سەرۆك كۆمار: جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خورماتوو

10:43 - 2024-04-01
عیراق
158 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لەمیانەی پێشوازی لە وەفدێكی خەڵكی قەزای خورماتوو، داوای دابینكردنی سەرجەم پێداویستییە خزمەتگوزارییەكان و بژێوی بۆ دانیشتوانی قەزاكە و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان كرد.
لە دیدارەكەدا، كە دوێنێ لە بەغدا بەئامادەبوونی كەریم شكور محەمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، بارودۆخی قەزای خورماتوو تاوتوێكرا و سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەسەر پێویستیی بەرقەراركردنی سەقامگیری و ئاسایش لە شارەكەدا و رایگەیاند: خەڵكی خورماتوو لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی پێكەوەژیانی ئاشتیانە هەڵوێستی بەرچاو و دیاریان هەبووە، چەندین ساڵیشە بەدەست ئاڵنگاری و كێشەوە دەناڵێنن، كە دەبێت چارەسەربكرێن.
لای خۆیانەوە، ئەندامانی وەفدەكە روونكردنەوەیەكیان سەبارەت بە دۆخی خورماتو و بارودۆخی خەڵكەكەی و ئەو كێشە و گرفتانەی رووبەڕوویان بووەتەوە خستەڕوو. لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار پشتیوانیی خۆی بۆ خەڵكی شارەكە و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان دووپاتكردەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان