بارسیلۆنا نازانێت چی بكات

11:15 - 2024-03-12
وەرزش
123 جار خوێندراوەتەوە

لەبەر ئەنجامە خراپەكانی لە خولی جامی شای ئیسپانیا و پێشتریش لەدەستدانی جامی سوپەری ئیسپانیا كە لە سعودیە رێكخرا، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی بارسیلۆنا بڕیاری وازهێنانی لە ئەركەكەی داو رایگەیاند ئەم وەرزە كۆتا وەرزی دەبێت لەگەڵ بارسیلۆنا، هەرچەندە هێشتا بۆندەكەی ساڵێكی ماوە كۆتایی بێت.
ئەم بڕیارەی چاڤی هێرناندێز یانەی بارسیلۆنای خستۆتە گێژاوی دۆزینەوەی راهێنەرێكی شیاو بۆیانەكە كە لە ئاستی ناو و ناوبانگی یانەكەدا بێت، بۆ ئەمەش ناوی چەند راهێنەرێک لەسەر مێزی گفتوگۆی یانەكە دانراون تا یەكێكیان ببێتە جێگرەوەی چاڤی. كەناڵەكانی راگەیاندنی نزیك لە یانەكە و سایت و پەیجە نزیكەكان لە یانەی بارسیلۆنا،  زۆر بەگەرمی و بە چڕی باسی چەند راهێنەرێكی دەکەن، بە پێی راپۆرت و بۆچوونی کەسانی نزیك لە یانەكە، ئەو راهێنەرانەی زۆرترین هەلیان هەیە وەرزی ئایندە ببنە راهێنەری یانەکە، بریتین لە هانسی فلیكی ئەڵمانی و دی زێربی ئیتاڵی و تۆماس تۆخێلی ئەڵمانی، باسی لویس ئەنریكی و تەنانەت باسی  رافا ماركیزی مەكسیكی راهێنەری تیپی دووەمی یانەكەش دەكرێت.
تا ئەم وەرزەشی لەگەڵدا بێت، لەم چەند ساڵەی دواییدا یانەی بارسلۆنا لە هەڵبژاردنی راهێنەردا زیرەكانە مامەڵەی نەكردووە، هەمیشە گەڕاوە گەڕاوە، دواتر راهێنەرێكی هێناوە كە لە چاو راهێنەرە بەئەزموونەكانی سەردمەكەیاندا خاوەنی ناو و ناوبانگێكی باش  نەبووە، هەموومان كیكی ستین و ڤاڵڤێردی و ڤیلانۆڤا و ئەمجارەش چاڤی هێرناندێزمان بینی، ئێستاش كە چاڤی ئەڕوات یانەكە سەری لێ شێواوە و نازانێت بەكام راهێنەرەوە بنیشێتەوە، ئەوەتا لەم كاتەدا ناوی ئەو چەند راهێنەرە لەسەر مێزی هەڵبژاردن دانراوە.
 سەبارەت بە هانسی فلیك رهێنەرێكی بەتوانایە، وەك باس دەكرێت زۆرترین چانسی هەیە و زۆرترین لە هەواڵەكان ناوی ئەم دەبەن، بەتابەتیش كە ئێستا راهێنەری هیچ شوێنێك نییە و یانەی بارسیلۆناش دەیەوێت راهێنەرێكی ئەڵمانی ببێتە جێگرەوەی چاڤی و لاپۆرتای سەرۆكی یانەكەش ئەم ئارەزووەی نەشاردۆتەوە.
سەبارەت بە رۆبیرتۆ دی زێربی ئیتاڵی، ئەم ئێستا راهێنەری یانەی برایتۆنی ئینگلیزییە، بۆندەكەشی ساڵێكی ماوە، ئەگەر بارسا بیەوێت بیكاتە جێگرەوەی چاڤی، ئەوا دەبێت كەسری عەقدەكەی بكات كە نزیكەی 20 ملیۆن یۆرۆیە و ئەمەش تاڕادەیەك بۆ بارسا قورسە چونكە كێشەی داریی هەیە.
تۆماس تۆخێلیش ئێستا راهێنەری یانەی بایرن مونشنە، ئەنجامەكانی دڵخۆشكەر نین، ئێستا دووەمی ریبزبەندیی خولی ئەڵمانیایە، ئیدارەی یانەكە دەیانەوێت لەكۆتایی وەرزدا دەستبەرداریی ببن، بەڵام هێشتا ئەم بڕیارەش نەدراوە و تا كۆتای وەرز نازانرێت چی روودەدات.
كاتێكیش باسی لویس ئەنریكی دەكرێت ئەمیش هەڵبژاردەی دیكۆیە، بەڵام ئەمیش وەك دی زێربی بۆندی لەگەڵ یانەكەی ماوە و بارسا ناتوانێت بە پارەیەكی زۆر نەبێت بهێنێتەوە بۆ بارسیلۆنا، رافا ماركیزیش لە كاندیدەكانە بۆ ئەم پۆستە، وەك دەڵێن هێنانی ئەم بۆ جێگەكەی چاڤی و پێسپاردنی ئەركەكە بەو بۆ ئیدارەی یانەكە زۆر ئاسانە، بەپێچەوانەی هەموو بۆ چوونەكانەوە دواجار رەنگە بارسیلۆنا و لاپۆرتا و دیكۆ وەك هەڵبژاردنەكانی پێشووتریان، لە جیاتی فلیک و تۆخێل، بە رافاوە بنیشنەوە و دو سێ ساڵیش ئەم تاقیبکەنەوە و ئەوەندەی تریش ماڵی یانەكە وێران بكەن، بەجۆرێك بە هیچ راهێنەرێكی تر باری گلاویان راست نەكرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان