یاریگاكانمان بوونەتە مەیدانی جەنگ

10:55 - 2024-03-05
وەرزش
202 جار خوێندراوەتەوە

تیشکۆ

دیاردەی نەشیاو و قێزەون لە بابەتی شەڕ و ئاژاوە و پشێوی، تەنیا لە یاریگاكانی ئێمەدا نابینرێت، بەڵكو دیاردەیەكی جیهانییەو تەنانەت لە یاریگاكانی وڵاتانی پێشكەوتووی دنیاشدا دەبینرێت، بەڵام ئەمەی لە یاریگاكانی ئێمەدا روودەدات لە سنوری ئاسایی تێپەڕیكردووە و لە حاڵەتەوە خەریكە دەبێتە دیاردە.
دوا رووداو ئەو بوو ئەم هەفتەیە لە خولی پلە یەكی تۆپی پێی یانەكانی كوردستاندا و لە یاریگای كۆیە روویدا كاتێك یاریی نێوان كۆیە و خاك كۆتایی دێت، شەڕێكی نەخوازراوی قێزەون بەرۆكی تیپی یانەی خاك دەگرێت و هێرشێكی نا بەرامبەر دەكرێتە سەر تیمی راهێنەریی و یاریزانانی یانەكە و تیمی ئیداریی یانەكە و چەندینیان بریندار دەكرێن.
ئەم جۆرە رەفتارە نەشیاوە كە بەرامبەر تیپی یانەی خاكی شاری كەركوك كراوە، یەكەم و دوا رووداوی لەو جۆرە نییە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هەفتەكانی رابردوو، لەسەرجەم خولەكانی تریشدا ئەم دیاردەیە بینراوە، لەبەر ئەوە دەكرێت بڵێین ئەگەر بەر لەم جۆرە رەفتار و كاردانەوەی هاندەران و كەسانی نابەرپرس نەگیرێت، ئەوا ناتوانرێت خولەكانی كوردستان بەردەوام بن.
ئێستا یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم رووداوە پێكهێناوە، بۆ ئەوەی بەرچاو روونی لەسەر ئەم رووداوە هەبێت، رۆژی یەكشەممەی رابردوو كۆبوونەوە لەگەڵ دەستەی ناوبژیوانی و سەرپەرشتیاری یاری و لێپرسراوانی یانەی خاك كراوە، دوێنێش دووشەممە لەگەڵ لێپرسراوانی یانەی كۆیە كۆبوونەتەوە تا بگەنە ئەنجامێك رەش و سپی لە یەكتر جیا بكرێتەوە و بزانرێت هۆكاری رووداوەكە چی بووە و چۆن بووە و ئەو كەسانەش دیاریی بكرێن كە بوونەتە هۆكاری ئەم دیاردە دزێوە.
ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستاندایە:
*پێویستە بۆ بەهەند وەرگرتنی ئەم رووداوە و روداوەكانی پێشووتریش كە هەموولایەكمان بینیمان، بۆ ماوەیەكی كاتی سەرجەم خولەكانی كوردستان رابگیرێن تا ئەم كێشەیە یەكلایی دەبێتەوە.
*نابێت ئەم رووداوە هەروا بە ئاسانی و سانایی تێپەڕ ببێت.
*دەبێت یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بۆ ئەم رووداوە هەڵوێستی توند و یەكلا كەرەوەی هەبێت، هەڵوێست و بڕیارەكانی بەجۆرێك بن ببنە بەربەست لەبەردەم دووبارە بوونەوەی وەها رووداوێكی تردا.
*دەبێت كەسان یان لایەنی بەرپرسیار لەم كێشەو ئاڵۆزیی و پشێوییانە بە ئاشكرا دیاریی بكرێن و پەنجەی تاوانیان بۆ درێژ بكرێت.
*دەبێت سزای توندی وەهایان بۆ دەربكرێت كە ببێتە هۆی ئەوەی هیچ لایەكی تر بیر لە وەها رەفتارێكی نەشیاو نەكاتەوە، نەك وەك سزاكانی رابردوویان بەبڕە پارەیەكی كەم لێی دەرباز ببن.
 *ئەگەر ئەمانە نەكرێن ئەوا هەر لە ئێستاوە بانگی شكستهێنانی خولەكانی كوردستان رابگەیەنن و با هەریەكەو بچێتەوە ماڵی خۆی.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان