رۆڵی خۆشەویستی لە پەروەردەی منداڵدا

10:47 - 2024-04-18
کەلتور
141 جار خوێندراوەتەوە

چنار عەزیز



لە پەروەردەکردنی منداڵدا هەموو  شتێک پشت بەو خۆشەویستییە دەبەستێت کە لەنێوان دایک و باوک و منداڵەکەیاندا هەیە

 

لە کتێبی پەروەردەی منداڵەکانمان هاتووە: (مرۆڤ بەردەوام لە کارلێکدایە لەگەڵ ژینگەکانی دەوروبەریدا پەیتا پەیتا وەڵامی دەوروبەری دەداتەوە، وەڵامدانەوەکانیش لە شێوەی رەفتاری جۆراو جۆردا دەردەبڕێت. کەواتە ژینگەی دەورووبەر کەسایەتی تاک دروست دەکات، بە کارلێککردن لەگەڵ هەڵسوکەوتە خێزانییەکان، رەفتارەکانی دایک و باوک، چونکە رەفتاری دایک و باوک کاریگەری هەیە بەسەر زۆر لایەنی ژیانی مرۆڤ لە تەمەنی منداڵییەوە تا مردن ئەم رەفتارەی دایک و باوک کاریگەری لەسەر کەسایەتی ئەو تاکەدا دەمێنێتەوە. واتا کاری تاک بریتییە لە هۆنینەوەی رەفتارەکانی دایک و باوک و نمایشکردنی لەناو کۆمەڵگەدا، دەرخستنی پەروەردەی خێزان لەناو کۆمەڵگەدا، و پیشاندانی بە دەورووبەر بە باش یان خراپ، واتا رەفتاری باش یان خراپ. لە بنەڕەتدا هیچ کەسێک خراپ نییە، بەڵکو مروڤ بوونەوەرێکی پاک و بێگەردە، بەڵام پەروەردە خێزانیەکەیە وای لێ دەکات چ کەسایەتییەکی لێ دەربچێت. کەواتە خێزان یەکێکە لە روخسارە دیارەکانی کۆمەڵگە، کەواتە خێزان ئەوەیە کە تاک بە هاوکاری پەروەردەی خێزانەوە دەتوانێت دەستی بە جوانییەکان و فەزیلەتەکانی کۆمەڵگە رابگات، کە مرۆڤ چۆن هەڵسوکەوت بکات؟  چۆن و بە چ شێوەیەک لەگەڵ دەورووبەر پەیوەندی بگرێت؟ چۆن لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکدا بەباشترین شێوە رۆڵی هەبێت، هەموو ئەمانە لە رێگەی پەروەردەی خێزانەوە فێر دەبێت، واتا پێویستە خێزانەکان منداڵەکانیان بە جۆرێک پەوروەردە بکەن کە ببن بە خاوەن کەسایەتییەکی پێگەیشوو، ئەم کەسایەتییە پێگەیشتووەش بێگومان بە هۆی خۆشەویستی و متمانە و رێز لەناو خێزاندا دروست دەبێت. واتا ئەوەی لەناو کۆمەڵگەدا روودەدات، رەنگدانەوەی خێزانە لەبەرئەوە دایک و باوک بەرلەوەی منداڵ پەروەردە بکەن، سەرەتا پێویستە خۆیان پەروەردە بکەن و کەسایەتی خۆیان دروست بکەن، بە واتایەکی تر پەروەردە بکرێن، ئینجا پەروەردە بکەن، چونکە چۆن خۆی پەروەردە بکات بەم جۆرەش  منداڵەکانی پەروەردە دەکات. لەبەرئەوە ناسنامەی دایک و باوک بۆ منداڵەکانی بریتییە لە پەروەردەکەیان. لە پەروەردەی خێزانیشدا خۆشەویستی بنچینەی پەروەردەیە، چونکە منداڵ هەست به ئاسوودەیی دەکات و هیوای پێدەبەخشێت. لە کتێبی پێنج زمانی خۆشەویستی لای منداڵ دەڵێت:( لە پەروەردەکردنی منداڵدا هەموو  شتێک پشت بەو خۆشەویستییە دەبەستێت کە لەنێوان دایک و باوک و منداڵەکەیاندا هەیە. هیچ  شتێک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر پێویستییە سۆزدارییەکانی منداڵەکەت دابین نەکەیت. تەنیا ئەو منداڵەی هەست دەکات خۆشەویستە و بایەخی پێدەدرێت، لە توانایدا دەبێت باشترینی تواناکانی بخاتە گەڕ. لەوانەیە بەڕاستی منداڵەکەی خۆت خۆشبوێت، بەڵام ئەگەر خۆی هەستی پێنەکات ــ ئەگەر بەو زمانە  گفتوگۆی لەگەڵدا نەکەیت کە بەهۆیەوە خۆشەویستی تۆی پێدەگات، هەست ناکات خۆشەویستییە). لەبەرئەوە دایک و باوک لە رێگەی گفتوگۆی خێزانییەوە بە پەروەردەیەکی پڕ لە خۆشەویستیی دەتوانن ناخی منداڵەکەیان پڕ بکەن لە هیوا و خۆشەویستی و متمانە، هەر بەم  هۆیەشەوە دەتوانێت کەسایەتییەکی بەهێز و خاوەن ئیرادە بونیاد بنێت.
ناخی منداڵ وەک کۆگایەک وایە، شوێنێکە بۆ پڕکردنەوەی بە  سۆز و خۆشەویستی دایک و باوک، ئەم سۆز و خۆشەویستییە هاندەر دەبێت تا بتوانێت وەک  پێویست کار بکەن و تواناکانیان بخەنە گەڕ، ژیان بە جوانی ببینێت، بە خۆشەویستییەوە باوەش بۆ ژیان بکاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان