نوێترین ژماره‌ی گۆڤاری شازده‌ی چوار كه گۆڤارێکی تایبه‌ته و ساڵانه له یادی كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وه‌سانان ده‌رده‌چێت كه‌وته به‌ردیدی خوێنه‌ران.
له‌م ژماره‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك بابه‌تی جیاواز سه‌باره‌ت به كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وه‌سانان خراونه‌ته‌ڕوو، له‌وانه:
ئه‌نفال له تێكسته‌وه بۆ واقیع، له واقیعه‌وه بۆ تێكست، شازده‌ی چوار رۆژی تاوانكاری، ئه‌شكه‌وته‌كان وه‌ك سه‌نگه‌ری به‌رگری، كیمیاباران و ئه‌نفالی دۆڵی مه‌له‌كان و دۆڵی ئالانه، با ئیكۆساید وه‌ك تاوانێكی نێوده‌وڵه‌تی بناسێنین.
نووسه‌ر ئارێز عه‌بدوڵڵا له‌وباره‌یه‌وه ئاماژه به‌وه ده‌کات كه بێده‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی كه ئه‌و رۆژگاره‌ی رژێمی سه‌دام حوسێن به به‌رامبه‌ر به گه‌له بێداده‌كه‌ی كوردستان زۆر نامرۆڤانه بوو.
شاسوار هه‌رشه‌می سه‌باره‌ت به كیمیابارانه‌كه ده‌ڵێت: دوای ئه‌وه‌ی كه ناوچه‌كه كیمیاباران كرا، دوژمن ئه‌وه‌ی ده‌ستی كه‌وت له زیندوو یان مردوو هه‌موویانی له‌گه‌ڵ خۆی برد و جاشه‌كانیش ده‌ستیان به تاڵانی ماڵ و حاڵی دانیشتیوانی ناوچه‌كه‌یان كرد، به شێوه‌یه‌ك كه له دوای كیمیابارانه‌كه ژیان له دۆڵی بالیسان باری كرد.
دكتۆر عه‌تیه محه‌مه‌د سه‌عید یه‌كێك له پزیشكانی ژن له‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی كردووه و ده‌ڵێت: دوای كیمیابارانه‌كه 83 برینداریان هێنابوو بۆ شه‌قڵاوه بۆ چاره‌سه‌ركردن، كه هه‌موویان ژن و منداڵ بوون، ده‌مویست چاره‌سه‌ریان بكه‌م ئه‌منه‌كان رێگرییان ده‌كرد. ئه‌و پزیشكه ئاماژه به‌وەشده‌كات كه سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی كردووه و به چاوی خۆی كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر مرۆڤ و دار و دره‌خت دانابوو به شێوه‌یه‌ك كه رووەکە‌كانیش تۆزی مه‌رگیان لێ نیشتبوو.
د. زریان عوسمان وه‌زیری پێشووتری ته‌ندروستی هه‌رێم له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی له گوندی شێخ وه‌سانان دیمان هه‌رگیز له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا نه‌بینراوه و نه‌بیستراوه و نه‌وه‌ی داهاتوو ده‌بێت ئاگاداری ئه‌م هه‌موو زوڵم و غه‌دری به‌عس بێت.
نووسه‌ر كاروان كاكه‌سوور له‌باره‌ی رووداوه‌كه ده‌ڵێت: ئه‌نفال پێش ئه‌وه‌ی بكرێته واقیع، تێكست بوو، پێش ئه‌وه‌ی بكرێت به تێكست خه‌یاڵ بوو.
سه‌ردار شێخ وه‌سانانی له خشته‌یه‌كدا ناوی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كیمیابارانی گوندی شێخ وه‌سانانی خستۆته‌ڕوو.
ساڵح ئه‌كره‌م حه‌یده‌ری یه‌كێكی تر له‌و نووسه‌رانه‌ی كه له‌م ژماره‌ی گۆڤاره‌كه‌دا بابه‌تی هه‌یه، ده‌ڵێت: ده‌بوایه له‌سه‌ر كیمیاباران و ئه‌نفال و جنیۆساید كاری زیاتر بكرایه و وه‌ك كارتێكی فشار بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانمان به‌كار هێنرابوایه. چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به ئه‌نفالی دۆڵی جافایه‌تی خراونه‌ته‌ڕوو.
گۆڤاری شازده‌ی چوار، گۆڤارێكی تایبه‌ته ، ساڵانه له یادی كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وه‌سانان ده‌رچێت و تا ئێستا 10 ژماره‌ی لێده‌رچووه.