شه‌هید یونس ره‌حیم محه‌مه‌د ئابڵاخی ناسراو به حاجی یونس و حاجی یوسنی تۆپخانه‌ی شۆڕش، له دایكبووی ساڵی 1949ی گه‌ڕه‌كی ئابڵاخی شاری سلێمانی.
دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ئاماده‌یی له سلێمانی، ساڵی 1967 چۆته خولێكی سه‌ربازی له به‌غدا و به سه‌ركه‌وتویی ته‌واوی كردووه، ساڵی 1968 بۆته مامۆستا له كۆلێژی سه‌ربازی له به‌غدا، لێهاتوو و بلیمه‌ت بووه له فێركردن و وتنه‌وه‌ی وانه‌ی هونه‌ره‌كانی مه‌شقی سه‌ربازی و به‌تایبه‌تیش چه‌كی قورسی وه‌ك: هاوه‌ن و كاتوێشا و تۆپ و روپێوی سه‌ربازیی.
دوای ساڵانێك له خه‌باتی نهێنی له‌ناو ی.ن.ك -دا، ساڵی 1984 بۆته پێشمه‌رگه و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له گوندی هه‌ڵه‌دنی دۆڵی جافایه‌تی و به سه‌رپه‌رشتی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال باره‌گای تۆپخانه‌ی شۆڕش داده‌مه‌زرێنێت و چه‌ندین خولی سه‌ربازیی هونه‌ری به‌كارهێنانی چه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك: هاوه‌ن و كاتیۆشاو تۆپی قورس و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی روپێوكردنی سه‌ربازیی كردۆته‌وه بۆ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده و فه‌رمانده و پێشمه‌رگه، هه‌ر خولێكیش ماوه‌ی 40 شه‌وی خایاندووه، هه‌ر بۆخۆیشی له ساڵی 1987دا بۆته فه‌رمانده‌ی تیپی تۆبخانه‌ی شۆڕش.
كردنه‌وه‌ی ئه‌و خولانه گرنگ بوون بۆ گۆڕینی شه‌ڕی پێشه‌رگه بۆ شه‌ڕی به‌ره‌یی، له داستانی قه‌یوان -ماوه‌ت دا پێشمه‌رگه توانی به به‌كارهێنانی هاوه‌ن و كاتیۆشا و تۆپی قورس، گورزی گه‌وره له دوژمن بوه‌شێنێت، هه‌روه‌ها له شه‌ڕه‌كانی داستانی رزگاری و به‌رگریكردن له‌كاتی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال بۆ سه‌رگونده رزگاركراوه‌كانی كوردستان كه شه‌هید حاجی یونس خۆشی به‌شداریی له‌و شه‌ڕانه‌دا كردووه.
له راپه‌ڕینی 1991 و له‌كاتی رزگاركردنی كه‌ركوك و شه‌ڕی سه‌ربازگه‌ی خالیدا رۆڵی به‌چاوی هه‌بووه، پاشان له‌كاتی هێرشی سوپای به‌عس بۆداگیركردنه‌وه‌ی ناوچه ئازادكراوه‌كان، به‌فه‌رمانی سه‌ركردایه‌تی بڕیاری هێڵی به‌رگری له ده‌ربه‌ندی بازیان ده‌درێت و له‌وێ حاجی یونس چه‌ندین هاوه‌ن و تۆپ داده‌نێت بۆ به‌رگریكردن له شاری سلێمانی و ناوچه‌كانی دیكه، شه‌ڕێكی قاره‌مانانه و به‌رگرییه‌كی سه‌خت ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت حاجی یونس تا دره‌گانێكی عه‌سر له‌به‌رامبه‌ر هێرشی سوپای به‌عسدا به‌رگریی كرد، دوای ئه‌وه و له ئێواره‌ی 2/4/1991 له ده‌ربه‌ندی بازیان شه‌هیدكرا، دوای 45 رۆژ له شه‌هیدبوونی، ته‌رمه‌كه‌ی گه‌ڕێندرایه‌وه بۆ زێدی خۆی و له گۆڕستانی ئابڵاخ، به‌خاك سپێردرا.