سەدان چەکداری داعش دەستگیرکران

10:10 - 2024-03-07
جیهان
183 جار خوێندراوەتەوە

هێزەكانی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی عیراق ئاماری دەستگیرکراوەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند تەنیا لەماوەی یەك مانگدا، زیاتر لە پێنج هەزار كەس بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە عیراق دەستگیر کراون و زیاتر لە 370 كەس لە دەستگیركراوەكان، بە پەیوەندی لەگەڵ گروپی تیرۆریستی داعش تێوەگلاون یان چەکداری گروپە تیرۆریستییەکە بوون.
هەر لەو چوارچێوەیەدا عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق و شانەی راگەیاندنی ئەمنی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەماوەی مانگی رابردوودا، هێزەكانی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی، بەهاوكاری تیمەكانی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی، زیاتر لە پێنج هەزار تۆمەتباریان لە ناوچە جیاجیاکانی عیراقدا دەستگیركردووە، كە بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن دادگاكانەوە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەركرابوو.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاشكرایكرد، لەناو دەستگیركراوەكاندا 371 كەس بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە گروپی تیرۆریستی داعش، بەپێی ماددەی چواری تیرۆر فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە و لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكاندا سەرجەمیان دانیان بەوەداناوە كە كاریان بۆ داعش كردووە.
بەوتەی عەمید میقداد میری، تەنیا لەمانگی رابردوودا هێزەكانی عیراق لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكان بۆ ریشەكێشكردنی پاشماوەكانی داعش، دوو حەشارگەی گەورەی ئەو گروپەیان لەناوبردووە و دەستیشیان بەسەر ژمارەیەكی زۆر چەك و تەقەمەنیدا گرتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان