چل تێز لەسەر جەنگی سارد

01:22 - 2024-04-15
دووتوێ
83 جار خوێندراوەتەوە
جەنگی سارد لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە سەرەتاكەی دەركەوت


ئیڤان ڤاندێن بێرخ
لە هۆڵەندییەوە: رێکەوت ئیسماعیل ئیبراهیم

ئەم تێزانە دوا بەشن لەو کتێبەی نووسەر ئیڤان ڤاندێن بێرخ کە لە دوو توێی 400 لاپەڕەدا لەسەر جەنگی سارد نووسیویەتی و تا ئێستا پێنج جار لە هۆڵەندا چاپکراوەتەوە. نووسەر ئەم بەشەی ناو ناوە (چل تێز لەسەر جەنگی سارد). دوای ئەوەی جەنگی سارد دەباتەوە بۆ بنەڕەتە مێژووییەکان و هەموو رووداوەکان لە ساڵی 1917 ەوە، دروست لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە شرۆڤە دەکات، هەتا کۆتایی کتێبەکە زۆر بە وردی و جوانی بنەما لۆژیکییەکانی ئەو ململانێیانە هەڵدەسەنگێنێت. لەم سۆنگەیەوە نووسەر دەگاتە ئەو باوەڕەی کە ئەم چل خاڵە بکاتە پێدراوێکی راستەقینە و حاشاهەڵنەگر لەسەر جەنگی سارد و وەکو تێز ناودێریان بکات.
شۆڕشی ئۆکتۆبەر و جەنگی سارد
1- جەنگی سارد ساڵی 1917 دەستی پێکرد. سیستمی سەرمایەداری نەیدەتوانی بەرگەی بوونی وڵاتێکی سۆشیالیستی وەک (یەکێتیی سۆڤێت) بگرێت. دەوڵەتە خۆرئاواییە بەهێزەکان و ژاپۆنیش پێکەوە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا پشتیوانییان لە ژەنراڵە سپییەکان دەکرد (1918 - 1920).
2- سەرکردەکانی سۆڤێت نەیاندەویست بچنە ژێر باری لەدەستدانی پانتاییەکی فراوانی خاکەکەیان لە شەڕی ئەڵمانیادا (1914 - 1917) و پۆڵەندا (1919 - 1920). ناوچە لەدەستدراوەکانیش ئەمانە بوون: فینلاند، ئێستلاند، لیتوانیا، بیسەرابیا، چەند بەشێکی روسیای سپی و ئۆکرانیا. جگە لە فینلاند، هەموو ئەو شوێنانە جارێکی تر لە ماوەی نێوان (1939 - 1945)دا بوونەوە بە بەشێک لە یەکێتیی سۆڤێت.
3- دوای ئەوەی بێهیوا بوون لە سەرهەڵدانی شۆڕشێکی کۆمۆنیستی لە ناوەندی ئەوروپا، سەرکردەکانی وەکو لینین و ستالین زۆر زوو باوەڕیان بە شۆڕشی نێونەتەوەیی نەما (1921). هەرچەندە زۆرجار کۆمینترەن زمانی هاندان و زبری بەکار دەهێنا، بەڵام لە راستیدا سەرقاڵی دروستکردنی سۆشیالیزم بوون لە یەک وڵاتدا، هەر بۆیە پەرۆش بوون بۆئەوەی کە باشترین پەیوەندییان هەبێت لەگەڵ وڵاتانی سەرمایەداریدا.

 

جەنگی سارد ساڵی 1917 دەستی پێکرد، لەبەرئەوەی سیستمی سەرمایەداری
نەیدەتوانی بەرگەی بوونی وڵاتێکی سۆشیالیستی وەک (یەکێتیی سۆڤێت) بگرێت

 

لە سەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانیدا
4- ساڵی 1939 ستالین زەندەقی لە ئەڵمانیا چوو بوو، دەیویست خۆی لە جەنگی ئەڵمانیا بە دوور بگرێت، چونکە دەیزانی کە رژێمەکەی تیادەچێت. پەیمانی بەرگری لەگەڵ فەرەنسا و بەریتانیا و پۆڵەندا دژی ئەڵمانیا بۆ ئەو مایەی خۆشحاڵی بوو، هەروەک چۆن پەیمانی دەستدرێژی نەکردنە سەریەکتری لەگەڵ ئەڵمانیا لە 23ی ئابی 1939 مۆر کردبوو. شکستی دانوستانەکان لەگەڵ رژێمە دیموکراتەکانی خۆرئاوا و پۆڵەندا بە تەنها هەڵەی ستالین نەبوو.
5- بە درێژایی ماوەی پەیمانی دەستدرێژی نەکردن لەگەڵ ئەڵمانیادا (23ی ئابی 1939-22 ی حوزەیرانی 1941)، ستالین وەک پاشکۆیەکی هیتلەر و بگرە گوێڕایەڵیش رەفتاری دەکرد.
6- لە کاتی هاوپەیمانییە مەزنەکەدا لە نێوان سۆڤێت و ئەمریکا و بەریتانیا دژی نازییەت، لە نێوان هاوپەیمانەکاندا گرژی و ئاڵۆزی هەبوو. بەریتانی و ئەمریکییەکان لەوە دەترسان ستالین بە تەنیا خۆی و لە پشتەوە پێچی لێبداتەوە و پەیمانی ئاشتی لەگەڵ هیتلەر ببەستێت، هەروەها ستالینیش لەوە نەدەگەیشت کە بۆچی هەمیشە دۆستەکانی خۆیان دوادەخەن و بەرەی دووەمی شەڕ ناکەنەوە، هەرچەندە لەو بارەیەوە بەردەوام بەڵێنیان دەدا، ستالین لەو باوەڕەدا بوو کە ئەمریکییەکان بە خۆشحاڵییەوە تەماشای ئەڵمانیا و روسەکان دەکەن کە چۆن یەکتر تەفروتونا دەکەن. هاوپەیمانەکان لە دوا ساتەکاندا لە نۆرماندی بۆیە دابەزین زیاتر بۆ ئەوە بوو کە رێگە لە پێشکەوتنی زیاتری هێزەکانی سۆڤێت بگرن بەرەو ئەوروپای خۆرهەڵات، نەک بۆ تێکشکاندنی نازییەکان.
پێویستی بەوە نەدەکرد بە بۆمبی ئەتۆم لە ژاپۆن بدرێت
7 -سۆڤێتییەکان ئەڵمانیای نازییان تێکشکاند و ئەمریکاش ژاپۆنی ناچار کرد خۆی رادەست بکات.
8- ئەوروپا لە یاڵتا و تاران و پۆتسدام دابەش نەکرا. رێککەوتن لەسەر ئەوە کرا کە سۆڤێت مافی خۆیەتی دراوسێی و دۆستی هەبێت لە فینلاند، پۆڵەندا، هەنگاریا، رۆمانیا، بولگاریا. ئەوەش بە واتای ئەوە بوو کە ئەو دەوڵەتانە سیاسەتی دەرەکی خۆیان لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی سۆڤێت تەبا و هاوجوت بکەن و رێگایان پێ نەدرێت بچنە ناو هاوپەیمانییەکی دژە سۆڤێتەوە. لەگەڵ یەکێتیی سۆڤێت دەبوو پەیمانی دۆستایەتی مۆر بکەن و سۆڤێت بەڵێن بدات لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەڵمانیا هاوکاریان بێت. کەواتە ئەم وڵاتانە وەکو بەربەستێک دادەنران لەبەرامبەر هەر هێرشێکی تازەی چاوەڕوانکراو لەلایەن میلیتاریزمی ئەڵمانی دژ بە یەکێتیی سۆڤێت.
9- هیچ پێویستی بەوە نەدەکرد دوو بۆمبی ئەتۆمی بکێشرێت بە ژاپۆندا بۆ ئەوەی ناچاری خۆبەدەستەوەدانیان بکات، ئەوان زووتر لە مانگی حوزەیرانی 1945دا ئامادەبوون خۆیان رادەست بکەن بەو مەرجەی ئیمپراتۆر پارێزراو بێت. سۆڤێتیش هەڵە نەبوو لەوەدا کە پێی وابوو ئەو بۆمبە ئەتۆمیانە هەوڵێک بووە بۆ ترساندنی ئەوان.
10- لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانیدا ئەمریکییەکان کە ئەتۆمیان مۆنۆپۆڵ کردبوو، لە رووی ئابووری و سەربازییەوە ببوونە زەبەلاحی دنیا. یەکێتیی سۆڤێت بیست و حەوت ملیۆن کەسی لەدەست دابوو، وێرای %40 توانا ئابوورییەکانی، بۆیە تامەزرۆ بوو هەناسەیەک بداتەوە.
جەنگی سارد لە دوای کۆتایی جەنگی دووەمی جیهان
11 -تاقیکردنەوەکان لەگەڵ هیتلەر رۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبوو لە کاردانەوەکانی هەریەکە لە ئەمەریکا و یەکێتیی سۆڤێت لە دوای جەنگ. ئەمریکییەکان هیچ گومانیان لەوە نەبوو کە ستالین هەرگیز ناشکێت و وەکو هیتلەر تینوی جەنگە، ستالینیش هێندی ئەوەی کە لە هیتلەر ترسابوو، لە ئەمریکییەکانیش دەترسا، بەڵام هاوشێوەی ساڵانی (1939 - 1941) لە جیاتی ئەوەی ملکەچ و گوێڕایەڵ بێت، خۆبەزلزان و ملهوڕ بوو.
12- کۆمۆنیستەکانی پۆڵەندا هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1947یان تەزویر کرد، چونکە دڵنیابوون کە هەرگیز حکومەتێکی دۆستی سۆڤێت بە هەڵبژاردن نایەتە ئاراوە. پۆڵەندییەکان سنووری تازە و دەستوەردانی سۆڤێتیان رەتدەکردەوە. لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپای خۆرهەڵاتدا، کۆمۆنیستە لۆکاڵەکان لە ماوەی نێوان (1946 - 1948)دا لە رێگای کودەتاوە دەسەڵاتیان بەدەست دەهێنا. بەڵگەی ئەوە لەبەردەستدا نییە کە ئەو کودەتایانە بە فەرمانی ستالین کرابێتن، ستالین لە مارشاڵ پلاندا 1948 قایل بوو بەوەی کە ئەوروپای خۆرهەڵات (فینلاندیزە) بکرێت.
13- پلانی مارشاڵ (1948 - 1952) درزێکی تەواوی خستە نێوان هاوپەیمانە کۆنەکانەوە. ئەمریکییەکان ویستیان لە رێگای فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی لە ئەوروپای خۆرئاوا، ئاو بکەنە ژێر کۆمۆنیستەکان. ستالین لەو باوەڕەدا بوو کە ئەوروپای بەهێزی خۆرئاوا، لەوانەش ئەڵمانیای خۆرئاوای گەشەسەندوو رەنگە بتوانێت باندۆرێکی راستەقینە بێت بۆ راکێشانی ئەوروپای خۆرهەڵات و لە کۆتاییدا ئەوروپای خۆرهەڵات خۆی لە خولگەی سۆڤێتی دوور بخاتەوە، هەروەها ئەو لە ئەنگێزەی تۆڵەکردنەوەی ئەڵمانیایەکی بەهێز، بە پشتیوانی هێزی ئەتۆمیی ئەمەریکا دەترسا، ئەو لەمەدا تەواو هەڵە بوو. ئەو پەردە ئاسنینەی کە وەک کاردانەوە بەرامبەر بە پلانی مارشال دروستیکرد و ئەوروپای بە توندی داخست، بووە هۆکاری سەرهەڵدانی تیرۆری ستالینی و سووتەمەنی بۆ جەنگی سارد.

 

جەنگی گەورەی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا هەڵنەگیرسا، نەک لەبەر ئەوەی هەڕەشەی لەناوبردنی یەکجارەکی یەکتر لە گۆڕێدا بوو، بەڵکو ئەو جەنگە هەڵنەگیرسا لە بەرئەوەی هیچ کامیان ئەوەی نەدەویست

 

پێشبڕکێی چەک جڵەوی بەدەست کەسەوە نەمابوو
14- یەکێتیی سۆڤێت هەرگیز پلانی هێرشکردنە سەر ئەوروپای خۆرئاوا و داگیرکرنی نەبووە. سەرکردەکانی خۆرئاوا هەمیشە ئەو راستییەیان زانیوە. ئەو کەرەستە بەرگرییانەی کە پەیمانی ناتۆ جێگیری دەکردن لە بەرامبەر ئامانجەکانی یەکێتیی سۆڤێت نەبوون، بەڵکو دژی کەرەستە بەرگرییەکانی خودی یەکێتیی سۆڤێت بوون. لە دوای مردنی ستالین -ماوەیەکی کەم نەبێت- سەرکردەکانی سۆڤێتیش باوەڕیان بە هێرشێکی خۆرئاواییەکان نەبوو، بۆیە پێشبڕکێی چەک خۆی ببووە خۆراکی خۆیی و جڵەوەکەی بەدەست کەسەوە نەمابوو.
15- دوور لە هێرشی سۆڤێت، سەرکردەکانی ئەمەریکا و ئەوروپای خۆرئاوا لەوە دەترسان پارتە کۆمۆنیستەکان بە ئامرازی دیموکراسی لە فەرەنسا و ئیتالیا دەسەڵات بگرنە دەست.
16- کاتێک ستالین لە بەهاری 1948دا هەستی بەوە کرد کە خۆرئاواییەکان دەخوازن ئەڵمانیایەکی خۆرئاوای سەربەخۆی بەهێز و پڕچەک دروست بکەن، یەکێک لە مەترسیدارترین ساتەکانی جەنگی سارد هاتە ئاراوە. ئەو راستییە ستالینی حەپەساند، لەبەر ئەوەی جەنگە کوشندەکە هێشتا سێ ساڵی تەواو نەکردبوو، جەنگێکی تر نەدەکرا، بۆیە کاردانەوەی تاک و لاوازی ئەوە بوو کە رێگاکان بۆ ناو بەرلین دابخات. ستالین دەیویست لە هەموو حاڵەتێکدا خۆی بە دوور بگرێت لە ململانێی چەکدارانە لەگەڵ ئەمەریکا، هەر بۆیە ئابلوقەکەش بە تەواوی نەبوو. کەرەستە و پێداویستی خۆراک بۆ ناو بەرلینی خۆرئاوا هەر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سۆڤێتەوە دەچوو، چونکە ئەو پردە ئاسمانییەی هاوپەیمانەکان دروستیان کرد، بەشی ئەوەی نەدەکرد خۆراک بۆ دانیشتوانی بەرلینی خۆرئاوا دابین بکات و ژیانی رۆژانەیان مسۆگەر بکات.
ئەوان زیاتر ناسیۆنالیست دەهاتنە بەرچاو
17- ستالین بەهۆی نەخۆشیی پارانۆیدەوە هەرگیز نەیدەتوانی لێبوردە بێت بەرامبەر بە سەرکردە کۆمۆنیستە سەربەخۆکانی وەکو تیۆ و ماو، ئامادە نەبوو ئەوانە لە ریزی خۆی دابنێت، بۆیە ئەمانە زیاتر دژایەتی کران نەک هاوکاری.
18 -وێڕای عەقیدە و باوەڕیان، سەرکردە کۆمۆنیستەکان زیاتر ناسیۆنالیست دەهاتنە بەرچاو، نەک ئینتەرناسیۆنالیست، ئەمەش بۆ خۆی بەشێک لە هۆکاری ململانێی نێوان چین و سۆڤێت دەخاتەڕوو.
19- کاتێک دیکتاتۆری کۆریای باکوور کیم سونگی دووەم لە 25ی حوزەیرانی 1950دا هێرشی کردە سەر دیکتاتۆری راستڕەو سینیگمان ری لە کۆریای باشوور، ئەمە بە ئاگاداری ستالین و ماو رویدا، ئەو دووانە هیچکامیان فەرمانی هێرشەکەیان نەدابوو، بەڵکو لاری نەبوونیان پێدابوون. دوای لێدوانێکی (دیان ئاشەسۆن)، گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی کە ئەمەریکا کاری بەسەریانەوە نابێت. کیم سونگی دووەم دڵنیایی ئەوەی پێدابوون کە شەڕێکی ناوخۆیی لۆکاڵی دەبێت و بە ئاسانی سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. ئەمریکی و سۆڤێت و چینییەکان بەبێ خواستی خۆیان پەلکێشی ئەم شەڕە کران. هەردوو لایەنی کۆریا کڵاویان کردە سەریان.
20- ماو زیاتر نوێنەری جوتیارانی سەرهەڵداو بوو لە دژی فیوداڵەکان، نەک هەڵگری بیروباوەڕی مارکسی – لینینی.
21- ستالین و دواتریش مۆلۆتۆڤ و بێریا زۆریان هەوڵدا بۆ یەکخستنەوەی ئەڵمانیا و بێلایەنکردنی، دەکرا ئەو ئەڵمانیایە دیموکرات و سەرمایەداریش بێت ئەگەر پێویستی بکردبا. سۆڤێت ئامادە بوو قوربانی بدات بە رژێمی ئۆڵبرێشت، بەڵام سەرکردە خۆرئاواییەکان و ئەوانەی ئەڵمانیای خۆرئاواش ئەم پێشنیازەیان لا پەسەند نەبوو.
رۆڵی پەیمانی ناتۆ و وارشۆ  لە توندکردنەوەی جەنگی سارددا
22- دامەزراندنی پەیمانی وارشۆ کاردانەوەیەکی راستەوخۆی یەکێتیی سۆڤێت بوو بەرامبەر بە پڕچەککردنی ئەڵمانیای خۆرئاوا (1955).
23 -پەیمانی برۆکسل کە بە یەکێتیی ئەوروپای خۆرئاوا ناوی دەبرا (1995 - 2000) پەیمانێکی توند ترە لە پەیمانی ناتۆ (1949). ئەو پەیمانە هەموو لایەنەکان پابەند دەکات کە دژی دەستدرێژیکردنی بێگانە هەنگاو بنێن، پەیمانی ناتۆ کەمتر توندە لەسەر ئەو بابەتە.
24 -لە دوای پەیدابوونی چەکی ئەتۆمەوە چەندین تیۆری ستراتیژی گرنگ پەیدابوون، دەتوانین هەموو ئەو تیۆرانە بگەڕێنینەوە بۆ هەوڵدان لە پێناوی لەناوبردنی یەکجارەکی یەکتر (MAD).
25- ئەگەر گریمانەی ئەوە پەسەند بکەین کە بەهۆی (لەناو بردنی یەکجارەکی یەکتر)ەوە جەنگی سێیەمی جیهان هەڵناگیرسێت، ئەوە دەتوانین بڵێین کە ئەو بیرۆکەیە بەس بوو بۆ هەردوو لایەن کە تەنها پەنجا ژێردەریایی ئەتۆمییان هەبێت و بیست کڵاوەی ئەتۆمی دوورمەودایان هەڵگرتبێت، ئیتر ئەو کات هەموو چەکەکانی تر زیادە دەمانەوە.
26- جەنگی گەورەی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا هەڵنەگیرسا، نەک لەبەر ئەوەی هەڕەشەی لەناوبردنی یەکجارەکی یەکتر لە گۆڕێدا بوو، بەڵکو ئەو جەنگە هەڵنەگیرسا لە بەرئەوەی هیچ کامیان ئەوەی نەدەویست.
پێشبڕکێی چەک و لەتوپەتکردنی ئەوروپا
27 -دەستوەردانی یەکێتیی سۆڤێت لە هەنگاریا ساڵی 1956 و پەیمانی وارشۆ لە چیکوسلۆڤاکیا لە ساڵی 1968دا، دەکرێت وەکو کێشەیەکی ناوخۆی بلۆکی خۆرهەڵات تەماشا بکرێت، چونکە ئەوەی نەسەلماند کە یەکێتیی سۆڤێت بە نیازی دەستدرێژیکردن بووبێت بۆ سەر ئەوروپای خۆرئاوا. دەتوانین هەمان شت لەسەر تیرۆریزمی ترسناکی ستالینیی بڵێین.
28 -ڤیدڵ کاسترۆ کە ناسیۆنالیستێکی چەپ بوو، دواتر بوو بە کۆمۆنیست و چووە بەرەی سۆڤێتەوە، بەهۆی باوەڕی خودی خۆیەوە نەبوو بە مارکسیزم، بەڵکو کاردانەوە بوو بەرامبەر بە ملهوڕییەکانی ئەمەریکا.
29- هەریەکە لە ئەمەریکا و یەکێتیی سۆڤێت پارە و کەرەسەیەکی زۆریان خەرجکرد لە پێناوی هێرشکردنە سەر شوێنێک یان پاراستنی ناوچەیەکی تەڵخی هەژموون لە جیهانی سێیەمدا. تەنها ئامانجێک لەو کارانە ئەوە بووە کە رێگا لە نەیارەکەیان بگرن دەسەڵاتی خۆی بڵاوبکاتەوە لەو شوێنە. ئەو دەستوەردانانە زۆربەی جاران ئەنجامی پێچەوانەی بەدەست دەهێنا و دواتریش دەردەکەوت ئەوەی بە دەست هاتووە شایەنی ئەو هەموو هەوڵ و کۆششە نەبووە.
30- لە پترۆسی گەورەوە هەتا دەگاتە لینین، ستالین، خرۆشۆڤ، بریژنێڤ و هەتا گۆرباچۆڤ سەرکردەکانی روس هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوون پەیوەندییەکی دۆستانەیان لەگەڵ ئەوروپای خۆرئاوا هەبێت، ئەوە کارێکی زۆر پێویست بوو بۆ ئەوەی بتوانن تەکنۆلۆجیای خۆرئاوا بەدەست بهینن کە زۆر پێویستیان پێی بوو، هەوڵی نزیکەی 300 ساڵ بۆ ئەوەی روسیا بگەیەننە ئاستی تەکنۆلۆجیای ئەوروپا کە تا ئەو کاتیش سەری نەگرتبوو، تەکنۆلۆجیای بەو ئاستەی خۆرئاوا لە کۆمەڵگەیەکی دەرەبەگی و ئەرتۆدۆکیسدا هەرگیز گەشە ناکات.
هەوڵێکی شکستخواردووی خرۆشۆڤ
31- جێگیرکردنی موشەکی کورت مەودا و ناوەند مەودا لە لایەن خرۆشۆڤەوە لە کوبا ساڵی 1962 هەوڵێکی شکستخواردوو بوو لە پێناو بەدەستهێنانی هەلی یەکساندا. ئەمەریکا پێشتر توانیبووی بە دڵی خۆی رۆکێتی درێژمەودا و ناوەند مەودا لە ئەوروپای خۆرئاوا جێگیر بکات، خرۆشۆڤ دووچاری شکستێکی قووڵ بۆوە، ناچار بوو باڵادەستیی سەربازی ئەمەریکا بسەلمێنێت.
32- ئەمریکییەکان لەو باوەڕەدا بوون کە دەبێت ڤێتنام کاول بکەن بۆ ئەوەی لە کۆمۆنیزم رزگاری بکەن.
33- دوای ئەوەی هەریەکە لە نیکسۆن و کیسینجەر و بریژنێڤ رێکەوتنی (ساڵت)یان لە ساڵی 1972دا مۆرکرد و دوای ئەوەی ویللی براندت بەرپرسیارێتی ئەڵمانیای لە جەنگ و لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە خاکی ئەڵمانیای بە رەسمی ناساند (1969 - 1973)، دەکرا راستەوخۆ جەنگی سارد کۆتایی بێت. دەکرا کۆنگرەی هێلسنکی لە 1975دا بکرایەتە ئاهەنگی کۆتایی جەنگ. پرسی ئەڵمانیا چارەسەرێکی گونجاوی بۆ دۆزرایەوە و ئیتر سۆڤێتییەکان چیدیکە لە تۆڵەسەندنەوەی ئەڵمانیا نەدەترسان، بەڵام ململانێ بۆ بە دەستهێنانی ناوچەی ناڕۆشنی دەسەڵات لە جیهانی سێیەمدا سەرلەنوێ گرژی و ئاڵۆزی هێنایە ئاراوە.
34- زۆر کەس هەستی بە کامەرانی کرد، کاتێک بەهاری پراگ کۆتایی هات (ئابی 1968)، سەرمایەدارە سوننەتییەکان و کۆمۆنیستە توندڕەوەکان هەردولایان لە سۆشیالیزمێکی مرۆڤدۆستانە دەترسان.
35- دەرکەوت کە ئاسانتر و هەرزانترە ئەگەر یەکەمجار لە رێگای دانوستانەوە، موشەکەکانی هەردوو لا کەم بکرێنەوە، نەک چاوەڕوان بن. ئەگەر هەردوولایەن ئەمەریکا و سۆڤێت لە پێشدا سیستمی رۆکێتی ستراتیژی (SDI) دروست بکەن و دواتر دانوستان بکەن بۆ لەناوبردنی ئەوە دەبێت بزانین لە بنەڕەتا ئەو موشەکانە زیادە بوون!

 


ستالین بەهۆی نەخۆشیی پارانۆیدەوە هەرگیز نەیدەتوانی لێبوردە بێت بەرامبەر بە سەرکردە کۆمۆنیستە سەربەخۆکانی وەکو تیتۆ و ماو، ئامادە نەبوو ئەوانە لە ریزی خۆیدا دابنێت، بۆیە ئەمانە زیاتر دژایەتی کران نەک هاوکاری

 

 

هەرەسی بلۆکی خۆرهەڵات
36- بە شێوەیەکی گشتی ئەو وتەیە باو بوو کە کۆمۆنیزم هۆکاری چەقبەستنی ئابووری و هەموو ئەو نەهامەتیانەیە کە بەسەر ئەوروپای خۆرهەڵات و یەکێتیی سۆڤێتدا هاتووە، بۆیە دەگوترا کە چارەسەر لەوەدایە کۆمۆنیزم رەت بکرێتەوە و لە شوێنی ئەو بازاڕی ئازاد و دیموکراسی پەیڕەو بکرێت. کاتێک دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە هەڵە دەبێت، ئەوە چارەسەرەکەش زۆر کەم سودبەخش دەبێت.
37- کۆمۆنیزم لەبەر ئەوە هەرەسی نەهێنا کە ریگان لە پێشبڕکێی چەکدا بردییەوە. بەر لەوەش کە ریگان بێتە سەر دەسەڵات، گۆرباچۆڤ و ژمارەیەک لە هاوبیرانی بە نیازی جێبەجێ کردنی چاکسازی بوون لە سیستمی سۆڤێتیدا، گلاسنۆست و پیرۆسترۆیکا لە ساڵی 1991دا بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لە گرێژەنە دەرچوون و بوونە هۆکاری هەرەسهێنانی کۆمۆنیزم و یەکێتیی سۆڤێت. پێشتر هاووڵاتیانی ئەوروپای خۆرهەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە رژێمە کۆمۆنیستە گەندەڵەکانیان لە 1989دا راماڵی. رێکخراوی سۆڵیدارنۆشک و پاپا یۆحەننا پۆڵسی دووەم، رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە رۆخانی رژێمی کۆمۆنیستی پۆڵەندا، ئیتر دوای ئەوە وەک کاریگەری دۆمینە ئەوانی تریش کەوتن.
38- سیستمی کۆمۆنیستتی یەکێتیی سۆڤێت شێوەیەکی تایبەت بوو لە مارکسیزم، کە لینین ڤێرژنێکی تایبەت بە روسیای لێدروست کرد، ئەوەش هەڵقوڵاوی کەلتوری ئەرتۆدۆکسی بوو بە ناوی لینینیزم کە ستالینیزم درێژە پێدەری بوو. ئەگەر مارکسیزم لە ئەڵمانیا و فەرەنسا بچەسپایە، ئەوە دۆخەکە تەواو بە جۆرێکی تر دەکەوتەوە. وڵاتانی پاشکۆی سۆڤێت بە ناچاری ستالینیزمیان پەیڕەو کرد. لینینزم و ستالینیزم تەواو نامۆ نەبوون بە روسەکان، ئەوە هەرگیز راست نییە کە دەگوترێت لینینیزم و ستالینیزم روسیایان گەیاند بەو رۆژە، بە پێچەوانەوە ئەوە روسەکان بوون کە مارکسیزمیان گۆڕی بە لینینیزم و ستالینیزم. بە دڵنیاییەوە گۆرباچۆڤ هەڵە نەبوو کاتێک لەو باوەڕەدا بوو کە فۆرمێکی پەسەندکراوتر لە سەروی هەموشیانەوە بەرهەمدارتر و مرۆڤانەتر لە لینینیزم گونجاوتر دەبێت لە بازاڕی ئازاد بۆ روسەکان.
رەنگە ململانێکە کۆنتر بێت
39- ناتوانین لە دۆخی کۆمەڵەی وڵاتانی سەربەخۆ (CIS) و ئەوروپای خۆرهەڵات تێبگەین، بەبێ ئەوەی بارودۆخی ئەو وڵاتانە بزانین بەر لە سەرهەڵدانی کۆمۆنیزم، واتە پێش ساڵی 1917، یان 1945. جگە لە وڵاتانی بەڵتیک و کۆماری چیک و سلۆڤینیا، زۆربەی ئەو وڵاتانە هێشتا نیمچە فیوداڵ و زۆر دواکەوتوو بوون. لە دەرەوەی سەرمایەداریدا دەژیان و ملکەچی فۆرمێک لە فۆرمەکانی کۆلۆنیالی بوون، پیشەسازییەکی زۆر کەم هەبوو ئەویش لە ژێر دەسەڵاتی بێگانەدا بوو، بەشێکی زۆر لە بازرگانی تاک و کۆ لە دەستی جووەکاندا بوو. تەنانەت ئەگەر رژێمی کۆمۆنیستیش نەبوایە ئەو وڵاتانە هەر دوواکەوتوو دەمانەوە و کەمتر گەشەیان دەکرد لە چاو خۆرئاوادا.
40- دەتوانین لە گۆشەنیگای ئەوەشەوە تەماشای جەنگی سارد بکەین کە ململانێیەکی کۆن بوو لە نێوان ئەرتۆدۆکسی و ئاینزاکانی دیکەی کریستیانیدا، چونکە جیاوازییەکی یەکجار زۆر لە نێوان ئەقڵیەتی کاڵڤینیستی ئەمەریکی و ئەرتۆدۆکسی روسیدا هەبووە، هێشتا ئەگەری ئەوە هەیە کە لە داهاتوودا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا سەرهەڵبدات، ترس لە دوژمنی هاوبەش لەوانەش بۆ نموونە چین و ئیسلامی فەندەمێنتاڵ، رەنگە هەردوو ئەو لایەنە لەیەکتر نزیک بکاتەوە.

ڤلادیمێر لینین

                                           چەرچڵ                                                                                            رۆزفێڵد

  

                      هۆشی منە                                                       نيكيتا خرۆشۆڤ                                                     ستالین  

جەنگ سارد لە نێوان بلۆکی خۆرهەڵات و خۆرئاوادا ململانێی هەژموونە


بابەتە پەیوەندیدارەکان