پ. ی. د. ئه‌حمه‌د باوه‌ڕ*
هێمن:
برا نووسه‌ر و شاعیره‌كانم مێژووی كورد مه‌سئولییه‌تێكی گه‌وره‌ی خستۆته سه‌رشانی ئێوه، چاره‌نووسی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی له ده‌ستی ئێوه‌دایه
دامه‌رزاندنی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد ده‌ستكه‌وتێكی مێژووییه
هێمنی شاعیر له وتارێكیدا كه له‌یادی سێ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورددا له‌به‌غدا خوێندویه‌تییه‌وه، ستایشێكی زۆری ئه‌و بارودۆخه ده‌كات كه له‌و ماوه‌یه‌دا و له‌سه‌روبه‌ندی به‌یاننامه‌ی 11ی ئازاری 1970 دا بۆ گه‌لی كورد و نووسه‌ری كورد ره‌خساوه له عیراق و باشووری كوردستاندا. وه‌ك له سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: «خوشك و برا خۆشه‌ویسته‌كان! شاعیر‌و نووسه‌ره به‌ڕێزه‌كان! له‌پێشدا وه‌ك برایه‌كی دڵسۆز وه‌ك شاعیرێكی ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر، وه‌ك كوردێكی ئێران و ئه‌ندامێكی فه‌خری نووسه‌رانی كوردی عیراق، به‌دڵه‌وه پیرۆزبایتان لێ ده‌كه‌م. پیرۆزبایی سێ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی، پیرۆزبایی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه گرنگه، هیوادارم له‌سایه‌ی خه‌باتی بێ‌وچان و نه‌پساوه و خوێناوی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا، هه‌م ئێوه بتوانن به سه‌ر كه‌ند و كۆسپدا زاڵ‌بن و خزمه‌تی گه‌وره به ئه‌ده‌بی كوردی بكه‌ن، و هه‌م ئێمه بتوانین وه‌ك ئێوه یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد له كوردستانی رزگاركراوی ئێران‌دا دابمه‌زرێنین. ره‌نگه ئێوه وه‌ك من كه به‌درێژایی ته‌مه‌نم ته‌نیا نزیكه‌ی یازده مانگ تامی سه‌ربه‌ستیم له وڵاتی خۆم چێشتووه، قه‌دری ئه‌و سه‌ركه‌وتنه گه‌وره كه دیاره به خه‌باتێكی ئازایانه و دوور و درێژ وه‌گیركه‌وتووه نه‌زانن، به‌ڵام من دامه‌زراندنی یه‌كێتی نووسه‌رانی كوردی عیراق به ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی و به‌سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زن ده‌زانم».
هێمن له به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا، كه كاریگه‌ریی و بایه‌خێكی مێژوویی گرنگی هه‌یه، به‌سه‌لیقه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی ورده‌وه ده‌نووسێت: «زۆر كه‌س ره‌خنه ده‌گرن كه یه‌كێتی نه‌یتوانیوه وه‌ك پێویسته ئه‌ركی خۆی به‌جێ بگه‌یه‌نێ و هه‌قیشیانه، چونكه هه‌له و هه‌ڵكه‌وتووه و ده‌بێ زۆر زیاتر و پتر و شێلگیرتر كه‌ڵكی لێ وه‌ربگیردرێ ئوده‌بای كوردی عیراق له‌م ده‌رفه‌ته‌دا هه‌رچی پتر كاربكه‌ن، شه‌كه‌ت بن، زه‌حمه‌ت بكێشن، خۆماندوو بكه‌ن و هه‌وڵبده‌ن هێشتا كه‌مه و خه‌ڵكیش هه‌رچی زیاتر یارمه‌تیمان بدا و ره‌خنه‌شیان لێ بگرێ هێشتا هه‌ر كه‌مه و ره‌خنه لێ گرتن ده‌بێته هۆی جوڵانه‌وه و چوونه پێش و یارمه‌تیدان، ده‌بێته هۆی هاندان و ئاسان كردنی كار، به‌ڵام من به‌ش به حاڵی خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێم وایه ره‌خنه‌ی خه‌ڵك به‌جێیه و كاری زۆر گه‌وره‌ی كردوون كه ده‌بێ شانازییان پێوه بكرێ.»
هه‌روه‌ها له‌لایه‌كی تره‌وه هێمن ستایشێكی زۆری ئه‌و كۆڕ و كۆبوونه‌وانه‌ی كردووه، كه له‌و ده‌مانه‌دا بۆ كوردی باشووری كوردستان هه‌ڵكه‌وتووه، كه ده‌توانن به ئازادی و به‌وپه‌ڕی سه‌ربه‌ستییه‌وه ته‌عبیر له راوبۆچوونی خۆیان بكه‌ن و ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت به ته‌واوی ده‌توانن بیخه‌نه‌ڕوو، ئه‌مه‌ش به به‌راورد له‌گه‌ڵ كوردی ئێران و بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا زۆر جیاوازه، له كاتێكدا له‌وێ و له‌و به‌شه‌ی كوردستاندا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی شاهنشاهییه‌وه، سه‌رگه‌رمی توانه‌وه‌ی زمان و ئه‌ده‌به‌كه‌ین وه‌ك نووسیویه‌تی : «دوور ناڕۆم كۆڕی دوێنێ بۆمن جالب بوو، كارم به‌وه نه‌داوه چ گوتراو، چ نه‌گوترا. ئه‌وی سه‌رنجی منی راكێشا و كه‌یفم پێ هات ئه‌و دیموكراتی و ئازادییه بوو، كه به‌شدارانی كۆڕه‌كه به‌ته‌واوی كه‌ڵكیان لێ وه‌رگرت. ئه‌م ئازادی به‌یانه ده‌رفه‌ت به‌گوێگری ورد ده‌دا كه راست و چه‌وت لێك هه‌ڵاوێرێ.»
بۆ ئه‌وه‌ش وه‌ك نموونه به‌یتێكی شیعریی شاعیری گه‌وره‌ی فارس سه‌عدی شیرازی هێناوه‌ته‌وه، كه‌وتویه‌تی: «تامرد سخن نگفته باشد عیب و هنرش نهفته باشد واته تا پیاو قسه‌ی نه‌كردبێ، عه‌یب و هونه‌ری ونه». بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش هێمن بارودۆخی وڵاتی ئێرانی خۆی كردوه‌ته نموونه و به‌راوردی ئه‌و جۆره ئازادییه‌ی كردووه، كه له‌و قۆناغه‌دا هاتۆته كایه‌وه و سه‌رنجی ئه‌وی راكێشاوه كه له‌باره‌یه‌وه ده‌نووسێت : «گوتم سه‌رنجی راكێشام چونكه من له وڵاتێكدا ژیاوم و گه‌یشتومه‌ته ئه‌م ته‌مه‌نه كه بۆ جارێكیش له جاران له كۆڕێكی وادا به‌شدار نه‌بووم، كوردی ئێران پاش رووخانی كۆماره دیموكراتیك و ساواكه‌ی ئیتر ئازادی نیسیبیشی به‌خۆیه‌وه نه‌دیته‌وه، ئه‌و گه‌له زۆر لێكراوه، نه‌ك هه‌ر ناتوانێ به زمانی زگماكی خۆی بخوێنێ، نه‌ك هه‌ر ناتوانێ گۆڤار و رۆژنامه‌ی كوردی بڵاوبكاته‌وه، نه‌ك هه‌رناتوانێت په‌ره به‌زمان و ئه‌ده‌بی خۆی بدا و فۆلكلۆری نه‌ته‌وایه‌تی بپارێزێ، نه‌ك هه‌رناتوانێ هیچ یه‌كێتی و رێكخراوێكی كوردی دابمه‌زرێنێ، به‌ڵكو نه‌خشه‌ی تواندنه‌وه‌ی كه له‌سه‌رده‌می دیكتاتۆری ره‌زاخان دا كێشراوه تا ئێستاش هه‌روا له گۆڕێ دایه. ته‌نانه‌ت ئه‌و ئازادیه‌ی ئێستا بۆ نووسه‌رانی كوردی عیراق پێكهاتووه و دوێنێ من دیتم بۆ نووسه‌رانی گه‌لی فارس، گه‌لی گه‌وره و ده‌سه‌ڵاتداری ئێرانیش پێكنه‌هاتووه، راسته ئه‌ده‌بی فارس رۆژ به رۆژ په‌ره‌ده‌سینێ، راسته به‌شێكی زۆر له كتێبه‌كانی خارجی به فارسی ته‌رجمه ده‌كرێن، راسته شاعیر و نووسه‌ری گه‌وره‌یان هه‌ن، راسته سه‌دان گۆڤار و رۆژنامه‌ی ره‌نگا و ره‌نگ چاپ و بڵاوده‌بنه‌وه، به‌ڵام شاعیر و نووسه‌ره‌كانی ئێستای فارس نا‌وێرن بیروڕای خۆیان ئازادانه ده‌رببڕن.»
ته‌نانه‌ت زۆر جه‌خت له‌و ئازادییه‌ی ئه‌وكاته ده‌كاته‌وه و له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئه‌وكاته‌ی كوردی پاش به‌یاننامه‌ی 11ی ئازاری باشووری كوردستاندا به‌راوردیان ده‌كات : «ئه‌و قسانه‌ی دوێنێ لێره ده‌كران هه‌ر نووسه‌رێكی ئێرانی له‌هه‌ر كۆڕێكی ئه‌ده‌بی دا بیان كات زمانی له پشته سه‌ری ڕا دێننه ده‌رێ، ده‌وێری ناوی ماركس و لینین له كوله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا بینێ كه دوێنێ تیئورییه‌كانیان لێره‌دا شی ده‌كرانه‌وه، ئه‌و كتێبه عیلمی و فه‌لسه‌فیانه‌ی به زمانی بێگانه و عه‌ره‌بی جارجاره كوردیش له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی ئێره هه‌ڵڕێژراون، له‌وێ پێیان ده‌گوترێ ‹كتب و اوراق مضرە› و له ماڵی هه‌ركه‌سدا بدۆزرێته‌وه بایسی سه‌روماڵیه‌تی». به‌جۆرێك ئه‌و سیاسه‌ته‌ی، كه فه‌رمانڕه‌وایانی ئێرانی په‌هله‌وی به‌رانبه‌ر به ئازادی نووسین و فیكر گرتبوویانه‌به‌ر بووبووه مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه زۆرێك له نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی ئێرانی وڵات به‌جێبێڵن، یان په‌نا ببه‌نه‌به‌ر خۆكوشتن و حه‌شیشه‌كێشان و زۆرجاریش خراونه‌ته كونجی زیندانه‌كانه‌وه:» هونه‌رمه‌ند و شاعیر و نووسه‌ره‌كانی ئه‌وڕۆی ئێران له داخان زیاتر په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر حه‌شیش و تریاك و هیرۆئین، كه ده‌ربار و ئیمپریالیزم له ناویاندا بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، یان وه‌ك سادقی هیدایه‌ت نووسه‌ری هه‌ره گه‌وره و به‌ناوبانگی فارس خۆیان ده‌كوژن، یا ئه‌گه‌ر نه‌به‌زبن وه‌ك سه‌مه‌دی بیهره‌نگی كه‌لاكیان به ئاودا ده‌ده‌ن یاوه‌ك مه‌لا ئاواره‌ی خۆمان تیره بارانی ده‌كه‌ن».
نووسه‌ران و به‌رپرسیارێتی گه‌وره
جا بۆیه هێمن رووی ده‌م ده‌كاته شاعیر و نووسه‌رانی كورد كه له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی باشووری كوردستانی سه‌روبه‌ندی به‌یانی ئازار به‌دواوه و راشكاوانه پێیان ده‌ڵێت :«برا نووسه‌ر و شاعیره‌كانم مێژووی كورد مه‌سئولییه‌تێكی گه‌وره‌ی خستۆته سه‌رشانی ئێوه، چاره‌نووسی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی ئه‌وڕۆ دراوه‌ته ده‌ست شاعیرانی كوردی عیراق، كه ده‌توانن به ئازادی قه‌ڵه‌م باژوین، بۆیه هه‌موو كوردێكی دڵسۆز له ده‌ره‌وه‌ی عیراقیش چاوی بڕیوه‌ته ده‌ست و قه‌ڵه‌می ئێوه. ده‌یانه‌وێ بناغه‌ی ئه‌ده‌بێكی پێشكه‌وتویان بۆ دابڕێژن، ده‌یانه‌وێ جیاوازی بیروڕا و خیلافی ده‌ره‌جه دوو وه‌لانێن، ده‌یانه‌وێ بۆیان بنووسن، زۆریان بۆ بنووسن و چاكیان بۆ بنووسن، ده‌یانه‌وێ زمانه‌كه‌یان بۆ بژاركه‌ن، ده‌یانه‌وێ زمانێكی یه‌كگرتوو په‌ره پێ بده‌ن، تا له پاشه‌ڕۆژدا وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌خته‌وه‌ر بنووسن.»
* پسپۆڕی بواری مێژوو- زانکۆی گەرمیان