هەتاو هیوادارە لە هەڵبژاردەی عیراقدا خۆی ببینێتەوە

11:28 - 2024-03-12
وەرزش
147 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد ئەحمەد

هەتاو مەحمود حسێن ساڵی 1998 لە خورماڵ لەدایکبووە، دەرچووی کۆلێجی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی هەڵەبجەیە، هەر هە منداڵییەوە خولیایی تۆپی پێ بووە و دەستی بەم یارییە کردووە.
بۆ ناساندنی ئەم کچە وەرزشکارەی خورماڵ، بەچاکمان زانی چەند پرسیارێکی لێ بکەیین، سەرەتا لێمان پرسی؛ لە ناو خەڵکدا بەچی ناسراوی؟ لە وەڵامدا ووتی بە یاریزانەکەی هەورامان ناسراوم.
*بۆچی یاری تۆپی پێت هەڵبژاردوە؟
-تۆپی پێ یارییەکە زۆر چێژ بەخشە و جەماوەرییە و  بینەری زۆرە، خولیا و حەزو تواناکانم خۆشەویستیم بۆ تۆپی پێ وایان لێکردم ئەم یاریە هەڵبژێرم. 
*هەست ناکەیت وەرزشێکی قورست هەڵبژاردوە؟
-هیچ هەست بەوە ناکەم کەیاریی تۆپی پێ یارییەکی قورس بێت، چونکە حەز و خولیام بۆ تۆپی پێ هەیە، بەپێچەوانەوە ئاسانترین و خۆشترین یارییە لە ژیانمدا کە کردومە، یاریش هەتا کێبڕکێی زیاتر بێت خۆشتر دەبێت.
*بۆچی یاریی فوتساڵ لەئاستی پێویستدا نییە؟
- تاڕادەیەک لەچاو ساڵانی پێشوو باشترە، بەڵام  ئەو گرنگییەی بە خولی کوڕان ئەدرێت بە فوتساڵی کچان نادرێت، بۆیە خولی فوتساڵ بۆ کچان لەو ئاستەدا نییە کەچاوەڕێی دەکەین.  
*بۆچی ئەم وەرزشە بەشێوەیەکی باش پێشوازی لێ نەکراوە لە،شارەکان بەتایبەت بۆ کچان؟
-بەداخەوە  بە گشتی وەرزشی کچان بەشێوەیەکی باش پێشوازی لێ ناکرێت و گرنگی پێنادرێت . 
*یاری فوتساڵی کچان لە سەر ئاستی کوردستان چۆن دەبینیت؟ 
-زۆر لاوازە کەسێک نییە لەڕووی داراییەوە پاڵپشتی بکات، بۆیە کێشەی یاری فوتساڵ بەگشتی لەکوردستان کێشەی داراییە. 
*چی بکرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی خانمانی وەرزشکار بۆ نێو ئەم یارییە؟ 
-سەرەتا دەبێت کۆمەڵگاکەمان هۆشیار بکرێتەوە، چونکە کچانی وەرزشکار زۆرن بەڵام لەبەر رێگرییە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانن یاری بکەن و گرنگی بە تواناکانی خۆیان بدەن، ئەو کێشانەش ڕێگر دەبن بۆ خانمان تا وەرزش بکەن.
*بەرنامەت چییە وەکو کچە یاریزانێک بۆ داهاتوو؟
- هەوڵ دەدەم لەئاستێکی لەمەی ئێستام باشتر بەردەوام ببم و پەرە بە تواناکانم بدەم و لەسەر یاری کردن بەردەوام بم، ئەوە بەرنامەی من دەبێت لە ژیانی وەرزشیمدا . 
*لە هەردوو خولی کوردستان و عێراق یاریی دەکەیت، کامیان بەهێزترە؟
-لە ئێستادا لەهەردوو خولدا بەردەوامم، ئەوەی بینیبێتم خولی عێراق بەهێزترە و گرنگی زیاتری پێ دەدرێت لەچاو خولی کوردستاندا .
*خەونی وەرزشیت چییە؟
-یاریی کردن هەرخۆی خەونی گەورەی من بووە، بەڵام خەونی گەورەترم ئەوەیە یاری بکەم لە تیپەکانی دەرەوەی کوردستان، هیوادارم لە هەڵبژاردەی عیراقدا خۆم ببینمەوە. 
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا پێمانی بڵێیت ؟ 
- لە کۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ ستادیۆمی  کوردستانی نوێ بۆ ئەم بەسەر کردنەوەیە و سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێزیش هیوادارم سەرکەوتووبن و ماندوو نەبن .

بابەتە پەیوەندیدارەکان