ئا: جه‌واد حه‌یده‌ری
له‌وانه‌یه سه‌ده‌ی 21، به سه‌ده‌ی زێڕینی تیۆری پیلانگێڕی له قه‌ڵه‌م بدرێت، هه‌رچه‌ند مێژووی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه زۆر كۆن نییه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی 20، به‌ڵام له ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه، چووەتە قۆناغێكی دیكه‌وه،پاش ئه‌وه‌ی كه جۆن كه‌نه‌دی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مریكا تیرۆر كرا.
ئێستا لایه‌نگرانی تیۆری پیلانگێڕی له‌هه‌موو شوێنێك ده‌بینرێن، هه‌ندێك پێیانوایه ئه‌مه به‌شێكه له وه‌هم، به‌ڵام وا نییه، له‌سه‌رده‌می ئینته‌رنێتدا هه‌ر جۆره بیروڕایه‌كی سه‌یر و سه‌مه‌ره به خێرایی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كاندا بڵاو ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مانێک كه‌سێك له به‌ریتانیا وتبای كه بنه‌ماڵه‌ی (مه‌لیك) مارمێلكه‌ن له‌ناو جه‌سته‌ی مرۆڤدا، نه‌ك كه‌س باوه‌ڕی ده‌كرد و زه‌مینه‌یه‌كی له‌باریش له ئارادا نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیه بڵاوبێته‌وه، به‌ڵام ئێستا به كلیككردنێك، هه‌ر جۆره ده‌نگۆیه‌ك له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بڵاودەبێته‌وه.
دیارده‌ی كاریگه‌ری تۆڕ
هه‌رچه‌ند ئه‌مڕۆ كارگه‌ی ده‌نگۆسازی و دروستكردنی ده‌نگۆ له‌چاو جاران كه‌م چالاك نییه، به‌ڵام گه‌یاندنی په‌یام بۆ كه‌سه‌كان زۆر ئاسان و خێرا و چالاك بۆته‌وه. هاوكاتیش دیارده‌یه‌ك هاتۆته ئاراوه كه ناویان ناوه دیارده‌ی (كاریگه‌ریی تۆڕ)، به‌و مانایه كه به‌های هه‌رشتێك گرێدراوه به زۆربوونی به‌كارهێنرانه‌كه‌ی. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه ته‌نها شتی باش ناگرێته‌وه، به‌ڵكو شتی خراپیش به هه‌مان راده و ره‌نگه زیاتریش بڵاوبێته‌وه. هه‌رچه‌ند ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پڕوپاگه‌نده و بانگه‌شه بۆ تیۆری پیلانگێڕی ده‌كه‌ن زیاتر بێت، خه‌ڵكانێكی زیاتر بۆ ناو تۆڕه‌كه په‌لكێش ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش سروشتی راسته‌قینه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه.
دۆڕاو و براوه هه‌ردوو پیلانگێڕی ده‌كه‌ن
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا تیۆری پیلانگێڕی گه‌شه‌یه‌كی پتر له راده‌ی كردووه، به شێوه‌یه‌ك كه تیۆرییه‌كه ته‌نها تایبه‌ت به براوه‌كان نین، به‌ڵكو دۆڕاوه‌كانیش كه‌وتوونه ناو داوه‌كه و ئه‌وانیش بۆ شاربه‌ده‌ركردنی نه‌یارانی خۆیان به‌كاری ده‌هێنن. بۆ نموونه دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆك كۆماری پێشووی ئه‌مریكا له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌مریكادا هه‌میشه به توندترین شێوه‌یه و له‌رێگه‌ی تیۆری پیلانگێڕی دژی باراك ئۆباما سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا قسه‌ی ده‌كرد و ده‌نگۆیه‌كی زۆری له دژی ئۆباما بڵاوکردەوە و به‌رده‌وام ده‌یوت ئۆباما له ئه‌مریكا له دایك نه‌بووه. شوێنی له‌دایكبوونی ئۆباما یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین و باوترین ئه‌و ده‌نگۆیانه بوون كه نه‌یاره‌كانی ئۆباما له‌دژی ئه‌و به‌كاریان ده‌هێنا، به تایبه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێشتر ده‌نگیان به ئۆباما نه‌دابوو، تره‌مپ و لایه‌نگرانی به‌جۆرێك ئه‌و ده‌نگۆیانەیان دروست ده‌كرد، كه ده‌نگده‌رانی ئه‌مریكا تێبگه‌یه‌نن كه ئۆباما ناتوانێت نوێنه‌ری ئه‌وان بێت و ئه‌و پیاوی وڵاتانی تره. سه‌یر له‌وه‌دایه تره‌مپ دوای ئه‌وه‌ی كه بوو به سه‌رۆكی ئه‌مریكاش، ده‌ستی له ده‌نگۆ دروستكردن له‌دژی نه‌یاره‌كانی به تایبه‌تی ئۆباما هه‌ڵنه‌گرت، ته‌نانه‌ت ئه‌وكاته‌ی كه له كۆشكی سپی جێگیر بوو و به ره‌سمی بوو به سه‌رۆك، به‌رده‌وام باسی له تیۆری پیلانگێڕی ده‌كرد و رایده‌گه‌یاند كه ده‌نگی ده‌نگده‌ره‌كانی دزراون و له میدیاكانی ئه‌و وڵاته به ئاشكرا و به به‌رده‌وامی قسه‌ی ناڕاست و ده‌نگۆی بڵاوده‌كرده‌وه، ئه‌وه ئه‌مه ده‌ردەخات كه تره‌مپ هه‌رچه‌ند براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه بوو، به‌ڵام به شێوازی دۆڕاوه‌كان هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كرد و ئه‌مه‌ش جۆرێك راكێشانی سۆزی خه‌ڵك و دڵنه‌واییكردنی لایه‌نگره‌كانی بوو. هه‌ر بۆیه له سه‌ده‌ی 21 دا هه‌ندێك جار براوه‌كانیش هه‌مان ره‌فتار و ئاكاری دۆڕاوه‌كان له خۆیان نیشان ده‌ده‌ن و جۆرێك خۆیان ده‌رده‌خه‌ن كه گوایه سته‌م و غه‌دریان لێكراوه.
پیلانگێڕیی ناوخۆیی
له حكومه‌ته دیكتاتۆرییه‌كاندا دارێژه‌رانی تیۆری پیلانگێڕی هه‌میشه له‌ناو خودی سیستمه‌كه‌دان و به به‌رده‌وامی باس له بوونی پیلانگێڕی له‌دژی خۆیان ده‌كه‌ن، تیۆری پیلانگێڕی بۆ قوربانییه‌كانی سیستمه پاوانخوازه‌كان هیچ بایه‌خێك له‌به‌رچاو ناگرێت، چونكه له‌و جۆره سیستمانه‌دا توندوتیژی و فریو و ته‌ڵه‌كه‌بازی شتێكی باوه و بۆ شاردنه‌وه نابێت. بۆیه هه‌ندێك پێیانوایه له سیستمی دیموكراسیشدا ده‌رفه‌ت و مه‌جال بۆ تیۆری پیلانگێڕی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه دیموكراسی تێیاندا زاڵه، تیۆری پیلانگێڕی ناتوانێت سه‌ركه‌وتوو بێت چونكه له‌وه‌ها سیستمێك‌دا درۆ و فرت و فێڵ جێی نابێته‌وه و رای گشتی قبوڵی ناكات. هه‌رچه‌ند ده‌وترێت كه تیۆری پیلانگێڕی له بنه‌ڕه‌تدا بۆ دۆڕاوه‌كانه، به‌ڵام زۆرجار براوه‌كانیش هانای بۆ ده‌به‌ن.
به‌پێی نوێترین راپرسییه‌ك كه به‌مدوایانه له به‌ریتانیا كراوه ده‌ركه‌وتووه لایه‌نگرانی هه‌میشه‌یی تیۆری پیلانگێڕی ئه‌و كه‌سانه‌ن كه هه‌ست ده‌كه‌ن بۆ هه‌میشه له ده‌سه‌ڵات بێبه‌شكراون و سیستم هیچ بایه‌خێك بۆ ئه‌وان دانانێت و ده‌نگی ئه‌وانیش هیچ سوودێكی نابێت.
یه‌كێك له كۆنترین و باوترین دروشمه‌كانی ئانارشیسته‌كان ئه‌وه بوو كه ده‌یانگوت: (جیاوازی نییه ده‌نگ به كێ ده‌ده‌یت، چونكه حكومه‌ت هه‌میشه براوه‌یه).
یه‌كێك له كێشه گه‌وره‌كان سه‌باره‌ت به تیۆری پیلانگێڕی ئه‌وكاته‌یه كه دۆڕاوه‌كان ببن به زۆرینه، ئه‌مه له‌كاتێكدا كه تیۆری پیلانگێڕی كاری كه‌مینه‌یه، به‌ڵام كه تیۆری پیلانگێڕی له كه‌مینه‌وه بۆ زۆرینه گۆڕا، ئه‌وكات كێشه گه‌وره‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. چونكه له‌وه‌ها حاڵه‌تێكدا تیۆری پیلانگێڕی ده‌بێت به ستراتیژی زاڵ، ئه‌مه‌ش هه‌موو كۆمه‌ڵگه ده‌گرێته‌وه به شێوه‌یه‌ك كه ئیتر براوه و دۆڕاو هیچ جیاوازییه‌كی نامێنێت.
بۆ نموونه له توركیا هه‌میشه هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته له‌دژی نه‌یاره سیاسییه‌كانی خۆیان ئه‌وه بووه كه نه‌یاره‌كان خه‌ریكی پیلانگێڕین و ئه‌مه‌ش خۆی جۆرێك له سه‌رقاڵكردنی خه‌ڵكه. به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته پیلانگێڕان ته‌نها نابه‌ستنه‌وه به گروپی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن و لایه‌نگرانی، به‌ڵكو جاری وا هه‌یه یه‌كێتیی ئه‌وروپا و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی به نه‌یاری هه‌میشه‌یی خۆیان ده‌زانن.
له‌گه‌ڵ تیۆری پیلانگێڕی جاری واشه پۆپۆلیزم كه خۆی دیارده‌یه‌كی نوێ نییه تێكه‌ڵ ده‌بێت، چونكه له كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراسیدا جاری وا هه‌یه به هۆی هه‌ندێك حاڵه‌ت و هه‌لومه‌رجی وه‌ك قه‌یرانی دارایی جۆرێك ده‌رفه‌ت بۆ پۆپۆلیسته‌كان و تیۆری پیلانگێڕی دێته ئاراوه.
بۆ نموونه كاتێك له‌هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌مریكا له ساڵی 1896 كاتێك كه «ویلیا‌م جنیگز برایان» كاندیدی دیموكراته‌كان بوو، هه‌رچه‌ند نه‌یتوانی سه‌ربكه‌وێت، به‌ڵام له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌موو نیشانه‌كانی پۆپۆلیستی ده‌بینرا، به رای ویلیا‌م هه‌موو سه‌ركرده‌كانی پێشووی حزبه‌كه‌ی به دوژمنی خه‌ڵك ده‌زانی و له رۆژنامه‌كاندا قسه‌ی ده‌كرد كه هیچ لەگه‌ڵ راستیدا یه‌كیان نه‌ده‌گرته‌وه، به تایبه‌تی ئه‌و قسانه‌ی كه له‌باره‌ی ئابوورییه‌وه ده‌یكرد و قسه‌ی شاره‌زایان و پسپۆڕانی ئابووری به پیلانگێڕی وه‌سف ده‌كرد رایده‌گه‌یاند، ئه‌وه پیلانگێڕییه‌كانی شاره‌زایانی ئابوورییه كه خه‌ڵكی به‌م دۆخه‌كه گه‌یاندووه و هاوكات وڵاتی بیانی سه‌باره‌ت به خراپی دۆخی ئابووری تۆمه‌تبار و سه‌ركۆنه ده‌كرد.
سه‌باره‌ت به تیۆری پیلانگێڕی ده‌كرێ بوترێت كه پیلانگێڕی هه‌م هۆكاری هاتنه‌سه‌ركاری حكومه‌ته و هه‌م هۆكاری كه‌وتنی حكومه‌تیشه.
میدیا و رۆڵی پیلانگێڕی
به‌كارهێنانی میدیا به تایبه‌تی تویته‌ر له بڵاوكردنه‌وه‌ی پیلانگێڕییه‌كان رۆڵی هه‌یه، بۆ نموونه نارندرا مۆدی(Narendra Modi) سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستان لانیكه‌م به راده‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا تویته‌ری بۆ كوتانی نه‌یارانی خۆی به‌كار ده‌هێنێت و هه‌میشه له‌و رێگه‌وه نه‌یارانی به تۆمه‌تی پیلانگێڕی بۆ له‌ناوبردنی حكومه‌ته‌كه‌ی تۆمه‌تبار ده‌كات، هه‌ندێك له نه‌یارانی ناوخۆیی و زلهێزانی ده‌ره‌كی، هاوكاتیش نه‌یاران و به‌رهه‌ڵسه‌تكارانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هیندستانیش به‌رده‌وام له‌رێگه‌ی میدیاوه سه‌رقاڵی درۆ و ده‌نگۆن له‌دژی سه‌رۆك وه‌زیران و تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن به پیلانگێڕی.
سه‌رچاوه:
كتاب پایان دموكراسی ، دیوید والتر رانسیمن