لە هەولێر خەسرۆ ئەمیر گەردی لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە كوژرا

09:24 - 2024-04-28
کوردستان
60 جار خوێندراوەتەوە

لە گوندی گردەچار، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، سەردانی خانەوادەی خەسرۆ ئەمیر ئاغای گەردی كرد، كە لە رووداوێكی تەمومژاویدا لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە كوژرا.
لە سەردانەكەیدا، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ سەرەخۆشی گەیاندە كەسوكاری كۆچكردوو و رایگەیاند: پاڵپشتی و پشتیوانی لە داوای رەوای خانەوادەی كۆچكردوو دەكەین كە پێویستە بەزووترین كات لیژنەیەكی هاوبەشی لێكۆڵینەوە پێكبهێنرێت بۆ دەرخستنی راستییەكان. وتیشی: سەرەڕای تێبینی جدیمان لەسەر رووداوەكە دووپاتیدەكەینەوە كە پێویستە سەرجەم هێزە ئەمنییەكان یاساییانە مامەڵەبكەن و لە چوارچێوەی بڕیاری دادگا هەنگاوبنێن، ناكرێت و قبووڵكراو نییە كەسێك بەبێ گەیشتنی ئاگاداركردنەوەی دادگا بچنەسەر رێگای و لە رووداوێكی تەمومژاویدا بیكوژن.
كەسوكاری خەسرۆ ئەمیر ئاغای گەردی، رایانگەیاند: ئەوان سوورن لەسەر داواكارییەكەی خۆیان و داوادەكەن بەزووترین كات لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكبهێنرێت و هەموو تۆمەتەكانیش كە ئاڕاستەی خەسرۆ كراوە، رەتدەكەنەوە.

روونكردنەوەی كەسوكاری خەسرۆ

لەلایەکی دیکەوە، كەسوكاری خەسرۆ، لە روونكردنەوەیەكدا هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە، كە كوڕەكەی ئەوان بازرگانی ماددەی هۆشبەر بێت، بۆ ئەو مەبەستە داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن.
هەر لە روونكردنەوەكەدا هاتووە: (بەوپێیەی كوڕەكەی ئێمە لە دواوە گوللەی بەركەوتووە، ئەمەش دەریدەخات كە خەسرەو ئەمیر هیچ روبەڕوبونەوەیەكی بەرامبەر هێزە ئەمنییەكان نەكردووە، وەك ئاسایشی گشتیی هەولێر ئاماژەی بۆ دەكات). تەئكیدیش دەكەنەوە «كوڕەكەی ئێمە كارمەندی هێزەكانی پۆلیسی حكومەتە و پێشتر بەهیچ شێوەیەك بەڕێوەبەرایەتییەكەی لەبوونی گومان لەسەر ناوبراو ئاگادار نەكراوەتەوە كە بازرگانی ماددەی هۆشبەر بێت، هاوكات هیچ پەیامێكیان بە خێزانەكەمان نەداوە».

تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان