كاوە محەمەد باس لە هۆكاری دووبارەبوونەوەی هێرشكردنە سەر كێڵگەی كۆرمۆر دەكات

09:27 - 2024-04-28
کوردستان
60 جار خوێندراوەتەوە
كاوە محەمەد

كوردستانی نوێ-ئیدریس جەبار

ئەندامێكی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێیوایە، بۆردومانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر دەستی ئەو لایەنانەی تێدایە كە دەزانن وڵات لەڕووی وزەوە خەریكە دەگاتە ئاستی خۆژێنی. رێكارەكانی حكومەتی عیراقیش بۆ رێگرتن لەو جۆرە هێرشانە بە ناكاریگەر دادەنێت.
كاوە محەمەد ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ رایگەیاند:»بڕیاری پێكهێنانی لیژنە بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوی بۆردومانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر، كارێكی رۆتینییە و بۆ هەموو لایەك ئەمە دەوترێت و دەكرێت، گرنگ نییە ئەو رێكارانە چۆن دەگیرێنەبەر، گرنگ ئەوەیە كە هۆكارەكان روون و ئاشكران».
وتیشی: «تائێستا بڕیارێكی راستەقینە نییە لەلایەن بەغداوە بۆ رێگریكردن لەم جۆرە تاوانەی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان و تەنانەت ناوچەكانی تری عیراقیش دەكرێن، لە پەلاماردانی بنكە و بارەگاكانی هاوپەیمانان و بۆردومانكردنی دەوروبەری فڕۆكەخانەكان، یان ئەو شوێنانەی سەرچاوەی بەرهەمهێنانی وزەن، ئەمانە هەموویان هۆكارەكەیان روونە، هۆكاری سەرەكی ئەم جۆرە كارانە ئەوەیە كە عیراق لەپلانیدایە و هەوڵدەدات خۆبژێوی لەچوارچێوەی وزەدا پەیدا بكات، ئەمەش كاریگەریی لەسەر هەندێك لەو لایەن و دەوڵەتە ئیقلیمییانە دروستدەكات كە نایانەوێت عیراق بگاتە ئەو ئاستە لە خۆبژێوی، چونكە ئەوە بە زەرەر و زیان بۆ خۆیان دادەنێن»، هۆكاری سەرەكی دووبارەبوونەوەی ئەو بۆردومانانەشی بۆ ئەو فاكتەرانە گەڕاندەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان