زیرەکیی دەستکرد و هونەر...

10:45 - 2024-02-26
دووتوێ
148 جار خوێندراوەتەوە

ئا: بەختیار سەعید


زیرەکیی دەستکرد (AI) لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینیووە، لە زۆربەی بوارەکانی ژیاندا ئامادەیی هەیە، پەیوەندییەکی زۆر سەرنجڕاکێشی بە هونەرەوە گرێداوە، بەتایبەتی هونەری نیگارکێشان.
لەم بابەتەدا هەوڵدەدەین لە نزیکەوە ئاوڕێک لە هێزی داهێنەرانەی زیرەکیی دەستکرد بدەینەوە، بە فرەلایەنیی پەیوەندییە سەرنجڕاکێشەکانیيەوە.

ناساندنی زیرەکی دەستکرد و هونەر
پێش ئەوەی قووڵتر بچینە ناو پەیوەندیی نێوان زیرەکیی دەستکرد و هونەرەوە، گرنگە لە بنەماکانی تێبگەین، کە ئاماژەیە بۆ توانای ئەو ئامێرانەی لە جێبەجێکردن و فێربوونی پڕۆسەی بیرکردنەوەدا، هاوشێوەی مرۆڤ کار دەکەن، لەسەر بنەمای ئەلگۆریتمەکان دامەزراون و لە توانایاندایە داتاکان شیبکەنەوە و ئەنجامی لێ دەربهێنن.
بەکارهێنانی AI لە هونەردا رەهەندێکی داهێنەرانە و نوێی خوڵقاندووە بۆ هونەرمەند، کە دەتوانین سوود لە تواناکانی وەربگرین بۆ باشترکردنی کارەکان و گەڕان بە شوێن فۆڕمێکی دیکە و نوێی هونەردا.
پێشکەوتنی زیرەکیی دەستکرد لە ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێرەوە تا سیستمی ناسینەوەی دەنگ، هەنگاوی ناوە. بەهەمان شێوە لە جیهانی هونەریشدا ئەگەری ئەوە هەیە بۆ دروستکردن و لێکدانەوەی بەرهەمە هونەرییەکان شۆڕشی لێ بکەوێتەوە.
ئەمە بۆخۆی یەکێکە لە لایەنە سەرنجڕاکێشەکانی ناسینەوە و لێکدانەوەی هەستەکانی مرۆڤ. لە رێگەی بەکارهێنانی ئەلگۆریتم و فێربوونی ئامێرەوە، واتە ئامێرەکان دەتوانن فێری ناسینەوە و بەرهەمهێنانەوەی هەستەکانی مرۆڤ ببن لە بەرهەمە هونەرییەکاندا، ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆئەوەی بەرهەمێک دروست بکەن کە کاردانەوەیەکی سۆزداریی بەهێزی هەبێت لەلایەن بینەرەوە و بینەر بورووژێنێت.

پێناسە و بنەماکانی زیرەکیی دەستکرد
لە زیرەکیی دەستکرددا چەمکەکانی وەک فێربوونی ئامێر، تۆڕە دەمارییەکان و ئەلگۆریتمەکانی ناسینەوەی نەخشەکان کاری بنەڕەتین. فێربوونی ئامێر ئاماژەیە بۆ توانای ئامێرەکان لە فێربوونی داتاکان و باشترکردنی کارامەییان بە پشتبەستن بە ئەزموون.
تۆڕە دەمارییەکان بریتین لە مۆدێلێکی کۆمپیوتەریی لەسەر بنەمای چەمکی مێشکی مرۆڤ دامەزراون و لە توانایاندایە نەخشەکان بناسنەوە و زانیارییەکان پرۆسێس بکەن، ئەلگۆریتمەکانی ناسینەوەی نەخش بۆ دیاریکردنی نەخشە تایبەتەکان بەکاربهێنرێن.
نموونەیەک لە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بریتییە لە : ناسینەوەی وێنە، بە بەکارهێنانی ئەلگۆریتمەکانی ناسینەوەی نەخش، ئامێرەکان دەتوانن فێری ناسینەوە و پۆلێنکردنی هەندێک شت بن لە وێنەدا، ئەمەش لە بوارە جیاوازەکانی وەک پزیشکی و ئاسایش و هونەردا بەکاردەهێنرێن.

رۆڵی زیرەکیی دەستکرد لە هونەردا
تێکەڵکردنی زیرەکیی دەستکرد و هونەر دەرفەت و ئاستەنگی نوێ دروست دەکات، دەتوانێت یارمەتی هونەرمەند بدات بۆ فراوانکردنی توانا داهێنەرەکانی و دۆزینەوەی فۆڕمی نوێی دەربڕین، یاخود یارمەتیدەر بێت لە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە هونەریيەکانی بە تێڕوانینێکی نوێ، بەڵام پرسیارێک دەورووژێنێت، ئەویش: ئایا ئەو بەرهەمانە وەک کاری رەسەن دەخوێنرێنەوە؟ یاخود چ کاریگەرییەک لەسەر هونەرمەند بەجێدەهێڵن؟ یان بە پێچەوانەوە، چۆن پێناسەی هونەر دەکرێت لە کاتێکدا ئامێرەکان توانای دروستکردنی بەرهەمێکیان هەیە کە نزیکە لە تواناکانی مرۆڤ و ناتوانرێت جیابکرێنەوە؟ 
ئەم پرسیارانە کەمێک ئاڵۆزن، پێویستیان بە توێژینەوە و پشکنینی فراوانە، گرنگە هونەرمەندان، تەکنۆلۆجیستەکان، رەخنەگران و بینەران خۆیان عەوداڵی وەڵامی ئەم پرسیارانە بن.
لایەنێکی دیکەی سەرنجڕاکێشی زیرەکیی دەستکرد لە هونەردا. توانای شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە هونەرییەکانە، لە رێگەی بەکارهێنانی ئەلگۆریتمەکانەوە ئامێرەکان دەتوانن کارە هونەریيەکان شیبکەنەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر شێواز و تەکنیک و پەیامی هونەرمەند، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی تێگەیشتن و قەدر زانینی بەرهەمە هونەریيەکان.

پەیوەندیی نێوان زیرەکیی دەستکرد و نیگارکێشان
تەکنۆلۆجیا کارێکی کردووە کە ئامێرەکان نەک تەنها شیکاری و هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمە هونەریيەکان دەکەن، بەڵکو لە توانایاندایە رەنگیش دابنێن و لاسایی ستایلە جیاوازەکانی نیگارکێشان بکەنەوە و بەرهەمی هونەریی ناوازەش دروستبکەن.
ئەلگۆریتمەکانی فێربوونی زیرەکیی دەستکرد، بڕێکی زۆر لە داتاکانی وێنە شیدەکەنەوە و تایبەتمەندیی شێوازە جیاوازەکانی نیگارکێشان فێردەبن، ئەمە رێگەیان پێدەدات بەرهەمی هونەريی دروست بکەن کە نزیک بێت لە کاری مرۆڤ و جیانەکرێتەوە.
تەکنۆلۆجیای پشت
زیرەکیی دەستکرد لە نیگارکێشاندا
تەکنۆلۆجیای پشت زیرەکیی دەستکرد لە نیگارکێشیدا لە رادەبەدەر ئاڵۆزە، ئەلگۆریتمەکانی زیرەکیی دەستکرد زانیاریی وێنەکان شیدەکەنەوە و نەخشەکان دەناسنەوە و فێردەبن چۆن ئەم نەخشانە لە بەرهەمە هونەریيەکانی خۆیاندا بەکاربهێننەوە، وەک بەکارهێنانی تۆڕە دەمارییەکان، ئەم تۆڕانە لە دەماری دەستکرد پێکدێن، کە پێکەوە گرێدراون و دەتوانن زانیاری پڕۆسێس بکەن، بە راهێنانی ئەو تۆڕە دەمارییانە لەسەر بڕێکی زۆر لە وێنە، رەنگە بتوانن بەرهەمی هونەریی ئەوتۆ دروستبکەن کە شێوازی کۆمەڵێک داتای راهێنان وەربگرن.

بۆچوونی رەخنەگران 
لەکاتێکدا بە پەرۆشەوە پێشوازی لە پەیوەندیی نێوان زیرەکیی دەستکرد و هونەر دەکرێت، بەڵام بۆچوونی رەخنەگرانیش گرنگە، هەندێکیان پێیانوایە هەڕەشە لە رەسەنایەتی و ناوازەیی داهێنانە هونەرییەکان دەکات، ترسیان لەوەیە کە رەنگە ئامێرەکان بتوانن چەند کارێک دروست بکەن، نزیک بێت لە کارەکانی مرۆڤەوە و نەتوانرێت لە یەکدی جیا بکرێتەوە، ئەمەش بەهای داهێنەرانەی مرۆڤ دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام هونەرمەندان دەتوانن خۆیان توانا داهێنەرەکانیان فراوانتر بکەن و فۆڕمی نوێی دەربڕین بدۆزنەوە تا لەگەڵ ئەم تەکنۆلۆجیا نوێیەدا رووبەڕووی ئاستەنگ نەبنەوە، گرنگە لە کاتی تێکەڵکردنی زیرەکیی دەستکرد لەگەڵ هونەردا، لایەنە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان لەبەرچاو بگیرێن و داهێنانەکانی مرۆڤ بپارێزرێن.

سیستم دزی ناکات
ئێستا بەرنامەیەکی ئاسان هەیە بۆ بەکارهێنان بە ناوی (ChatGPT) کە دەتوانێت لە رێی نووسینی دەقێکەوە کارێکی هونەریی جێبەجێ بکات، ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی هەوڵەکانی هونەرمەندانە و ناڕەزایی زۆری لێکەوتۆتەوە و دەڵێن ئەم سیستمە دزیمان لێدەکات، بەڵام بۆچوونی پێچەوانەش هەیە وەک کریستۆڤەر جۆن سپریگمان پسپۆڕی مافی کۆپیکردن لە زانکۆی نیویۆرک دەڵێت: سیستمەکان دزی ناکەن، تەنها فێردەبن، پاشان بە ستایلی هەندێک هونەرمەند رەنگ دەڕێژن، ئەمە هیچ کێشەیەکی یاسایی لەسەر نییە، ئەگەر ئامێرێک بە داتا فێرکرابێت و توانای ئەوەی هەبێت بەو شێوەیە نیگار بکێشێت، دەبێت چ کێشەیەکی تێدابێت؟ بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئەمە دەتوانێت چ دەرئەنجامێکی بۆ خودی داهێنان تێدابێت ئەگەر پڕۆسەی داهێنان لە چەمکەکەی دابماڵین؟ 
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی داهێنەر ئەوەیە کە تێڕوانینەکانی سنووردار و تاکەکەسین، بەڵام ئەم ئامێرە هیچ سنوورێک ناناسێت، ئەمەش وای لێدەکات داهێنەر بێت، ئەگەر چەمکی داهێنەر بیگرێتەوە.
سنوورداربوونی هونەر لای مرۆڤ ئەو سنوورانەش دەگرێتەوە کە خۆیان هەڵیدەبژێرن، هونەرمەندیش بەو کارە لە قاڵب دەدرێت کە نایەوێت کارەکانی بە ئاگاییەوە بکات.

کارێکی هونەری دیجیتاڵی

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان