سەرۆك كۆمار: لێپێچینەوە لە كەسانی كەمتەرخەم بكرێت

11:19 - 2024-04-03
عیراق
155 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆك كۆمار، رایدەگەیەنێت: «ئەو سەقامگیرییەی لە پارێزگاكانی عیراق هەیە، كاریگەریی ئەرێنی هەبووە لەسەر هەنگاونان بەرەوپێشەوە لە پڕۆسەی بونیادنان و ئاوەدانكردنەوە و جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژی و گەورە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا».
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لەمیانەی پێشوازی لە زولفەقار حۆشی ئەلمەكسوسی نەقیبـی سەندیكای ئەندازیارانی عیراق و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەندیكاكە، تەئكیدیكردەوە لەسەر پێویستیی رەچاوكردن و بەدواداچوون بۆ تایبەتمەندییە تەكنیكییەكان لە پسپۆڕییەكانی ئەندازیاریدا و وتی: پلاندانانی دیراسەكراو و هەوڵەكانی بونیادنان و جێبەجێكردن، دوو پایەن بۆ بنیاتنان و پێشكەوتنی وڵاتان و گەلان.
سەرۆك كۆمار، جەختیشیكردەوە لە گرنگیدان بە رەچاوكردن و بەدواداچوون بۆ تایبەتمەندییە تەكنیكییەكان لە سەرجەم پسپۆڕییەكانی ئەندازیاری و جێبەجێكردنی تایبەتمەندیی ئەندازیاری، لێپێچینەوە لە كەسانی كەمتەرخەمیش لایەنێكی گرنگە و دەبێت هەموان رەچاوی مەرجەكانی سەلامەتی و بەكارهێنانی كەرەستەی بیناسازی كوالیتی بەرز بكەن، ئەوەش زامنی سەلامەتییە و دەبێت تیمی تایبەت بوونیان هەبێت تا بەردەوام بەدواداچوون بكەن و دڵنیابنەوە لە بوونی مەرجەكانی سەلامەتی، لەو بارەیەشەوە هەوڵ و رۆڵی ئەندازیارانی بەرزنرخاند لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لە خزمەتكردنی كەرتی ئەندازیاری لە وڵاتدا.
نەقیب و ئەندامانی سەندیكای ئەندازیارانیش، پلانەكانی سەندیكایان بۆ بونیادنان و گەشەكردنی وڵات خستەڕوو و جەختیانكردەوە، كە تواناكانیان تەرخاندەكەن بۆ هاریكاری تەواو لەگەڵ دامەزراوەكانی وڵاتدا و بەشداریكردن لە پلان و پڕۆژەكانی گەشەپێداندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان