دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر دوو سکاڵای تایبەت بە هەرێم کۆدەبێتەوە

12:37 - 2024-03-30
عیراق
125 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سبەینێ، دادگای فیدراڵی عیراق  لە سەر دوو دۆسێی تایبەت بە هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.

دۆسێی یەکەمیان  تایبەتە  بە ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان  و  داواکراوە کە هەرێم، کەمپەکان دابخات و ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە.

سكاڵاكە لەلایەن ئیڤان فایەق وەزیری‌ كۆچ و كۆچەرانی عیراق لەسەر هەریەك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆی هەرێم تۆماركراوە و داوای گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات.

سکاڵاکە تایبەتە بە ناچاركردنی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆ جێبەجێكردنی‌ بڕیارێكی‌ حكومەتی‌ عیراق كە داوای لە هەرێم كردوە تا 30ی‌ حوزەیرانی‌ 2024 هەموو ئاوارەكان بگەرێنێتەوە بۆ زێدی خۆیان و كەمپی‌ ئاوارەكانیش دابخات.
هاوکات سكاڵای دووەم لەسەر داوای نەهرۆ مەحمود قادر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کراوە کە تێیدا سکاڵا   لەسەر سەرۆك وەزیرانی عیراق و ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری نەوتی عیراق تۆماركراوە   لەبارەی نادروستی دیاریكردنی نرخی نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان