كاروان عومه‌ر
1
به‌رده‌وام ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كات و نامه له‌سه‌ر نامه‌ی بۆ ده‌نێرێت. تا خڵته‌ی شه‌و له‌بنی پیاڵه‌ی سه‌حه‌ردا ده‌نیشێت، له هه‌وڵی په‌یوه‌ندیكردندایه و له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌ڵێت: چی ده‌بێت خودا موعجیزه‌كه‌ی یونس دووباره بكاته‌وه!؟
ئیدی تاراكه‌ی له‌سه‌ر ده‌نێ و ده‌بێته بووكی ده‌ریا و به ناو ناخی ئیجه‌دا رۆده‌چێت. بن به‌رد و ژێر تاشه‌به‌رده‌كان ده‌گه‌ڕێ و له ده‌رگای یه‌ك به یه‌كی ماڵی ماسییه‌كان ده‌دات و لێیان ده‌پرسێت، خاوه‌نی ئه‌م وێنه‌یه‌تان نه‌بینیوه؟ دواجار لێره‌وه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گرتم!
2
ئه‌و پیاوه‌ی به ملپێچێكی سوور و قژێكی درێژه‌وه كه له شكڵ و شێوه‌ی بتهۆڤن ده‌چوو، هه‌موو رۆژێك به‌رله خۆرئاوابوون بۆ چه‌ند خوله‌كێك به‌ده‌م كه‌مانچه‌ژه‌نینه‌وه گۆرانی بۆ كۆتره‌كانی ناو پاركه‌كه ده‌چڕی، شه‌وی رابردوو به ته‌قه‌ی خۆشی كوژرا، ئیتر له‌مه‌ودوا كێ گۆرانی بۆ كۆتره‌كان ده‌ڵێ؟
3
له ژوورێكی بچووكی شێداردا، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سدا بوو. ته‌نها له‌گه‌ڵ خۆی قسه‌ی ده‌كرد، ئاخر ئه‌وانی تر ته‌نها ناوبوون كه له‌سه‌ر دیواری ژووری زیندانه‌كه نووسرابوون، دوای چه‌ند رۆژێك ئه‌ویش بوو به ناوێك له ناوه‌كانی سه‌ر دیواره‌كه.
4
جووڵه‌ی به سوپاكه كرد، هێرشیان كرده سه‌ر هێزی به‌رامبه‌ر، به‌ڵام شكستیان خوارد. پاشان چه‌كه‌كانیان پاكرده‌وه بۆ هێرشێكی دیكه.
سه‌ربازێك به توانجه‌وه به فه‌رمانده‌كه‌ی وت: گه‌وره‌م چه‌كه‌كه‌ی تۆ پاكردنه‌وه‌ی ناوێت!
5
له رۆژی جیهانی دایكدا، مامۆستا به خه‌تێكی گه‌وره له‌سه‌ر ته‌خته‌ڕه‌شه‌كه‌ی ناو پۆڵه‌كه نووسی: به‌هه‌شت له ژێر پێی دایكاندایه.
دواتر مامۆستاكه رووی كرده‌وه قوتابییه‌كان و وتی: بۆ به‌رز را‌گرتن و شكۆی دایكان به چه‌ند دێرێك پێناسه‌ی دایك بكه‌ن.
یه‌كێكه له قوتابییه‌كان وتی: مامۆستا ئه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سێك دایكی نه‌بێت، چی؟
6
ده‌مه‌و ئێواره‌یه‌ك، مردن وای به پیاوێك وت: ته‌واو!
كاتژمێره‌كه‌ی ده‌ستت فڕێ بده!.