عیماد یوسف
له عه‌رەبییه‌وه: یاسین ئه‌حمه‌د خدر
به‌ره‌به‌یانێكی جیاواز بوو، ئه‌و به‌ره‌به‌یانه به‌ده‌نگی بارانێكی پایزی به‌خه‌به‌رهات، ناڕه‌حه‌ت به‌خه‌به‌رهات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ژێر بارێكی قورس‌دا بێت، گوێی له ده‌نگی سه‌عاتی دیواری ژووری دانیشتنه‌كه بوو، كه تائێستاش هه‌ر له‌م ژووره ده‌مێنێته‌وه، هه‌رچه‌نده له ژووری نووستنه‌كه سیسه‌مێكی گه‌وره‌شی لێیه و هه‌موو پێداویستییه‌كانی له‌وێیه، به‌ڵام به ده‌گمه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و سیسه‌مه سارده ده‌خه‌وێت.
حاڵه‌تێكی چه‌سپاوی سه‌یره، تێكه‌ڵبووه به خۆشه‌ویستی، كه له نێوان ئه‌و و قه‌نه‌فه‌كه‌یدا له ژووری دانیشتن دروستبووه و به‌رده‌وامه! ده‌نگی خوله‌ك ژمێره‌كه به‌رگی بێده‌نگیی ئه‌و شوێنه‌ی شكاند، چرك، چرك، چرك، دوای ساتێك ده‌نگی هه‌ندێك ئاگاداركردنه‌وه له مۆبایله‌كه‌یدا تێكه‌ڵ به‌یه‌كبوون، له‌گه‌ڵ ده‌نگی سه‌عاته‌كه‌دا باڵیانكێشا به‌سه‌ر ئه‌و ناوه‌دا، مۆبایله‌كه‌ی گرت به‌ده‌ستییه‌وه، نامه‌كانی (وه‌تسئاپ)، ده دانه، هه‌ندێكی له‌و هاوڕێیانه‌یه‌وه بوو كه ماوه‌یه‌كی زۆره نه‌یبینیون، هه‌رچه‌نده له هه‌مان گه‌ڕه‌ك نیشته‌جێن، سێ نامه‌یان پیرۆزبایی یادی له‌دایكبوونی بوو، ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش شتێكی وا نه‌بوون.
_ چه‌ند رقم له نامه‌یه! (به بێزاری وتی).
مه‌سنجه‌ریش له واتس‌ئاپ باشتر نه‌بوو، ده‌یان نامه: لێدوان، پیرۆزبایی، كۆمێنتی فه‌یسبووك، هه‌ندێك ئاگاداركردنه‌وه كه هیچیان نه‌ده‌گه‌یاند، زۆرێك له نامه‌كانی پیرۆزبایی به‌بۆنه‌ی یادی له‌دایكبوونییه‌وه بوو، كه زۆربه‌یانی به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی نه‌ده‌ناسی، هاوڕێی گریمانه‌یی بوون، جیهانێكی گریمانه‌یی، واده‌رده‌كه‌وێت كه رۆژی له‌دایكبوونیشم رۆژێكی گریمانه‌یی بێت (به‌گاڵته‌وه وتی)، پاشان مه‌سنجه‌ری داخست و ئیمێله‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان تویته‌ر و دواتر ئینستاگرام...
هه‌ستی به شڵه‌ژاوییه‌كی زۆر كرد و دای له مێشكی، مۆبایله‌كه‌ی فڕێ‌دا، به زمانی حاڵ ده‌یوت (ناهێڵم ئه‌مڕۆ هیچ شتێك سه‌رم لێبشێونێت، گه‌یشتوومه‌ته په‌نجا ساڵ، نه‌فره‌ت له رۆژگار!!) ئه‌مه‌ی وت و به شڵه‌ژاویی خۆی بوارد له‌و قسانه، په‌نجا ساڵ تێپه‌ڕیوه ناوم ده‌هێڵمه‌وه تا نامێنێت، و به‌رواری له‌دایكبوونم تا له‌ناوچوون، ئه‌و هێنده‌ی لێم ماوه‌ته‌وه به‌سمه.
رۆیشت بۆ چێشتخانه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌روه‌ك رۆژان قاوه‌كه‌ی ئاماده‌بكات، هه‌وڵیده‌دا لاشه‌ی كۆنترۆڵ بكات و به‌ملاولادا نه‌كه‌وێت، دوای ئه‌وه‌ی ده‌موچاوی شت و هه‌ستی به‌كه‌مێك ئاسووده‌یی كرد، ته‌مه‌ڵیی خه‌و و بێهێزییه‌كه‌ی نه‌ما، به‌ڵام هێشتا هه‌ر بێزار بوو، بۆ ساتێك هه‌ستی كرد كه ئه‌و پاڵه‌وانه‌یه كه هه‌رگیز رۆژێك نه‌به‌زیوه، به‌ڵام شكستی هه‌موو شه‌ڕ و شۆڕه‌كان ئه‌مڕۆ بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ رۆژی شكستی گه‌وره بێت.
به‌ته‌نیشت ئه‌و ده‌رگایه‌ی ده‌چوو بۆ چێشتخانه‌كه، ئاوێنه نه‌فره‌تییه هه‌ڵواسراوه‌كه بوو، كۆن و پیس، نیوه شكاو، به‌ڕاستی نازانێت كۆتاجار كه‌یبوو سه‌یری ئه‌و گه‌مژه‌یه‌ی كردووه، سیماكانی ده‌موچاوی ده‌رده‌خات كه ساڵانی ته‌مه‌ن چرچولۆچی كردووه، ته‌نها ئاوێنه‌كه‌یه كه بیری ده‌خاته‌وه شتێك هه‌یه ناوی كاته، خوله‌ك ژمێره‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكات جارێكی دیكه بێده‌نگی شوێنه‌كه‌ی نه‌هێشت!.
ئاوڕیدایه‌وه بۆ سه‌عاته‌كه، دواتر بۆ ئاوێنه‌كه، ده‌موچاوی لێ نزیككرده‌وه خه‌ریك بوو به‌ریه‌ك ده‌كه‌وتن، به‌نه‌فره‌ت بێت... ئه‌و هێڵانه‌ی ئاوێنه‌كه‌ی پڕكردووه و له‌سه‌ر رووی من شكاوه له كوێوه هاتووه، هیچ شتێكی تێدا نییه له من بچێت، له‌وانه‌شه له هیچ نه‌چێت جگه له من، من ئه‌و شته‌م، یان ره‌نگه خودی هیچ بوونێك بێت! (ئه‌مه‌شی وت)، پاشان چاوی كه‌وته سه‌ر ئه‌و كاغه‌زه سپییه زۆرانه‌ی له‌سه‌ر مێزه‌كه كه‌ڵه‌كه ببون و پێنووسێكی تۆزاوی له‌لایه‌وه كه‌وتبوو، بۆ ساتێك بیری چووه‌وه كه ئه‌و نووسه‌ره، له‌خۆی پرسی: ئه‌م كاغه‌زه سپیانه چی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر كتێبخانه‌كه‌م؟ سپیاییه‌كه‌ی چه‌ند دڵخۆشم ده‌كات! زۆر سه‌یره كه رۆژێك ئه‌رنێست هه‌مه‌نگوای وتویه‌تی: (كاغه‌زی سپی له‌سه‌ر كتێبخانه‌كه‌م من ده‌كوژێت)، به‌ڵام من: ئه‌م كاغه‌زانه وایان لێهاتووه دڵخۆشم ده‌كه‌ن... (ده‌نگی خوله‌ك ژمێره‌كه گه‌ڕایه‌وه و ئه‌و ناوه‌ی پڕكرد).
ژاوه‌ژاوێك له سێبه‌ری بێده‌نگییه‌كی ته‌واودا باڵیكێشا به‌سه‌ر خانووه كۆنه‌كه‌دا، به‌سه‌ر رۆحی به‌بیابانبوویدا، ده‌نگه‌ده‌نگێك له هه‌موو شتێكه‌وه: چرك... چرك...
چووه چێشتخانه‌كه‌وه، قاوه‌یه‌كی ئاماده‌كرد... دوو كوپی به‌تاڵی هێنا، پاشان روویكرده ژووری دانیشتن... هه‌ردوو كوپه‌كه‌ی پڕكرد، هه‌ر كوپێكی له‌سه‌ر لایه‌كی مێزه‌كه دانا، جگه‌ره‌یه‌كی داگیرساند... دواتر قه‌ڵه‌مه‌كه و كاغه‌زێكی سپی هه‌ڵگرت، نووسی:
(قاوه‌كه‌م ده‌خۆمه‌وه، من و جگه‌ره‌كه‌م، دوو كوپ قاوه... ته‌نها بۆ خۆم!...)
•سه‌رچاوه:
گۆڤاری الشارقة الثقافیة، ژماره (88)، شوباتی (2024)