یەكێتی تۆپی پێ لە نێوان بڕیار و پەرچەكرداردا

10:45 - 2024-03-13
وەرزش
118 جار خوێندراوەتەوە

زاگرۆس نانەكەلی


ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت ئاگاداری  چالاکییەکانی یەكێتی تۆپی پێی کوردستان نیم، بەڵام جارجار لە سۆشیال میدیا ئاگاداری خولەكانم، بەتایبەتیش ئاگاداری ئەو روداوە نەخوازراوانەم ئێستا و پێشووتریش روویانداوە.
بەڕێكردنی خول و پاڵەوانێتییەکان، پێش پارە، پلان وهزر و ئامانجە، ئینجا پارە تەرخان دەكرێت و پلانی كاركردن دادەرێژێت و دواتریش كەسانی شارەزا بەبێ لایەنی دەبێت كاربكەن، چونكە هەندێك  ووشە و دەستەواژە هەیە لەلای ئێمە تەنها بەنووسین هەیە، لە ئەرزی واقیعدا نین وەك (پسپۆڕ، شارەزا، ئەكادیمی)، ئومێد دەكەم من هەڵەبم،گەر هەڵەم بۆچی یاریگاکانی كوردستان بونەتە مەیدانی توند و تیژی و جەنگ، گەر پێش هەموو شتێک لەپەرلەمانی کوردستان یاسای وەرزش هەموار بكرابایە و یاسایەك بۆ وەرزشی كوردستان هەبوایە، ئێستا یاسا حكومی خۆی دەكرد و كێشەكان  بە یاسا چارەسەر دەكران نەك بە میزاج،  توڕەبوون لەیەكێك بە توڕە بوون لەیەكێكی تر دەرببڕدرێت.
ئەو شەڕ و كێشانەی بەم دواییە لەیاریگایەكی كوردستان لەنێوان دووتیپی كوردستاندا روویاندا، كاردانەوەی دەروونی زۆر خراپی لەسەر خولەكە  و راهێنەران و یاریزانان و ناوبژیوانانیش دەبێت، ئەو رووداوانە پێشتریش روویانداوە، هەر لەگەڵ دەسپێكی خولەكانی كوردستان ئەم دیاردە ناشیرین و دوور لەگیانی وەرزشیی وق ێزەوەنانە ناوەناوە دەبینران، بەڵام ئێستا تەشەنەی كردووە، رووداو و پشێوییەکانیش نابێت بەبڕیاری دژ و قورسی بێ بەرنامە چارەسەر بكرێن، چونكە وەرزش نمایشی عەزەڵات نییە، هۆش و بیرکردنەوەی درووستە.
دووپاتی دەكەمەوە، من تا سەرئێسقان دژی كێشە و شەڕ و رەفتاری نەشیاوم، من بەبێ جیاوازی سەركۆنەی دەكەم، بەڵام دەبێت هزرێكی ئیداری و چارەسەری وەرزشییانەیان بۆ بدۆزینەوە، ناكرێت لەكاتی بڕیارداندا، (توڕە بین، فشارمان بەرزبێتەوە و گوشاری دەروونی،كاریگەر بیێت لەسەرمان ئەوسا بڕیار بدەیت، دەبێت هێمن و ئارام ودەروون خاو و پاك و خاڵی بیت و دان بەخۆداگرتن و گیانی وەرزشیی و هزری ئیداری و لۆژیك و یاسا و راوێژكار و رێنیشاندەرمان بن).
من دەڵێم سزاکانی ئەم دواییەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان پەرچە كردار بوون، چونكە دەزانم پێشتر لەچەند یاریگایەكی تری كوردستان روداوی نەخوازراو رویانداوە، بەڵام لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی کوردستانەوە كاردانەوەکان بەمشێویە نەبون، بەڕای من سزاکانیش وەڵام بوون بۆ سۆشیال میدیا و کارو کاردانەوەی نێوان ئەم دوو بەرەیە بوو، چونکە بینیمان لە سوشیال میدیا رەخنەی زۆر توند لە یەكێتی تۆپی پێی کوردستان گیراوە، دڵنیاشم ئەم سزایانە چارەسەرنین و تەنیا بەنجێكی كاتییە و هیچی تر، هیوادارم هیچ روونەداتەوە و من هەڵەبم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان