تێكی بابه‌تی یان عه‌قڵی هه‌بێت. بۆ نموونه پیاوێك به‌هۆی مردنی كوڕه‌كه‌یه‌وه غه‌مباره. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر باسی غه‌مه‌كه‌ی بكات به درێژایی كاتی گێڕانه‌وه‌كه، گۆڕانكاری له حاڵه‌تی ده‌روونیی پیاوه‌كه‌دا دروست بێت، یانی خه‌م و خه‌فه‌ته‌كه‌ی نه‌مێنێت یان باش بێت، چیرۆكێك خوڵقێنراوه. كورته‌چیرۆكه به‌ناوبانگه‌كه‌ی ئه‌نتوان چیخۆف به ناوی (دڵتەنگی) خاسیه‌تێكی وای هه‌یه، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی پیره‌مێرده عه‌ره‌بانچییه‌كه نه‌چۆته ته‌ویله‌ی ئه‌سپه‌كه‌ی و قسه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كردووه، چیرۆكێك دروست نه‌بووه، به‌ڵام كاتێك له‌گه‌ڵ ئه‌سپه‌كه‌یدا باسی خه‌مه‌كه‌ی ده‌كات، گۆڕانكاریی ده‌روونی تیایدا دروست بووه و چیرۆكه‌كه خوڵقاوه. ئه‌گه‌ر ته‌نیا باس و وه‌سفی حاڵه‌تی ده‌روونیی پیره‌مێرده‌كه بكرایه و دیمه‌نی كۆتایی نه‌بوایه، نووسینه‌كه «سێكچی كاره‌كته‌رێك» بوو نه‌ك كورته‌چیرۆك.
له حیكایه‌تدا شته‌كان له‌ڕاده‌به‌ده‌رن
جیاوازی كورته‌چیرۆك و حیكایه‌ت ئه‌وه‌یه كه رووداوه‌كانی حیكایه‌ت له ده‌وری رووداوی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و له‌ناكاو ده‌خولێته‌وه و باسی رووداو و باردۆخه‌كان به‌گشتی ده‌كات. له كاتێكدا كورته‌چیرۆك باسی ورده‌كاریی رووداو، بارودۆخ و كات و شوێن ده‌كات و باسی خاسیه‌تی تاكه‌كه‌سی و ده‌وونیی كاره‌كته‌ره‌كان ده‌كات.
ئه‌و جیاوازییه‌ی رۆمان له‌گه‌ڵ حیكایه‌تی درێژ و كورتدا هه‌یه‌تی، ئه‌وه‌یه له حیكایه‌تدا شته‌كان له‌ڕاده‌به‌ده‌رن، گریچن لاوازه، گشتگیری و چۆنێتی خه‌سڵه‌ت زاڵه، له رۆمان‌دا خاسیه‌تی ده‌وونزانیی تاكه‌كه‌س و خولق و خوو زاڵه، جیاوازی كورته‌چیرۆك له‌گه‌ڵ رۆمان‌دا، به رووكه‌ش له رووی قه‌باره‌وه‌یه و له‌ناویشه‌وه قه‌باره‌ی مانا و كاتی ئه‌م دوانه له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا له‌به‌رچاو گیراوه، چونكه ناتوانین به‌كورتكردنه‌وه‌ی رۆمان، كورته‌چیرۆك به‌ده‌ست بێنین، هه‌روه‌ها به درێژكردنه‌وه‌ی كورته‌چیرۆك ناتوانین رۆمان بنووسین. هه‌ڵبه‌ته رۆمان و كورته‌چیرۆك هه‌ردووكیان له‌و چۆنایه‌تییه‌دا كه پلۆت یان گرێچن ده‌هێننه ئاراوه، هاوبه‌شن، به‌ڵام جیاوازیی سه‌ره‌كی ئه‌م دوانه له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه له رۆمان‌دا رووداو و شوێنی زۆر، ئه‌م چۆنایه‌تییه ده‌هێنێته ئاراوه و له كورته‌چیرۆكدا هه‌روه‌كو ئه‌دگار ئالان پۆ جه‌ختی لێكردۆته‌وه، ئه‌م چۆنایه‌تییه زیاتر پشتی به كاریگه‌ریی یه‌كپارچه‌یی به‌ستووه. ئه‌دگار ئالان پۆ له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
«ئه‌دیبی شاره‌زا، چیرۆكێك دروست ده‌كات. ئه‌گه‌ر عاقڵ بێت، بیرۆكه‌كه‌ی ناخاته قاڵبێكه‌وه كه له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا بگونجێت، به‌ڵكو كاریگه‌ریی یه‌كپارچه‌ییه دیاریكراوه‌ی كه ده‌بێت ده‌ستیكه‌وێت، به‌ورده‌كارییه‌كی هۆشیارانه‌وه له عه‌قڵدا دروست ده‌كات. ئه‌وسا رووداوه‌كان ده‌خوڵقێنێت و وه‌ها پێكه‌وه گرێیان ده‌دات كه باشترین یارمه‌تی بده‌ن له خوڵقاندنی ئه‌و كاریگه‌رییه‌دا كه له عه‌قڵی خۆیدا هه‌بووه.»
ئه‌گه‌ر رسته‌ی یه‌كه‌می چیرۆكنووس، ئاراسته‌ی به‌دیهێنانی ئه‌و كاریگه‌رییه نه‌كرابێت، له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. له ته‌واوی ده‌قه‌كه‌دا، نابێت هیچ وشه‌یه‌ك به‌كاربهێنرێت كه راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ به‌ره‌و ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی (Design)، كه له‌پێشدا دروستكراوه، ئاراسته نه‌كرابێت. به‌م كه‌ره‌سانه و به‌م ورده‌كاریی و شاره‌زاییه‌وه‌یه كه وێنه‌یه‌ك سه‌ره‌نجام فۆرمه‌ڵه ده‌بێت، له عه‌قڵی نووسه‌ردا كه له دوای ئاشنابوونی به‌هونه‌ر یان ته‌كنیك خوڵقاندوویه‌تی، ئه‌مه‌ش هه‌ستی ره‌زامه‌ندییه‌كی ته‌واو به‌جێده‌هێڵێت.(2)
ره‌گه‌زه‌كانی چیرۆك پێكه‌وه بگونجێن و هاوئاهه‌نگ بن
هه‌ڵبه‌ته ئه‌م حوكمی كاریگه‌ریی یه‌كپارچه‌ییه كه پۆ ده‌یخاته‌ڕوو، ده‌توانرێت وا لێك بدرێته‌وه كه ره‌هایه و قابیلی ده‌سكاری نییه، به‌ڵام وادێته به‌رچاو كه له زۆربه‌ی ئه‌و كورته‌چیرۆكانه‌ی تائێستا نووسراون، كه‌م و زۆر ئه‌و كاریگه‌ریی یه‌كپارچه‌ییه‌یان تێدا هه‌یه. ئه‌م كاریگه‌ریی یه‌كپارچه‌ییه واده‌كات ره‌گه‌زه‌كانی چیرۆك پێكه‌وه بگونجێن و هاوئاهه‌نگ بن، واشده‌كات كورته‌چیرۆك له‌سه‌ر رێڕه‌وی یه‌كپارچه‌یی و پێكه‌وه‌گونجان به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت، له كاتێكدا له رۆمانی سه‌ركه‌وتووی هاوچه‌رخدا یه‌كپارچه‌یی و هاوئاهه‌نگییه‌كی ئاوا به‌دیناكرێت، نووسه‌ر به‌پێویستی نازانێت كه هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی رۆمان به ئاراسته‌ی یه‌ك كاریگه‌ری به‌كاربیهێنێت و زۆرجار كاریگه‌ریی زۆر ره‌گه‌زه‌كانی رۆمان پێكه‌وه گرێده‌دات و یه‌كێتیی هونه‌ری ده‌خوڵقێنێت.
كورته‌چیرۆك گه‌لێك جۆری هه‌یه و هه‌ر نووسه‌رێكی بلیمه‌ت جۆرێكی تازه‌ی هێناوه‌ته ئاراوه. هه‌ڵبه‌ته ژماره‌ی ئه‌و نووسه‌رانه كه‌من و گرنگترینیان و جیاوازترینیان له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێناپه‌ڕێت.
نووسه‌رانێك هه‌بوون له‌ناو كورته‌چیرۆك و چیرۆكی درێژیاندا، هه‌ندێ جار چیرۆكی وا ده‌بینرێت كه تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه، وه‌كو: «مردنی ئیڤان ئیلچ»ی لیو تۆڵستۆی كه ناوه‌ڕۆك (Theme)ی مردن له ژیاندا یان ژیانی مه‌رگ ئاسای له چیرۆكدا به‌كارهێناوه، وه‌كو خۆی به شاكارێك له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. یان ئیڤان تۆرگنیڤ له «یاداشته‌كانی راوچی»دا كورته‌چیرۆك و چیرۆكی جوانی نووسیوه كه له كامڵبوون و گۆڕانی كورته‌چیرۆكدا كاریگه‌ریان هه‌بووه، نووسه‌رانی تریش هه‌بوون له‌ناو به‌رهه‌مه‌كانیاندا چیرۆكی وا هه‌یه كه تازه‌گه‌ری و داهێنانی تیایه. به‌ڵام ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه ده‌توانرێت وه‌كو نووسه‌ره گه‌وره‌كانی كورته‌چیرۆك ناویان بهێنرێت ئه‌مانه‌ن: نیكۆڵای ڤاسیلی گۆگۆڵ، ئه‌دگار ئالان پۆ، گی دی موپاسان، ئه‌نتوان چیخۆف و ئه‌رنێست هه‌مه‌نگوای. نووسه‌رانی تریش هه‌بوون جۆره كورته‌چیرۆكێكیان هێناوه‌ته ئاراوه كه پێش ئه‌وه له وێنه‌ی نه‌بووه. ئه‌مانه‌ش بریتین له: مه‌كسیم گۆڕكی، جه‌یمس جۆیس، ئۆ. هێنری، فرانس كافكا، شروود ئه‌ندرسۆن، رینگ لۆردنێر، ئه‌رنێست هه‌مه‌نگوای، بۆرخیس و جی. دی. سالێنجه‌ر.
ئه‌دگار ئالان پۆ و گۆگۆڵ سه‌رقافڵه‌ن. كورته‌چیرۆك له سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵچووی بلیمه‌تی ئه‌وانه‌وه ئاوی خواردۆته‌وه، ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی ئه‌م دوو نووسه‌ره له‌سه‌ر نووسه‌رانی دوای خۆیان به‌جێیانهێشت، زۆر زۆره. ئه‌م دوو نووسه‌ره هه‌ر یه‌كه‌یان بنیاتنه‌ری جۆرێك كورته‌چیرۆكن.
په‌راوێز:
1- ادبیات داستانی، كتێبێكی جمال میر صادقیه. چه‌ند جارێك چاپ بووه.
2- Arthur Voss: The American Short Story. Oklahoma,1973.p.67.
سه‌رچاوه: جهان داستان غرب/ جمال میر صادقی.