مومتاز حەیدەری، رۆژنامەنووسی دێرینی کورد:

تا ئێستا هەست بەوە ناكەم دەسەڵاتی چوارەم دروست بووبێت

01:58 - 2024-04-22
دووتوێ
50 جار خوێندراوەتەوە

دیداری:
تەها عەبدوڵڵا- هەولێر

مومتاز حەیدەری نووسەرو رۆژنامەنووس ناوێكی دیاری بواری نووسین و رۆژنامەگەرییە لە كوردستان ‌و ئەزموونێكی دوورودرێژی لەو بوارەدا هەیە، لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ تیشك دەخانە سەر ئەزموون ‌و كاری رۆژنامەنووسی خۆی و ئەو هەنگاوانەی لە داهاتوودا كاریان بۆ دەكات، هاوكات ئاماژە بە قۆناغە جیاوازەكانی كاری رۆژنامەگەریی لە كوردستان و عیراق دەكات، چەندین پێشنیاریش بۆ باشتركردنی رەوشی رۆژنامەگەری و کاری میدیا لە كوردستان دەخاتەروو و داوای هەنگاوی جددی لە لایەنە پەیوەندارەكان‌ و دەسەڵاتی سیاسی كوردستان دەكات.

لەبارەی سەرەتای كاری رۆژنامەوانی و خوێندنەوە و نووسینەوە وتی: ئەزموونی رۆژنامەوانی من پاشخانێكی سیاسی تایبەتی خۆی هەیە، وەك بنەماڵەی حەیدری كە لە ناوڕاستی چلەكانی سەدەی رابردوو وەك بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر و تێكۆشەر، دوای ئەوەی بەهۆی هەڵویستە سیاسییەكانمانەوە لە خوێندن دابڕاین، دواتر هەرچۆنێك بێت فێری خوێندەواری، بە تایبەتی زمانی كوردی بووم لە رێگای گۆڤاری گەلاوێژەوە لە سەردەمی پاشایەتی هاتوومەتە نێو دونیای رۆژنامەگەرییەوە، بۆ ئەمەش ساڵح حەیدەری برام بە هاندەر و رێنیشاندەری خۆم دەزانم، هەر لە رێگای گۆڤاری گەلاوێژەوە ئاستی خوێندەواری و زانیاریمان ئەگەر سادەش بێت زیاتر بوو، بۆیە كاتێك گەڕاینەوە بەرخوێندن ئاستی خوێندەواریمان لە خوێندكارانی دیكە بەرزتر بوو، هەر ئەو كاتە خۆشەویستیم بۆ وشەی كوردی و شاعیران دەركەوت. 
لە سەردەمی بەعسدا شتێک نەما بە ناوی ئازادی
وتیشی: دوای شۆڕشی چواردەی تەمووزی ساڵی 1958 لە عیراق بارودۆخی رۆشنبیری و رۆژنامەگەری گۆڕانكاری بەسەرداهات، ئازادییەكی زیاتر لە بواری رۆژنامەگەریدا هاتە كایەوە، لە ساڵی 1960دا حزبی شیوعی عیراقی بڕیاریدا نووسینگەیەكی رۆژنامەگەری لە هەولێر بكاتەوە بۆ رۆژنامەی ئازادی ‌و (طریق الشعب)، ئەوە بوو بە خوێندنگای سەرەتایی بۆ كاری رۆژنامەگەری و کارم تێداکرد، پاشان لە رۆژنامەكانی رێگای كوردستان و خۆرنەواران و ئاوەگرد درێژەم بەكاری رۆژنامەوانیدا، هەرچەندە لە سەردەمی هاتنی رژێمی بەعسدا شتێك نەما بە ناوی ئازادی رۆژنامەگەری و دەسەڵاتی چوارەم، لەگەڵ ئەوەشدا لەو سەردەمەش لە كاری رۆژنامەوانی دانەبڕام، بە تایبەتی دوای رێكەوتنی 11ی ئادار لە هاوكاری‌ و رۆژنامەی عیراق و پاشكۆكەی كارمكرد.
مومتاز حەیدەری ئاماژە بە قۆناغێكی دیكەی ئەزموونی رۆژنامەگەری خۆی دەكات ‌و رایدەگەیەنێت: بە دڵنیاییەوە راپەرین قۆناغێكی تربوو لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین، بە جۆرێك ئازادییەكان سنووریان نەبوو، تا ئەو كاتەی شەڕی ناوخۆ دروستبوو ‌و كوردستان چووە قۆناغی دوو ئیدارەیی و دوو زۆنییەوە، ئەو کات بواری رۆژنامەگەری و ئازادییەكان گۆڕانكاری بەسەرداهات و تارادەیەك ئەویش دابەشبوو، من لە سەرەتای راپەرین و لەگەڵ دەرچوونی رۆژنامەی (كوردستانی نوێ)دا وەك رۆژنامەنووسێكی سەربەخۆی خاوەن ئەزموون، برادەرانی رۆژنامەكە داوایان لێكردم وەك لێپرسراوی لاپەرەی چوار و پێنجی كوردستانی نوێ دەست بەكاربووم، ئەوەبوو ماوەیەك بەردەوامبووم لەگەڵیان.

 

ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە خوێندكاران بڕوانامە وەردەگرن، بەڵام نەبۆتە هۆی پێگەیاندنی رۆژنامەنووسی پڕۆفیشناڵ

 

یەکەم سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسان
 حەیدەری لەبارەی ئەزموونی خۆیەوە لە سەندیكای رۆژنامەنووسان وتی: لەگەڵ دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان من وەك سكرتێری ئەو سەندیكایە هەڵبژێردرام، هاوكات بووم بە سەرنووسەری گۆڤاری رۆژنامەڤانی، كە سەندیكای رۆژنامەنووسان دەریدەكرد و تایبەت بوو بە ژیانی رۆژنامەنووسی لە كوردستان.
دوای ئەو قۆناغەش بە شێوەیەكی سەربەخۆ گۆڤاری (k21) و دوای ئەویش گۆڤاری (لەیلا قاسم و لەیلا زانا)م دەكرد، لەو قۆناغەدا رۆڵی مام جەلال بەرز دەنرخێنم كە هاوكارییەكی زۆر باشی كردم، بۆیە لەدەستدانی مام جەلال جگە لەوەی خەسارەتێكی گەورەبوو بۆ كورد، بۆ منیش پاڵپشتییەكی گەورەم لەدەست دا. 
 لەبارەی دوایین پڕۆژەی خۆی لەبواری نووسین و كاری رۆژنامەگەریدا وتی: دوا پڕۆژەم ئەو كتێبخانەیەیە كە پاشخانێكی دوور و درێژی هەیە ‌و لە ساڵی 1955ەوە هەیە و زیاتر لە بیست هەزار گۆڤار و رۆژنامە و كتێبی تێدایە، كە لەسەدا پەنجای سەرچاوەكانی لە هیچ كتێبخانەیەك نییە، ئێستاش ئامادەكاری دەكەین تا ئەو كتێبخانەیە بە ناوی (كتێبخانە و ئەرشیفی مومتاز حەیدەری)یەوە لە باڵەخانەیەکی قەشەنگ نمایش بكەین، بڕیارە رۆژی 23/4/2024 لە رۆژی جیهانی كتێب و لە رێوڕەسمێكدا بكرێتەوە و بە خوێنەران ئاشنا بکرێت، هەر لەو رۆژەدا نۆزدەیەمین ژمارەی بەرگی کتێبی رەوسەی قەڵەم دەردەچێت و دابەش دەکرێ.
زۆربوونی دەزگاکانی راگەیاندن
لەبارەی رەوشی رۆژنامەگەری لە كوردستان و زۆربوونی دەزگاکانی راگەیاندنەوە، مومتاز حەیدەری وتی: هەرچەندە ئێستا نزیكەی هەزار دەزگای میدیایی و رۆژنامەگەریمان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەڵام تا ئێستا هەست بەوە ناكەم دەسەڵاتی چوارەم دروست بووبێت، بەو پێیەی رۆژنامەگەری ئەو رۆڵەی لە كوردستان نییە ببێتە هۆی گۆڕانكاری لە بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگە و نەیانتوانیوە عەقڵیەتی دەربەگایەتی ‌و خێڵەکی هەڵتەكێنن.
پێشیوابوو: ئێمە لە كوردستان رۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵمان كەمە، بەشێكی زۆر لە رۆژنامەنووسانی كوردستان لە دوای راپەرین پاشخانێكی خوێندەواری بەهێزیان نەبووە، راستە بەشی راگەیاندن لە چەندین زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان كراوەتەوە و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە خوێندكاران بڕوانامە وەردەگرن، بەڵام نەبۆتە هۆی پێگەیاندنی رۆژنامەنووسی پڕۆفیشناڵ، هاوكات زۆربەی رۆژنامەكان لە رووی مانشێت‌ و دابەشكردنی لاپەرەكانەوە لاوازن و نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی حزبی دەربچن، هەر ئەمەش وایكردووە خوێنەریش تاقەتی ئەوەی نەبێت بەشێك لەو بابەت ‌و راپۆرتانە بخوێنێتەوە، .
دواجار مومتاز حەیدەری لەبارەی هەنگاوەكانی داهاتووەوە وتی: پێویستە كوردانە و نەتەوەییانە بیر بكەینەوە، چونكە ئەگەر بەرژەوەندی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی نەبێت، نە رۆژنامەنووس، نە رۆشنبیر، نە ئەكادیمی دروست نابن، بۆیە هیوادارم دەسەڵاتی سیاسی كوردستان ‌و وەزارەتی رۆشنبیری و زانكۆكان و سەندیكای رۆژنامەنووسان‌ و یەكێتی نووسەران نەخشەیەكی ستراتیجی گەورەی مۆدرێن دابنێن تا بگەیەن بە كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان