پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و چۆڵکردنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، دەبرێتە دادگای فیدراڵی و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
بەپێی ئەو خشتەیەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی دانیشتنەکانیەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ 21/4/2024 ئەو دادگایە، بۆ یەکلایکردنەوەی سکاڵایەک کۆ دەبێتەوە کە لەلایەن ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچەرانی عیراق دژی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و وەزیری ناوخۆی ھەرێم تۆماریکردووە.
وەزیری کۆچ و کۆچەران لە سکاڵاکەیدا داوایکردووە، بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، پێداویستی خێزانە ئاوارەکان دابین بکرێت و بارگرانییەکانیان کەمبکرێتەوە، ھەروەھا داوا دەکات کەمپەکان دابخرێن و ئاوارەکان بەشێوەی خۆبەخش و لەکاتی خۆیدا بگەڕێنرێنەوە.