پێشانگایه‌كی دكیۆمێنتاری بۆ یادی 126 ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ريی كوردی

كورد و كوردستان له‌ بایه‌خی رۆژنامه‌وانيی كوردیدا

01:08 - 2024-04-24
هەمەرەنگ
48 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ سێشه‌ممه‌، به‌شی راگه‌یاندنی كۆلێژی زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانی زانكۆی سلێمانی، بۆ یادی 126 ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی، پانێڵێكیان به‌ ناونیشانی (كورد و كوردستان له‌ بایه‌خی رۆژنامه‌وانيی كوردیدا) سازكرد.
پانێڵه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ (پ.د.یاسین خاليد، پ.د.ابراهیم سه‌عید، پ.ی.م.ئاشتی حه‌مه‌ساڵح، پ.ی.د.به‌رهه‌م خالید)به‌ڕێوه‌چوو، هاوكات (پ.ی.د.به‌ناز حه‌مه‌ ره‌شید) به‌ڕێوه‌به‌ری پانێڵه‌كه‌ بوو، پانێڵسته‌كان له‌ چوارچێوه‌ی هه‌مان ناونیشانی پانێڵ به‌شداربوون، به‌ڵام بابه‌ته‌كانیان جیاواز بوو.
دواتر له‌ هه‌مان رۆژ و كاتدا، بۆ (یادی 126 ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی) پێشانگایه‌كی دكیۆمێنتاری  بزوتنه‌وه‌ی رۆژنامه‌وانی ژنان له‌ باشوری كوردستان بۆ خاتوو (تابان گه‌رمیانی) سیاسی و رۆژنامه‌نووس سازكرد.
تابان گه‌رمیانی به‌ دوالاپه‌ڕه‌ی وت: پێشانگاكه‌م بۆ یادی 126 ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردییه‌، به‌ 20 گۆڤار و 40 رۆژنامه‌ به‌شداریم كرد، ئه‌م 60 گۆڤار و رۆژنامه‌یه‌ له‌ پرۆژه‌ی كتێبێكمه‌ به‌ ناونیشانی (ده‌ستكه‌وته‌كانی ژنانی باشوور له‌ ساڵی 1992 تا 2015)یه‌، له‌ كتێبه‌كه‌مدا باسی ده‌ستكه‌وته‌كانی ژن ده‌كه‌م، ئاماژه‌شم به‌و ژنانه‌ كردووه‌ كه‌ پۆستیان وه‌رگرتووه‌ یان قه‌ڵه‌مێكی دیارن له‌ نێو رۆژنامه‌گه‌ريی كوردیدا.

یه‌سنا محه‌مه‌د

بابەتە پەیوەندیدارەکان