لە جێگەی منداڵەکان، خۆتان پەروەردە بکەن!

10:51 - 2024-04-18
کەلتور
89 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد



ئەمڕۆ زۆر زانای بواری پەروەردە ئەم قسەیە دەکەن: (لە پەروەردەکردنی منداڵەکانتان دەست هەڵگرن و خەریکی پەروەردەکردنی خۆتان بن، چونکە منداڵەکان لاسایی ئێوە دەکەنەوە). پەروەردەکردنی منداڵ لە لایەکەوە زۆر قورسە و لەسەرێکیشەوە زۆر ئاسانە. ئەگەر ئێـمە لە پڕۆسەی پەروەردەدا تەنیا هۆشمان لەسەر لەسەر پەروەردەکردنی منداڵەکانمان بێ ئەوا پەروەردەکردنیان زۆر قورسە و %90 تێیدا شکست دەخۆین، بەڵام ئەگەر هۆشمان لەسەر خۆمان بێ و خۆمان پەروەردە بکەین ئەوا پەروەردەکردنی ئەوان زۆر ئاسان دەبێتەوە و %90 تێیدا سەرکەوتوو دەبین. لێکۆڵینەوە زانستییەکان لەم بوارەدا دەڵێن: (منداڵ لە تەمەنی شەش مانگییەوە دەست دەکا بە لاساییکردنەوەی دایک و باوکی، لەو ساتەوە لەهەموو روویەکەوە بە وردی دایک و باوکی دەخاتە ژێر چاودێرییەوە). ئەم بابەتە لە لایەکەوە ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵ لای دایک و باوکان ئاسان دەکاتەوە، بۆ نموونە حەزت دەکەن منداڵەکەیان چۆن بێ با خۆیان وا بن، لەلایەکی دیکەشەوە زۆر قورسە، ئەگەر دایک و باوک ئەمە نەزانن و بە بەرچاوی منداڵەکانەوە هەموو شتێک بڵێن و هەموو شتێک بکەن، ئەوە منداڵەکان هەمووی وەردەگرن، ئێمە دەبێ ئاگاداریی ئەم خاڵە بین کە بە شێوەیەکی گشتی بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان %80 کەسایەتی منداڵ لە دایک و باوکییەوە سەرچاوە دەگرێ.

منداڵ بە تەواوی نەست (ناخودئاگا)یە
منداڵ تا حەوت ساڵی تەنیا بە نەست (ناخودئاگا)ی شتەکان وەردگرێ، یانی هێشتا هەستی (خودئاگا)ی شکڵی نەگرتووە، یانی هەر شتێک لە دەورووبەری رووبدا بە بێ ئەوەی بیری لێبکاتەوە، یان هەڵیبسەنگێنێ و پاک و پیسی بکا یەکسەر وەریدەگرێ و لە نەستیدا تۆمار دەبێ، پاشان کە گەورە بوو وەک هەر یەک لە ئێمە نەستی بەڕێوەی دەبا، دکتۆر جۆی دیسپێنزا دەڵێ: (%95 ژیانی رۆژانەی ئێمە لە نەستمانەوە سەرچاوە دەگرێ). کەواتە منداڵ تا تەمەنی حەوت ساڵی بێ پاڵوێنە وەردەگرێ، بەڵام لە حەوت ساڵییەوە بەرە بەرە هەستی (خودئاگا) دەست بە شکڵگرتن دەکا و تا چواردە ساڵی نەستی شکڵ دەگرێ و لە چواردە ساڵییەوە تا بیست و یەک ساڵی بە تەواوی دەکەوێتە کار، بەڵام ئەگەر لە حەوت ساڵی یەکەمی تەمەنییدا لە رێگەی پەروەردەکردنی خۆمان و بە گشتی لە رێگەی ژینگەی خێزانی و کۆمەڵایەتییەکەیەوە گوێمان پێنەدابێ، ئەوا شکڵگرتنی هەستی (خودئاگا) سودێکی وای نابێ بۆی، چونکە لەم حاڵەتەدا هەست (خودئاگا) دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی نەستییەوە و ئەو کاری پێدەکا. ئێستا هەموومان، مەگەر ئەوانەی ئاگایانە و نائاگایانە لە رێگەی بیرکردنەوە و هەوڵدانەوە هەست (خودئاگا)مان بەهێز کردووە، دەنا لە ژێر کۆنتڕۆڵی نەستمانداین.

دەبێ ژینگەی منداڵەکانمان بەو جۆرە رێکبخرێت و دروست بکرێت کە حەز دەکەین منداڵەکانمان وابن


پەروەردەی رەسمی هەڵەیە
پەروەردە لە جیهان و بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شتێکی ئەوتۆ لەبارەی منداڵ و پەروەردەکردنی منداڵەوە نازانێ، بەرەنجامەکە وا دەڵێ، پێویست بە دەمارگرژیی ناکا، کە سەیری بەرەنجامەکان دەکەی دەزانی وایە. ئەم کارەساتە لە خێزانەوە تا دامەزراوە دینی و زانستی، ئەهلی و حکومییەکان دەگرێتەوە. دایک و باوکی وا هەیە خۆیان بەردەوام توڕە و رەشبین و ...هتدن، بەڵام دەیانەوێ منداڵەکەیان وا نەبێ، شتی وا نابێ، منداڵ لاسایی تۆ دەکاتەوە، ئینجا بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی فیزیای کوانتۆم بیرکردنەوە و هەست و قسە و کردارەکانی ئێمە شەپۆلن و بەر منداڵەکانمان دەکەون و ئەوانیش بەشی زۆری نائاگایانە وەردەگرن و پاشان جێبەجێی دەکەن. کەواتە بیردۆزی (دەست لە منداڵەکەت هەڵگرە، خۆت پەروەردە بکە) هەقیقەتە و سەلماوە.
دوای خێزان دامەزراوە ئەهلی و حکومییەکان دەبوو لەسەر بنەمای زەین و رەهەندەکانی زەین مامەڵە لەگەڵ منداڵ بکەن. ئەوان هیچ لەبارەی زەینەوە نازانن، ئەوان هەوڵدەدەن شتی جۆراوجۆر فێری منداڵەکان بکەن و لەم پێناوەشدا منداڵەکان تووشی دڵەڕاوکێ (سترێس) دەکەن، ئەوان دەبوو هیچ فێری منداڵەکان نەکەن، دەبوو تەنیا ژینگەیەکی ئازادی فێربوون بۆ منداڵەکانیان بڕەخسێنن.
روانگەی زانستی یۆگا بۆ پەروەردەی منداڵ
زانستی یۆگا رەهەندە جیاجیاکانی مرۆڤ و زەینی مرۆڤی بە باشی ناسیوە، ئەو راستییە بە تایبەت لەلای زاناکانی نۆرۆلۆژیا و دەروونناس و زانایانی فیزیا و بیرمەندەکان شاراوە نییە. یۆگا دەڵێ لەبەر ئەوەی منداڵ نەستی چالاکە و بە شێوەیەکی ئازاد ئەوەی لە ژینگەکەیدا روودەدا وەریدەگرێ، کەواتە دەبێ ژینگەی منداڵەکانمان بەو جۆرە رێکبخرێ و دروست بکرێ کە حەز دەکەین منداڵەکانمان وا بن، دوای ئەوە دەبێ منداڵەکە لەم ژینگەیەدا ئازاد بێ، بەهیچ شێوەیەک نابێ تووشی دڵەڕاوکێ بکرێ، دەبێ بە تەواوی شاد بێ، نابێ تا تەمەنی چواردە ساڵی راستەوخۆ بە هیچ شێوەیەک هیچ شتێکی راستەوخۆ فێر بکرێ، دەبێ ناڕاستەوخۆ فێر بکرێ، یانی ئەو بابەتانە لە ژینگەکەیدا بن و خۆی ئازادانە وەریانبگرێ.
سادگورو دەڵێ باشترین کار کە دەتوانین بۆ منداڵەکانمانی بکەین ئەوەیە منداڵەکانمان بەرینە ناو سروشتەوە، منداڵ دەبێ رۆژانە بەر سروشت و ئاژەڵەکان بکەوێ، دەبێ نەستی لەگەڵ سروشت هەر لە پەیوەندیدا بێ. دەبێ لە منداڵییەوە لە سروشت دانەبڕی و بزانێ ئەو بەشێکە لە سروشت و سروشتیش بەشێکە لەو، یانی دەبێ منداڵ لە هاوئاهەنگی لەگەڵ سروشت نەهێنینە دەرەوە. بەم شێوەیە زەینی مندال لە منداڵییەوە سنوردار ناکرێ بەو بیرکردنەوە تەسکانەی لە بواری جۆراوجۆردا بەسەر منداڵ دەسەپێندرێ یان خۆی وەریان دەگرێ. منداڵەکان لێگەڕین خۆتان پەروەردە بکەن!

بابەتە پەیوەندیدارەکان