ئەمریكا، بەئەركی تر لە عیراقدا دەمێنێتەوە

10:28 - 2024-04-03
عیراق
160 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەكی سەربازیی هەرێمی كوردستان پێیوایە رێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی، كە پێشتر هەبوو، كارادەكرێتەوە و ئەركی سەربازیی ئەو وڵاتە لە عیراق دەبێتەوە بە راوێژكاری و هاوكاری سوپای عیراق و پێشمەرگە و وتەبێژی حكومەتی عیراقیش سەردانەكەی سودانی بە مێژوویی لە ‌قەڵەمدەد‌ات.
باسم عەوادی وتەبێژی رەسمیی حكومەتی عیراق لە لێدوانێكدا كە لە پێگەی (بغداد الیوم)دا بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوە دەكات كە سەردانەكەی سودانی بۆ ئەمریكا ناونیشانە سەرەكییەكەی كاراكردنەوەی رێككەوتننامەی چوارچێوەی هەماهەنگییە و دەڵێت: وەك عیراق پێویستیان بە هەنگاونانە بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و گواستنەوەی هاوپەیمانییەكە لەلایەنی ئەمنی و سەربازییەوە بەرەو رێككەوتن و هاوكاری لە بوارەكانی وزە، پەروەردە، وەبەرهێنان، كشتوكاڵ و ...هتد دەچێت.
هەر سەبارەت بەو باسە، جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووتری وەزارەتی پێشمەرگە و شارەزای كاروباری سەربازی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ ئاماژەی بەوەدا كە سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئەمریكا بۆ كاراكردنەوەی رێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژییە، كە پێشتر هەبووە و وتی: ئەركی سەربازیی ئەو وڵاتە لە عیراق دەبێتەوە بە راوێژكاری و هاوكاری سوپای عیراق و پێشمەرگە، كە وەك پێش جەنگ دژی داعش، بڕیاری لێدرابوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان