لە پەراوێزی خولی پلە یەكی كوردستاندا

11:16 - 2024-03-12
وەرزش
69 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل

پاش چەندین هەفتەی پڕ ركابەری لە نێوان 16 تیپی یانەكانی كوردستان لە خولی پلە یەكدا، هەردوو تیپی یانەكانی رزگاری و پیشەسازی توانیان ببن بە دوو تیپی لووتکەی ئەم خولە، تیپی یانەی پیشەسازی پلەی یەكەمیی لەنێو ئەو 16 تیپە بەشدارەدا گرت و نازناوی پاڵەوانی ئەمساڵی دەستەبەر كرد، دوای ئەم تیپی یانەی رزگاریی گەرمیان پلەی دووەمی خولەكەی گرت و بەوەش هەردووكیان بوون بە دوو تیپی سەركەوتوو لەم خولەوە بۆ خولی نایابی ساڵی ئایندە.
پاش تەواو بوونی یارییەكان و دەركەوتنی ریزبەندیی كۆتایی، هەردوو تیپی یانەكانی خانەقین و هەڵەبجەی شەهیدیش كەمترین خاڵیان لە خولەكەدا كۆكردەوە و بەوەش وەرزی ئایندە بۆ خولێكی ئاست نزمتر كە خولی پلە دووی یانەكانی كوردستانە دابەزیون.
یارییەكانی ئەم خولە بەسیستمی خولێكی یەك قۆناغ رێكخرا، واتە ئەو یانانەی لە خولەكەدا بەشدار بوون و یاریی دەرەوەی یاریگای خۆیانكرد، یاریی گەڕانەوەیان لە یاریگای خۆیاندا نەكرد، هەرتیپە یارییەكی لەگەڵ تیپەكانی تری بەشداردا كرد، بە قورعە یاریگایان بۆ دیارییدەكرا و سیتمی چوون و گەڕانەوە پیادە نەكراو ئەمەش كاریگەریی زۆری لەسەر ئەنجام و ریزبەندیی کۆتایی تیپەكان هەبوو.
ئەمساڵیش تیپی یانەی سلێمانی لەم خولەدا دەستبەتاڵ و بێ ئەنجام هاتە دەرەوە، ئەگەر چی ساڵی پار توانی بگاتە یاریی پلەی ئۆفی خولەكە، بەڵام ئەمساڵ ئەنجامەكانی لە ساڵی پار خراپتر بوون، بەوەی پلەی پێنجەمی گرت و وەرزی ئایندەش هەرلەم خولەدا دەمێنێتەوە.
هەرلەم خولەدا تیپی یانەی كۆیە زەرەر مەندی یەكەمی خولەكە بوو بەوەی پاش ئەو رووداوە نەخوازراوەی لە هەفتەی پێش كۆتایی خولەكەدا لە یاریی خۆیان و شۆرجەدا رویدا و هێرشێكی نەشیاوی دوور لەگیانی وەرزشیی كرایە سەر تیمی یانەی شۆرجە، هەرچەندە یاریی كۆتا هەفتەشیان لە سلێمانی 2-1 بردەوە، بەڵام رووبەڕووی چەندین سزای قورس كراوەتەوە، گرنگترینیان ئەوەیە وەرزی ئایندە لەم خولەدا بە (- 7) خاڵەوە بەشداریی خولەكە دەبێت.
بەو هیوایەی وەرزی ئایندە سیستمی یارییەكانی ئەم خولەش وەك خولی نایاب چوون گەڕانەوە بێت تا ئاستی تیپەكان بەراستی دەربكەون و سەرجەم تیپە بەشدارەكان لە یاریگای خۆشیاندا یاریی گەڕانەوە بەرامبەر ركابەرەكانیان بكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان