كەی حكومەتی هەرێم كشتوكاڵ دەكاتە جێگرەوەی نەوت؟

10:21 - 2024-03-04
ئابووری
168 جار خوێندراوەتەوە
هەرێمی كوردستان خاوەنی رووبەرێكی زۆری دەشتاییە كە مەزندە دەكرێت بە 17 ملیۆن دۆنم زەوی

ئەرسەلان پەرۆش 


ئابووری بڕبڕەی پشتی هەر وڵاتیكە و لایەنێكی گرنگی بوژانەوە و گەشەكردنیەتی، هەروەك دەبێتە هۆی دەربازكردنی لە هەر تەنگەژە و داكەوتەیەك كە رووبەڕووی وڵات دەبێتەوە.  بێگومان هەر وڵاتێك بەشێوەی جیاواز هەوڵدەدات گەشە بەلایەنی ئابووری خۆی بدات، بەڵام جۆراوجۆریی سەرچاوەی داهات گرنگتر و پڕبایەخترە وەك لە پشتبەستن بە تەنها سەرچاوەیەكی داهات، چونكە ئەگەر   تەنها پشت بە یەک سەرچاوەی داهات ببەسترێت، ئەوا ئەگەری داڕمانی لایەنی ئابووری ئەو وڵاتە شتێكی چاوەڕوانكراو دەبێت. 
ئێستا هەرێمی كوردستان، نمونەیەكی روونە بۆ پشتبەستن بە یەك جۆری سەرچاوەی داهات و داڕمانی ئابوورییەكەشی خەریكە بە تەواویی دەبێتە ئەمری واقیع، چونكە حكومەتی هەرێم چەند ساڵێكە نەوت هەرناردە دەكات، بەڵام لە ماوەی 33 ساڵی تەمەنی حكومڕانییەكەیدا، هێشتا نەیتوانیوە جگە لە نەوت پشت بە سەرچاوەیەكی تری داهات ببەستێت.
ماوەی 10 ساڵە و لەوكاتەوەی لە ساڵی 2014ەوە بەشێوەی سەربەخۆ دەستی بە هەناردەکردنی نەوت كردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، هەرچەندە لەڕووی ئابوورییەوە، ئەو 10 ساڵە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، قورسترین 10 ساڵ بووە، بەڵام پێشتریش لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە لە ساڵی 2003 وە تا ساڵی 2014 دیسان پشتی بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەست، بەڵام بەشەبودجەكەی لە حكومەتی عیراق وەردەگرت، نەك راستەوخۆ فرۆشتنی نەوت، هەرچی ساڵانی 1991 تا 2003یش هەیە، نەیتوانی سەرچاوەیەكی دیاریكراوی داهاتی هەبێت. 
ئێستا حكومەتی هەرێم لە قەیرانێكی قوڵی داراییدایە، چونكە تاكە سەرچاوەی داهاتەكەی  نەوتە، ئەویش لە دەستی دەرهێنراو چیتر ناتوانێت سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت و دەبێت چاوی لە دەستی حكومەتی عیراق بێ و چاوەڕێی رەحمی بەغدا بكات. 

 

هەرچەندە شوێنی جوگرافیی و هەڵكەوتەی هەرێمی كورستان بۆ كشتوكاڵكردن زۆر لەبارە، بەڵام حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە سوود لەم پێگە جوگرافییە وەربگرێت

 

گەر هاتبا و لە ماوەی 33 ساڵی تەمەنیدا، حكومەتی هەرێم جگە لە نەوت پشتی بە سەرچاوەیەكی داهاتی تر ببەستایە بۆ نموونە كشتوكاڵ، ئێستا بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی و لێپرسراوانی حكومەتی عیراق، هێندە کاریان تێنەدەکرد.  
هەرچەندە شوێنی جوگرافیی و هەڵكەوتەی هەرێمی كورستان بۆ كشتوكاڵكردن زۆر لەبارە، بەڵام حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە سوود لەم پێگە جوگرافییە وەربگرێت و كشتوكاڵ بكاتە جێگرەوەی نەوت و وەك سەرچاوەی داهات بەكاریبهێنێت.  
حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو بوارەكانی تری وەك كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتوگوزاریی فەرامۆش كردووە، فەرامۆش بەو واتایەی كە نەیویستووە وەك سەرچاوەیەكی بنەڕەتیی داهات سوودی لێوەربگرێ و هەموو ئەوەی كردوویەتی تەنها ئەوەبووە لە رێگەی وزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە وەك رۆتین بڕێك پارەی بۆ هەندێك پرۆژە تەرخان كردووەو بەس، لە كاتێكدا تەواوی پێداوستییەكان لە بەردەستدان، هەرئەمەشە، وایكردووە كە نەمانتوانیوە پشت بە بەرهەمی ناوخۆ لە بوارە جیاوازەكاندا ببەستین و هەرچیمان هەیە هی دەرەوە بێت. 
لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان خاوەنی رووبەرێكی زۆری دەشتاییە كە مەزندە دەكرێت بە 17 ملیۆن دۆنم زەوی، لەگەڵ ئاووهەوایەكی گونجاو و بەپیتی خاك بۆ كشتوكاڵ كردن، بەڵام تائێستا چەندین گرفتی مرۆیی بوونەتە رێگر لەبەردەم گەشەنەكردن و پەرەپێنەدانی ئەم كەرتە و حكومەتی هەرێمیش نەیتوانیوە بەشێكی زۆر لەو گرفتانە چارەسەر بكات، بەڵكو تائێستا هەر چاوی لە داهاتە زەبەلاحەكەی نەوتە و كشتوكاڵیش هەر بە بێ نازی ماوەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان