هه‌وراز كاوه
چیرۆكی كۆچه‌رێكی كورد و هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن، هاوشێوه‌ی هه‌نگاوه‌كانی بێلا گۆتمانی هه‌نگارییه، ئه‌و چاره‌نووسی له نیشتمانێكی له‌تكراودا بوو، كاتێك له‌دایك ده‌بێت كورد بوون سه‌خت و ڕۆژگاره‌كانی وڵات تاریك و سفره‌ی خێزان چۆڵ، بۆیه هه‌رچه‌ند بته‌وێت وێنه‌ی منداڵێكی به‌خته‌وه‌ر له‌م چیرۆكه‌دا بكێشی، بێگومان وێنه‌كه هه‌ر ڕەش و تاریكه، بۆیه ده‌بێت به هه‌ناسه‌یه‌كی سارده‌وه به نوكی قه‌ڵه‌م ڕەساسه ڕەشهكهم، وێنه‌كه بخه‌مه چوارچێوه‌ی ژیانی پڕ له حه‌سره‌تی ئه‌م نیشتمانه لهتكراوه.
كاتێك قه‌یس نه‌جمه‌دین بڵباس پێیه‌كانی تۆپ ده‌گرێت، ماندوو ماندوو له‌گه‌ڵ وه‌ستا قادری برای ده‌یانه‌وێت، له وڵاتی پڕ له ئاشووبی شه‌ڕی ناوخۆ بگه‌ن به‌خۆر، به‌ڵام له‌وكاته‌دا باوكی به‌رگه ناگرێت و كۆچی دوایی ده‌كات و دواجاریش دایكیشی ناتوانێت به‌بێ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ستی منداڵه‌كانی بگرێت و ئه‌ویش به پرچێكی ماش و برنجی و كراسێكی ڕەشهوه، قه‌یس و قادر و كچه‌كانی به‌ژانی ڕۆژی له دایكبوونیانهوه جێده‌هێڵێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیهانی ئه‌به‌دی خۆی.
ئه‌وكاته‌ی دایكی قه‌یس كۆچی دوایی ده‌كات، ئه‌م لاوه هه‌نگاوێكی به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن له جیهانه بچوكه‌كه‌ی خۆی نا، به‌ڵام ئه‌فسووس له‌وكاته‌دا نه‌ك هه‌ر نیشتمانی نامێنێت، به‌ڵكو سێبه‌ر و ئارامی ڕۆحیشی به یه‌كجاری ده‌ڕوات، ئه‌وكاته‌ی قه‌یس له‌سه‌ر یاریگای فرانسۆ هه‌ریری هه‌واڵی مه‌رگی دایكی پێده‌ڵێن، ده‌ستی له‌سه‌ر كهلەکەی داده‌نێت و بۆ یه‌كه‌مجار سه‌ره‌ڕای برسێتی و شه‌ڕی ناوخۆ و بێكه‌سی له‌سه‌ر چۆك داده‌نیشتێت و پێڵاوی یارییه‌كانی له یاریگای فرانسۆ هه‌ریری جێده‌هێڵت، چونكه ده‌یه‌وێت به‌خێرایی بگات به‌ڕۆحی دایكی و پێی بڵێت؛ ئه‌ی نیشتیمان، ئه‌ی به‌هه‌شتی ئێمه، ئه‌ی تاكه تروسكه، ئه‌ی تۆ بۆ؟ ئه‌ی ئێمه له‌م زه‌ریا تاریكه‌دا ده‌سپێری به‌كێ؟.
ئه‌وكاته‌ی قه‌یس ده‌گاته كاروانی كۆچی دایكی ڕوح ئاوابووه، خۆر ئاوه بووه، گۆڕستانیش ئاوا بووه، بۆیه هه‌ر ئه‌و شه‌وه له‌سه‌ر گڵكۆی پیرۆزی دایكی و له‌پاڵ ئارامگه‌كه‌ی باوكی جانتای سه‌فه‌ر و كۆچ به‌ره‌و وڵاتی غه‌ریبی ده‌پێچێته‌وه و به‌چاوی پڕ له فرمێسك و خوێنه‌وه جێیاندههێڵیت، له‌وكاته‌دا ته‌نیا ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر خۆڵی گۆڕی دایكی ده‌نوسێت؛ تۆ ئێستا له نیشتیمانی خۆت و له‌پاڵ باوكمدا غه‌ریب نیت، به‌ڵام من ئێستا هیچ نیشتیمانێكم نییه، جگه له نیشتمانی غه‌ریبی!.
چیرۆكی قه‌یس بڵباس له چیرۆکی ئەو ڕاهێنه‌ره جوله‌كه هه‌نگارییه بێ نیشتیمانه ده‌چێت کە هه‌موو جیهان گه‌ڕا، تا به ئارامی و له ئاسمانی هیواكانی خۆیدا بژی ئه‌ویش بێلا گۆتمانه، ساڵی 1899 له خێزانێكی جوله‌كه، له ناوچه‌یه‌كی هه‌ژارنشینی شاری بوداپێست له‌دایكبووه، سه‌ره‌تا ئه‌ندامی تیپی سه‌مای تیپه‌كه‌ی دایك و باوكی ده‌بێت، پێش ئه‌وه‌ی بزانێت، كه پێیه‌كانی به‌ختێكی باشتریان هه‌یه، سه‌مای ده‌كرد و دواتر هه‌نگاوه‌كانی وه‌كو یاریزانێكی نایاب هه‌ڵگرت و بووبه ئه‌و كه‌سه‌ی نازییه‌كانیش به‌دوایدا ده‌گه‌ڕان.
ئه‌و وه‌ك یاریزانێكی گه‌نجی ناوه‌ڕاستكار نازناوی خولی ههنگارییای له ساڵانی بیسته‌كاندا به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام ئه‌م جۆره ڕۆژانه، بۆ خێزانه جووله‌كه هه‌نگارییه‌كان قورسبوون، چونكه ڕژێمی هۆرتی به‌شێك بوو، له شه‌پۆلێكی نوێی دژە جوله‌كه‌كان، كه دواتر زۆرێك له ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپای گرته‌وه و گۆتمانی گه‌نج به ده‌ربه‌ده‌ری خۆی گه‌یانده نهمساو گه‌شته‌كانی وه‌ك ڕاهێنه‌ر ده‌ستپێكرد و په‌یوه‌ندی به یانه‌یه‌كی ڤییەنناوه كرد، ئه‌و له‌وێش دیسانه‌وه نازناوه‌كانی به‌ده‌ستهێنایه‌وه.
ئه‌م بێ نیشتیمانه له ژیانی خۆیدا ڕاهێنه‌ریی زياتر له 23 یانه و تیپی كردووه، هه‌روه‌ها زۆرێك له وڵاتانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا گه‌ڕاوه، دواتر له نێوان جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانیدا سوپای نازییه‌كان كاتێك ده‌گه‌نه پۆڵه‌ندا و هه‌نگاریا، به‌شێك له خێزانه‌كه‌ی ئه‌ویش له هۆڵۆكۆستدا ده‌كوژن و جارێكی دیكه گۆتمان به ناچاری ڕوده‌كاته ڕۆمانیا، دواتر له‌وێ له‌گه‌ڵ یانه‌ی سیۆكانول گرێبه‌ست ده‌كات، گرێبه‌ستی ئه‌م گه‌وره ڕاهێنه‌ره ئه‌وه‌یه ئیداره‌ی ئه‌و یانه‌یه به‌شێك له مووچه‌كه‌ی ڕۆژانه به خۆراك و گژوگیا بده‌ن به خێزانه‌كه‌ی، تا له برساندا نه‌مرن!
گۆتمان دوو جار له ساڵانی سه‌ره‌تای شه‌سته‌كان خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپایان، بۆ ده‌باته‌وه و كۆتایی به باڵا ده‌ستی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید ده‌هێنێت كه پێنج جار له‌سه‌ریه‌ك نازناوه‌كه‌ی بردبۆوه، ئه‌وه‌بوو دوای ئه‌و نازناوانه گۆتمانی ئاواره داوا له سه‌رۆكی یانه‌ی به‌نفیكا ده‌كات مووچه‌كه‌ی بۆ زیاد بكات، ئه‌ویش ڕەتیدهكاتهوه و ناوبراو له‌و تیپه ده‌ڕوات و ده‌ڵێت؛ تا 100 ساڵی دیكه یانه‌ی به‌نفیكا نازناوی ئه‌وروپا ناباته‌وه.
ڕاسته ئه‌وه‌ی باسم كردووه چیرۆكێكی جوانه و ده‌كرێت مرۆڤ له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵبكات، به‌ڵێ له كۆتایدا گۆتمان له‌نێوان ترس و مردن و هه‌ڵهاتن و برسێتی گه‌یشته لووتكه و ده‌ستی به‌خۆر گه‌یشت، به‌ڵام دواجار له باوه‌شی ڤییەنای پایته‌ختی نه‌مسا له ته‌نیشت ڕووباری دانووبه‌وه به غه‌ریبی له‌پاڵ گۆڕستانی زێنترا فریدهۆف كۆچی دوایكرد.
كاتێك قه‌یس نه‌جمه‌دین بڵباس پێیه‌كانی تۆپ ده‌گرێت و هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و خۆر هه‌ڵده‌گرێت، ماندوو ماندوو له‌گه‌ڵ وه‌ستا قادری برای ده‌یانه‌وێت، له وڵاتی پڕ له ئاشووبی شه‌ڕی ناوخۆ بگه‌ن به‌خۆر، به‌ڵام له‌وكاته‌دا باوكی به‌رگه ناگرێت و كۆچی دوایی ده‌كات
ئه‌وه‌تا قهیسهكهی كوردیش له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی بە كیشوه‌ری ئه‌وروپا یاری ده‌كات و ڕاده‌كات و تیپ دروست ده‌كات و دواجار خه‌ونه‌كانی وه‌كو ڕاهێنه‌رێك، له دایك ده‌بێت.
ئه‌و له ئۆسلۆی به‌سته‌ڵه‌ك و سه‌رمادا، له‌نێو دژوارترین ڕۆژەكانی وڵاتی سپی‌دا نیشتیمانه‌كه‌ی خۆی له‌یاد ناكات، كه دواتر له یاریگاكانی باكووری ئه‌وروپا تۆپێك ژان ده‌یگرێت و یانه‌یه‌ك له‌دایك ده‌بێت و ناوی ده‌نێن چوارچرا، ئه‌و چوار چرایه‌ی ئه‌مڕۆ ڕەمزی ناسنامه‌ی گه‌لێك و قازی محەمەدی سه‌رۆك و كاپیتان محمدی مه‌ولوده.
ئه‌و كاته‌ی قه‌یس جانتای غه‌ریبی و تۆزاوی نیشتیمانه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه، له ته‌نیشت یاریگای یانه‌كه‌یه‌وه ده‌بێته ڕاهێنه‌ر و دوای ماوه‌یه‌ك بڕوانامه‌ی ڕاهێنه‌رایه‌تی پله‌ی (B) به‌ده‌ست ده‌هێنێت، له‌وێش له‌سه‌ر باره‌گای یانه‌كه‌ی ئاڵای كوردستان هه‌ڵده‌كات و ده‌یخاته سه‌ر سنگی درێسی تیپه‌كه‌یشی، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌نده نابات گڕ له خولی نه‌رویجی به‌رده‌ده‌ن و له‌گه‌ڵ نه‌خشه‌كانی تۆپی پێ ته‌واوی نه‌خشه‌ی كوردستانی له‌تكراو ده‌سڕێته‌وه و ده‌یكاته‌وه به نه‌خشه‌ی كوردستانی گه‌وره.
هه‌موو یانه‌كانی نه‌رویج، وه‌كو ڕاهێنه‌رێكی كوردستانی ده‌یناس، ئه‌وه‌تا ئه‌م پیاوه جوانه‌ی كوردە، ئه‌م كوڕە به‌ژن مام ناوه‌ند و پرچ ڕەشه، له وڵاتی جه‌نگاوه‌ره ڤایكینگهكانهوه له‌سه‌ر هێڵی یاریگاو رووبه‌ره سه‌وزه‌كانی یانه‌ی (گێلێرئۆسن) نه‌رویجی یه‌كه‌م ئه‌زموونی خۆی تێست ده‌كات و ده‌یه‌وێت له‌وێوه خۆر بۆ وڵاتی (مهم و زین) بێنێته‌وه، هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت پاش ئه‌م هه‌موو دابڕانه، سه‌رێك له گۆڕی دایكی بداته‌وه، تا به ده‌سته‌كانی گله‌یی نامه‌ی جێهێشتنی كۆچی دایكی له‌سه‌ر گڵكۆكه‌ی بسڕێته‌وه و پێی بڵێت؛ ببوره دایكه تۆ ئێمه‌ت جێنه‌هێشت، به‌ڵكو ڕۆیشتی تا ئێمه‌ش كۆچ بكه‌ین و له ڕێگه‌ی تۆپه‌وه نیشتیمانی دزراوی خۆمان، بۆ ئه‌م وڵاته بهێنینه‌وه.