هاوڕێیەتی كەسانی سەیروسەمەرە

كەسانی سەیروسەمەرە بناسە، بەڵام مەبە بەیەكێك لەوان

09:39 - 2024-02-27
ئابووری
233 جار خوێندراوەتەوە

رۆڵف دۆبێڵێ
لە فارسییەوە: محەمەد كەریم


47

بە فەرمانی فریشتەكان و رێنمایی پیاوانی پیرۆزی خوداوەند، ئێمە باروخ سیپۆنزا (Baruch de Espinoza) بەنەفرەت دەكەین و لە كۆڕ و كۆمەڵی خۆمان دەیكەینە دەرەوە. لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە نەفرەتی خوای لێبێت. نەفرەتی لێبێت كاتێ خەوتووە و كاتێ لە خەو هەڵدەسێت. نەفرەتی لێبێت كاتێك دەچێتە جێگایەك و كاتێ لەوێ دەڕوات. هەرگیز خودا نایبەخشێت. ئێمە فەرمان دەدەین هیچ كەسێك  قسەی لەگەڵ نەكات و نامەی بۆ نەنووسێت، هیچ كەسێك نابێت تەنانەت بچووكترین رەحمیشی پێبكات یان تەنانەت لەژێر یەك سەقفدا لەگەڵیدا بمێنێتەوە. هەروەها خوێندنەوەی نووسین و بەرهەمەكانی قەدەغەیە.
سزای کۆمەڵگا
بەپێی ئەم فەرمانە كە لە ساڵی 1656 نووسراوە، دەقە ئەسڵییەكەی زۆر درێژترە و تیایدا سزای قورستر لەبەرچاو گیراوە، سپینۆزای 23 ساڵ لە كۆڕ و كۆمەڵی جولەكە لە ئەمستەردام دەركراو وەكو كەسێكی بێگانە ناساندیان، هەرچەندە هیچ سووكایەتییەكی ئاشكرای بە كۆمەڵگای جولەكە نەكردبوو. شێوازی بیركردنەوەی شۆڕشگێڕانە و ئازادانەی لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامی حزبدا جیاواز بوو، ئەوان نەیاندەتوانی حزووری تەحەمول بكەن، بەڵام ئەمڕۆ سیپۆنزا بە یەكێك لە گەورەترین فەیلەسوفانی هەموو سەردەمەكان لە قەڵەم دەدرێت.
لەوانەیە ئەو حوكمەی كۆمەڵگای جولەكە بۆ سیپۆنزای بڕییەوە ئەمڕۆ بەلامانەوە سەرنجڕاكێش بێت، بەڵام سیپۆنزای بێنەوا قەت ئەو حوكمەی بە سەرنجڕاكێش و بەویژدانانە لە قەڵەم نەداوە. گریمان هەموو كەسانی باڵا و خاوەن دەسەڵات لە رۆژنامەیەكی تیراژ زۆردا بە نەفرەتت بكەن و خراپ باست بكەن لەسەر تابلۆكانی ریكلام وێنەت بڵاوبكەنەوە و شتی ناشیرینی لەسەر بنووسن، لە هەموو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا شتی خراپت لەسەر بنووسن، تەنانەت بەوەشەوە نەوەستن و سیخوڕ بخەنە ناو خەڵكەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر قسەت لەگەڵ كردن یان داوای شتێكت لێكردن بەتوندی سزات بدەن.
ئەگەر ئەندامی یانەیەكی بازرگانی بیت، دەزانیت كە ئەندامێتی تیایدا دەتوانێت تا چ رادەیەك بەسوود بێت بۆت. لە راستیدا بەخۆڕایی مافی بەكارهێنانی هەموو شتەكانی یانەكەت دەبێت، دەتوانیت لەسەر كورسییەكانی سەرخەو بشكێنیت، دوا ژمارەی گۆڤارە گرنگەكان لەسەر مێزەكانێتی، لەوێ هەمیشە كەسێك پەیدا دەبێت كە تایبەتمەندیی ئاكاری لێتەوە نزیك بێت و چێژ لە هەڵسوكەت لەگەڵی ببینیت. لە راستیدا هەموو شتێك بۆ ئیسراحەتی تۆ ئامادەكراوە و دەتوانیت چێژ لە خزمەتگوزارییەكانی ببینیت.
تاک و گروپ
زۆربەی خەڵك ئەندامی یەك تا چەند گروپێكن، بۆ نموونە كارمەندان لە دائیرە و كۆمپیانیاكان، قوتابیان لە قوتابخانە، پڕۆفیسۆران لە زانكۆ و هاووڵاتیانی وڵاتێك هەموویان ئەندامی گروپێك یان كۆمەڵگایەكن و دەتوانن سوود لە ئیمتیازەكانی ببینن. وێڕای ئەوەش ئێمە بەرەبەرە خوو بەو گروپانەوە دەگرین كە تیایدا ئەندامین و هەست دەكەین كەسێك ئاگای لێمانە.
بەڵام هەمیشە كەسانێك هەن كە ناتوانیت بە ئەندامی هیچ گروپێك حسابیان بۆ بكەیت. هەندێك جار ئەوان خۆشیان نایانەوێت ئەندامی هیچ گروپێك بن یان لە هەندێ حاڵەتدا ئەوانیش وەكو سیپۆنزا لەو گروپە یان لەو كۆمەڵگایە دەكرێنە دەرەوە. زۆربەی ئەو كەسانە شێتن. هەڵبەتە ئەمە سەبارەت بە هەموویان راست نییە. تەنانەت لەوانەیە هەندێك لەوانە كەسانێك بن كە بە ئایدیاكانیان جیهان بگۆڕن و زۆر لە پێشكەوتنە بەرچاوەكان لە بواری زانست، ئابووری و كەلتوردا بەهۆی ئەم كەسانەوە بووە. 
کەسانی ئازاد
بۆ نموونە ئەنیشتاین لە هیچ زانكۆیەك وەكو مامۆستا قبووڵ نەكرا، بۆیە ناچار بوو وەكو كارمەندێكی ئاسایی لەو نووسینگەی تۆماری داهێنانەی لە بێرن (Bern) بوو، ئیش بكات و لە كاتی دەستبەتاڵیدا تیۆری رێژەیی گشتی و تایبەتی خۆی بۆ جیهانی فیزیا خستەڕوو كە  لەو بوارەدا بووە هۆی شۆڕشێكی گەورە. دوو سەدە پێش ئەنیشتاین، نیوتن یاسای راكێشانی زەوی پەرەپێدا و لقێكی تازەی لە بیركاریدا بنیات نا. لە هەمانكاتدا لەو شوێنەی كە نیوتن سەرقاڵی ئیش بوو، ترینیتی كۆلیجی كەمبریج 
(Trinity College, Cambridge) بەهۆی بڵاوبوونەوەی تاعونی (خەیارە)وە داخرابوو، بۆیە ناچار بوو لە شار دوور بكەوێتەوە و لە كەناری شار بژی. چارلس داروین توێژەرێكی سەربەخۆ بوو، قەت بۆ لێكۆڵینەوەكانی لە دامەزراوەیەك یان زانكۆیەك پارەی وەرنەدەگرت و قەت وەكو مامۆستا لە هیچ زانكۆیەك وانەی نەگوتەوە. مارگرێت تاچەر
(Margaret Thatcher)یش كە وەكو بەتواناترین سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ناسراوە، ژنی ماڵەوە بوو كە بەبێ هیچ باكگراوندێكی سیاسی و ئەندامێتی لە هیچ گروپێكدا هاتە مەیدانی سیاسەتەوە. ژانری مۆسیقای جاز لەلایەن كەسانێكی ئاساییەوە كە ئەندامی هیچ گروپێك یان ئۆرگانێك نەبوون هاتۆتە ئاراوە، ئەمە سەبارەت بە مۆسیقای پۆپیش راستە. كەسانی دیاری وەكو كلایست (Kleist)، نیتشە (Nietzsche)، تۆڵستۆی (Tolstoy) ،سۆلجینتسین (Solzhenitsyn) و گاگاین ئەندامی هیچ گروپ یان دەستەیەكی تایبەتی نەبوون. هەڵبەتە من مەبەستم نییە سەبارەت بە رۆڵی ئەوانە لە مێژوودا و ئەو كاریگەرییانەی لە مێژوودا هەیانبووە زیادەڕەوی بكەم (بڕوانە بەشی 41). ئەگەر ئەمانە نەبوونایە بێگومان كەسێكی دیكە شوێنی دەگرتنەوە و هیچ ئیشێك لەسەر زەوی نەدەمایەوە، بەڵام بەهەرحاڵ ئەزموون ئەوەی سەلماندووە ئەو كەسانەی سەر بەهیچ ئۆرگانێك نین ئاسایی كەسانی خێراترن و لە ئەنجامدا باشتر و خێراتر لەو كەسانەی كە لەناو كۆت و بەندی پەیڕەو و نەریتی گروپ و كۆمەڵگاكەیاندان دەتوانن كار لە دنیا بكەن.
ئەمانە بەنیسبەت كەسانی ترەوە باڵادەستییەكی تاكتیكیان هەیە: ئەمانە پابەندی بڕیاری پێشوەختە نین كە دەست و پێیان بگرێت و خێرایی پێشكەوتنیان كەم بكاتەوە. ئەمانە ئایدیاكانی خۆیان بە سۆفتوێری فریودەر بەڵام قەشمەریاتی پاوەرپۆینت دەرنابڕن و سلایدی  گاڵتەجاڕ دروست ناكەن و بە ئاسانی بڕیار و یاسای لەپێشدا دەستنیشانكراو نادیدە دەگرن و بۆ خۆنیشاندان لەژێر فشاردا نین، لەبەرئەوەی نیگەرانی دەركردن نین و حاڵی حازر خراونەتە كەنارەوە. بۆ نموونە ئەو كەسەی ئەندامی هیچ حزبێك نییە ئیتر ترسی لە دەركردن نییە و بە ئاسانی بیروباوەڕی خۆی دەردەبڕێت.
تێگەیشتنی راستی
یەكێكی تر لە باڵادەستی ئەوان ئەوەیە كە نەبوونی لایەنگیری بۆ هیچ حزب یان گروپێك دەبێتە هۆی ئەوەی تێگەیشتنێكی راستیان سەبارەت بە چواردەوری خۆیان هەبێت و بە ئاسانی لە ناكۆكی و كەموكووڕییەكان تێبگەن، بەڵام كەسانی دی لەوانەیە بەهۆی لایەنگری كوێرانەوە نەتوانن راستییەكان ببینن، سەرەڕای ئەوە ئەم كەسانە قووڵترن و تەمسیلی رۆشنبیری ناكەن و قسەكانیان پایە و بنەمایەكی تایبەتی هەیە.
لەوانەیە كەسانێكی زۆر بیانەوێت لاسایی ئەوان بكەنەوە، بەڵام من رێنماییت دەكەم خۆت لەوە بەدوور بگرە، لەبەرئەوەی ناچار دەبیت فشاری بێڕەحمانەی كۆمەڵگا تەحەمول بكەیت و كەسانێك بەقورسی و بەبێ هیچ بەزەییەك رەفتارت لەگەڵ دەكەن. لە راستیدا هەموو كەسە تایبەتەكان بەجۆرێك لەلایەن كەسانی ترەوە گاڵتەیان پێكراوە و ستەمیان لێكراوە، لەبەرئەوەی ئەم كەسانە ملكەچی یاسا و پرەنسیپەكان نەبوون و هەوڵیان داوە بە رێگای خۆیاندا بڕۆن، تەنیا ژمارەیەكی كەم لەمانە سەردەكەون و باقیەكەیان ورد و خاش دەبن. لە راستیدا ژیانی ئەم جۆرە كەسانە تەنیا بەكەڵكی دروستكردنی فیلم دێت، ئەگەر خۆت بتەوێت ئەمە تاقیبكەیتەوە بارودۆخێكی قورست دەبێت.
چەند بنەمایەكی گرنگ
هەوڵبدە پەیڕەوی رێبازێكی تایبەت بكەیت، چونكە لەو حاڵەتەدا كەسەكان زیاتر حسابت بۆ دەكەن و دەتوانیت سوود لەو شتانە وەربگریت كە دەیخەنە بەردەستت، كێشە نییە هاوڕێییەتی كەسانی تایبەت بكە و سوود لە شێوازی بیركردنەوە و ئایدیاكانیان وەربگرە، بەڵام لەوانەیە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵیاندا ئەوەندە ئاسان نەبێت. بەهەرحاڵ چەند بنەمایەك هەیە كە خراپ نییە پەیڕەویان بكەیت:
1- هەوڵ مەدە ماستاویان بۆ بكەیت و بەقووڵی بەهایان بۆ دابنێ.
2- لە پێگەی دەسەڵات و لووتبەرزییەوە قسەیان لەگەڵ مەكە، چونكە بەلای ئەوانەوە جیاوازی نییە تۆ دكتۆرات هەیە یان سەرۆكی كۆمپیانیایەكیت.
3- پەلەمەكە. ئاسایی ماوەیەكی دەوێت هەتا ئەم جۆرە كەسانە متمانەت پێدەكەن و رووت دەدەنێ. ئەمانە ئاسایی زۆر گوێ بە رووكەشی خۆیان نادەن، لەوانەیە جلوبەرگی خراپ لەبەربكەن یان پیس و پۆخڵ بێنە بەرچاو.
4-  هەوڵ مەدە یەكلایەنە پێشنیازی هاوڕێتیان بۆ بكەیت و ئەوان لە ئایدیاكانی خۆت بەهرەمەند بكەیت یان پارەیان بدەیتێ.
ئەگەر بتوانیت لە رەفتارتدا هاوسەنگی رەچاو بكەیت لەوانەیە بتوانیت لە ئایندەدا سوودی لێ ببینیت. هەروەكو چۆن ستیڤ جۆبز و بیل گەیتس توانیان ببن بە ئەندامی گروپ و ئۆرگانی جیاواز، بەڵام لە هەمانكاتدا پەیوەندی خۆشیان لەگەڵ كەسانی تایبەتدا كە ئایدیای تایبەتیان هەیە بپارێزن و سوودی لێببینن، هەڵبەتە لەم ماوە زەمەنییەدا بە دەگمەن دەتوانیت بەڕێوەبەرێك پەیدا بكەیت كە بەو شێوەیە پەیوەندی لەگەڵ كەسانی تایبەتدا بپارێزێت، لەوانەیە یەكێك لەو هۆكارانەی كە كۆمپانیا جیاوازەكان لە ئایدیا خاڵی دەبن و ئیشەكانیان دووبارە دەبێتەوە ئەوە بێت.
بەهەرحاڵ باشتروایە تابلۆی ڤان كوخ 
(Van Gogh) بەدیواری ماڵەكەتدا هەڵبواسیت، بەڵام هەرگیز هەوڵ نەدەیت ڤان كوخ بیت، هەڵبەتە هەتا دەتوانیت هەوڵ بدە لەگەڵ كەسانی زیندووی وەكو ڤان كوخدا هاوڕێیەتی بكەیت لەبەرئەوەی ئایدیا و باوەڕی نوێی ئەوان یارمەتیت دەدەن كە ژیانت لە یەك ریتمی دەربێنیت و بەرەو ژیانێكی باش رێنماییت دەكەن.

سەرچاوە: هنر خوب زیستن ص258-263

باروخ سیپۆنزا

بابەتە پەیوەندیدارەکان