سەرۆك كۆمار، خانەی بەساڵاچوان و راهیباتی دایكە تێریزای بەسەركردەوە

״پاڵپشتتان دەبم لە دابینكردنی پێداویستی و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان״

10:22 - 2024-04-04
عیراق
136 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆك كۆمار سەردانی خانەی چاودێریی خوداوەند بۆ بەساڵاچوان و راهیباتی دایكە تێریزا بۆ كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەكات و لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرپەرشتیارانی خانەكە، ستایشی هەوڵەكانی كردن بۆ گرنگیدان بە كەسانی بەساڵاچووی ناو خانەكە و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان. جەختیشیكردەوە لەسەر هەر هەوڵێك بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و دروستكردنی كەشێكی گونجاو بۆ بەساڵاچوانی خانەكە.
لە سەردانەكەیدا، دوای بەسەركردنەوەی بەشەكانی خانەكە و ئاگاداربوون لە پێویستییەكان و ئاستی چاودێریی تەندروستی و كۆمەڵایەتیی نیشتەجێبوانی، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار دووپاتیكردەوە، كە دەرگاكانی سەرۆكایەتیی كۆمار كراوەن بۆ پێشكەشكردنی ئاسانكاریی پێویست بۆ خانەكە و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی رووبەڕووی سەرپەرشتیارانی خانەكە دەبنەوە، لەپێناوی دابینكردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆیان.
لەمیانەی سەردانیشی بۆ خانەی راهیباتی دایكە تێریزا، بەرچاوڕوونی لەسەر كارەكانی خانەكە و چاودێری و سەرپەرشتیی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت خرایەڕوو و سەرۆك كۆماریش پاڵپشتی خۆی دەربڕی بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ منداڵان و بایەخدان بە كاروبارەكانیان كردەوە بەتایبەتی بەهێزكردن و باشتركردنی توانا دەروونی و هزرییەكانی منداڵان.
لەلایەكی دیكەوە و لەمیانەی پێشوازی لە ژمارەیەك سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆك كۆمار گرنگی هاریكاری و هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەكانی لەپێناوی بەردەوامبوون و پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری و كاری هاوبەش لە هەموو بوارەكاندا خستەڕوو كە دەبێتەمایەی باشتركردنی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری وڵات و تەئكیدیشیكردەوە كە پێویستە پەلەبكرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران تا ئەنجومەنەكە بەردەوام بێت لە كاری یاسادانان و چاودێری.
سەرۆك كۆمار دووپاتیشیكردەوە، كە خزمەتگوزاری و باشتركردنی ئاستی بژێویی هاووڵاتیان لەپێشینەی كارەكانن، ئەوەش یەكخستنی هەوڵەكانی سەرجەم دەسەڵاتەكان و دامەزراوەكانی حكومەتی پێویستە.
لای خۆیانەوە، سەرۆكی فراكسیۆنەكان، تەئكیدیان لە گرنگی بەهێزكردنی هاریكاریی هێزە سیاسییەكان كردەوە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیان و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان