و/ جه‌واد حه‌یده‌ری
چه‌ند وڵاتێكی دراوسێی ئه‌فغانستان به مه‌به‌ستی رێگریكردن له لێشاوی كۆچه‌ران و نەبوونی ئاسایش لە سنووره‌كانی خۆیاندا به‌ربه‌ست و پشتێنه‌ی ئه‌منی له‌دژی ئه‌فغانستان دروست ده‌كه‌ن ئه‌مه له كاتێكدا پاكستان کە یه‌كه‌مین وڵات بوو له ساڵی 2017 وه ده‌ستی به دروستكردنی ئه‌و پشتێنه ئه‌منییه كردووه و ئێستاش پڕۆژه‌كه روو له ته‌واو بوونه، ئه‌مه له‌كاتێكدا كه پاكستان ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌فغانستانی له‌باره‌ی دروستكردنی ئه‌و پشتێنه ئه‌منییە پشتگوێ خستووه.
به‌مدوایانه شاره‌زایانی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له راپۆرتێكی 23لاپه‌ڕه‌ییدا نیگه‌رانی خۆیان له نزیكبوونه‌وه‌ی دووباره لە نێوان تالیبان حكومڕانی ئێستای ئه‌فغانستان و ئه‌لقاعیده ده‌ربڕیوه و هاوكات له‌م راپۆرته‌دا چه‌ندین راپۆرتی شیكاری پێشووی لیژنه‌ی سزاكانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دووباره بۆته‌وه كه پوخته‌ی راپۆرتی وڵاتانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه سه‌باره‌ت به نائه‌منییه‌كانی ئه‌فغانستان. بوونی هه‌زاران چه‌كداری جیهادی بیانی له ئه‌فغانستان و په‌یوه‌ندی ئه‌و چه‌كدارانه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی تالیبان وایكردووه كه هێرشه‌كان بۆ سه‌ر وڵاتانی دراوسێی ئه‌فغانستان زیاد بكات و ئه‌و وڵاتانه‌ش ناچارن له دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ئه‌فغانستان و دووباره به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی جڵه‌وه‌ی سیاسه‌ت له ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن سنووره‌كانی خۆیان قایم بكه‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ركام لەو وڵاتانه به شێوازی جیاواز پشتینه‌ی ئه‌منی به‌ده‌وری سنووره‌كانی خۆیان دروستبكه‌ن، ئه‌مه له‌كاتێكدایه به‌رپرسانی تالیبان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له خاكی ئه‌فغانستانه‌وه هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له وڵاتانی دراوسێ ناكرێت و ئه‌وان به رێككه‌وتنه‌كه‌ی مانگی ئازاری 2020 كه له ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر له گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان كردوویانه پابه‌ندن. ئه‌مه له‌كاتێكدا كه ئێران و پاكستان به سه‌دان كیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان هه‌یه و تا ئێستا چه‌ندین جار پاسه‌وانانی سنووری ئه‌فغانستان له‌گه‌ڵ پاسه‌وانانی سنووری ئێران و پاكستان تووشی پێكدادان بوون و كوژراو و برینداری لێكه‌وتۆته‌وه.
به‌پێی ئاماره‌كانی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچه‌ران ته‌نها له ساڵی 2021 و 2022، سێ ملیۆن و 600 هه‌زار هاووڵاتی ئه‌فغانی به‌هۆی خراپی بارودۆخی وڵاتەوە وه‌ك په‌نابه‌ر روویان له سنووره‌كانی ئێران و پاكستان كردووه.
ئێران: داخستنی سنووره‌كان ئه‌وله‌ویه‌تی نیشتمانییه
له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا ئێران به به‌رده‌وامی باسی دروستكردنی به‌ربه‌ستی فیزیكی كردووه له‌سه‌ر سنووری وڵاته‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له لێشاوی په‌نابه‌رانی ئه‌فغان و هه‌روه‌ها رێگری له بازرگانی و گواستنه‌وه‌ی ماده‌هۆشبه‌ره‌كان بكات.
به‌مدوایانه فه‌رمانده‌ی هێزی وشكانی سوپای ئێران له سه‌ردانێكیدا بۆ ناوچه سنوورییه‌كانی ئێران و ئه‌فعانستان رایگه‌یاند: به‌ربه‌ستێكی 74 كیلۆمه‌تری له‌سه‌ر سنووری نێوان دوو وڵات له لایه‌ن ئێرانه‌وه دروستده‌كرێت و ئه‌مه‌ش ئه‌وله‌وییه‌تێكی نیشتمانییه بۆ پاراستنی سنووره‌كان. ئه‌مه له‌كاتێكدا كه ئێران 921 كیلۆمه‌تری سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان هه‌یه و پێشتریش چه‌ندین به‌ربه‌ستی دیكەی له‌سنووری سیستان و بەلوچستان دروستكردبوو.
ئێران پێشتر رایگه‌یاندبوو كه پێنج ملیۆن ئاواره‌ی ئه‌فغانی له ئێران نیشته‌جێن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كه بزوتنه‌وه‌ی تالیبان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌فغانستانی گرته‌وه ده‌ست، ژماره‌ی ئاواره‌كانی زیاتر بووه و به پێی ئاماری میدیاكانی ئێران ئێستا ژماره‌ی ئاواره‌كان هه‌شت ملیۆن كه‌س مه‌زه‌نده ده‌كرێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه عه‌بدوڵڵا مۆبینی سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی كۆچه‌رانی ئێران رایگه‌یاندووه، ته‌نها له 11 مانگی رابردوودا نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن په‌نابه‌ری نائاساییان ره‌وانه‌ی ئه‌فغانستان كردۆته‌وه. ئێران جگه له پرسی كۆچه‌ران، له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌كانی گروپه جیهادییه‌كانی وه‌ك داعش له سنووری ئه‌فغانستان رووبه‌ڕوو بۆته‌وه.
پاكستان به ته‌واوه‌تی سنووره‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان به‌ربه‌ست ده‌كات
پاكستان دوو هه‌زار 640 كیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شی له ئه‌فغانستان هه‌یه و له 10 ساڵی رابردوودا پڕۆژه‌ی به‌ربه‌ستكردن و پشتێنه‌ی ئه‌منی له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان ده‌ستپێكردووه و ئێستا ئه‌و پڕۆژه‌یه له ته‌واوبووندایه.
به‌رپرسانی پاكستان هه‌میشه جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه گروپه جیهادییه‌كانی( تالیبانی پاكستان) ناسراو به( تی تی پی) بنكه‌كانیان له ئه‌فغانستان دروستكردووه و له‌ڕێگه‌ی خاكی ئه‌و وڵاته‌وه هێرش ده‌كه‌نە سه‌ر هێزه‌كانی پاكستان و خاكی ئه‌و وڵاته بۆ دژایه‌تیكردن به‌كار ده‌هێنن.
پاش ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه حكومه‌تی ئه‌فغانستان كه‌وته‌وه ده‌ست بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان، هێرشی چه‌كداره نه‌یاره‌كانی پاكستان له دژی ئیسلام ئاباد زیادی كردووه و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی به‌رپرسانی پاكستانی لێكه‌وتۆته‌وه و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد كه له‌مانگی سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2023 پاكستان زیاتر له یه‌ك ملیۆن په‌نابه‌ری ئه‌فغانی له خاكی خۆی ده‌ربكات و بیانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌فغانستان.
هه‌ڵبه‌ته پێویسته ئاماژه به‌وه بكرێت پاش ئه‌وه‌ی سوپای یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت له ساڵی 1979 هێرشی سه‌ربازی كرده سه‌ر ئه‌فغانستان به ملیۆنان كه‌س له دانیشتوانی ئه‌فغان له ترسان روویان كرده پاكستان و ئه‌مه‌ش به وته‌ی به‌رپرسانی پاكستان مه‌ترسی ئه‌منی بۆ ئه‌و وڵاته دروستكردووه. به پێی ئامارە ره‌سمییه‌كان 540 هه‌زار كۆچه‌ری ئه‌فغانی كه به ره‌سمی له پاكستان بوون گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ وڵاته‌كه‌یان و پاكستان مۆڵه‌تێكی چه‌ند مانگه‌ی داوه بۆ ئه‌و كۆچه‌رانەی كه ماون خاكی وڵاته‌كه‌یان چۆڵ بكه‌ن.
تاجیكستان سنووره‌كانی به رووی ئه‌فغانستاندا سنووردار ده‌كات
تاجیكستان هه‌زار و 350 كیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان هه‌یه، بۆ رێگریكردن له لێشاوی په‌نابه‌ران و بازرگانیكردن به ماده‌ی هۆشبه‌ر، بڕیاریداوه كه به‌ربه‌ست و پشتێنی ئه‌منی له‌سه‌ر سنووره هاوبه‌شه‌كان دروست بكات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تا ئێستا چه‌ندین جار له جموجۆڵی گروپه جیهادییه‌كان به تایبه‌تی گروپی ئەنسارولئیسلام گله‌یی له به‌رپرسانی ئه‌فغانستان كراوه.
ئیمام عه‌لی ره‌حمان سه‌رۆك كۆماری تاجیكستان پێشتر رایگه‌یاندبوو كه له كۆبوونه‌وه‌كانی رێكخراوی هاوكاری(شانگهای) داوای له وڵاتانی ئه‌ندامی رێكخراوه‌كه كردبوو كه یارمه‌تی تاجیكستان بده‌ن له دروستكردنی پشتێنه‌ی ئه‌منی له‌سه‌ر سنووری ئه‌فغانستان بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له مه‌ترسییه‌كانی ئه‌فغانستان بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی بكات.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان گروپی ئەنسارولئیسلام كه سه‌ر به رێكخراوی ئه‌لقاعیدەن به سه‌دان چه‌كداری له باكووری ئه‌فغانستان هه‌یه كه زۆربه‌یان هاووڵاتی تاجیكستانن.
توركیاش سنووره‌كانی خۆی به‌هێزتر ده‌كات
هه‌رچه‌ند توركیا دراوسێی ئه‌فغانستان نییه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له ترانزێتی ماده‌هۆشبه‌ر و هاتنی به لێشاوی په‌نابه‌ران بۆ خاكه‌ی بکات، 170 كیلۆمه‌تر له سنووری خۆی له‌گه‌ڵ ئێران به‌ربه‌ستی كۆنگرێتی و كاره‌بایی كردووه. ئامانجی توركیا له‌و كاره ئه‌وه‌یه كه په‌نابه‌رانی ئه‌فغانی له‌ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه ده‌چنه ناو خاكی توركیا، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كه دووباره تالیبان له ئه‌فغانستان ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌وه ده‌ست. به پێی راپۆرته‌كان ئێستا توركیا میوانداری نزیكه‌ی 300 هه‌زار په‌نابه‌ری ئه‌فغان ده‌كات و ته‌نها له ساڵی 2022 دا نزیكه‌ی 57 هه‌زار په‌نابه‌ری ئه‌فغانی له خاكه‌كه‌ی ده‌ركردووه.
سه‌رچاوه:
bbc.com/persian