یەكەم رێوڕەسمی ساڵانەی خەڵاتی كامەران نەجم

10:07 - 2022-06-12
کوردستان
3319 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ لە سلێمانی، بەئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەكەمین رێوڕەسمی ساڵانەی خەڵاتی كامەران نەجم، بەڕێوەچوو، كە لەلایەن ئاژانسی میترۆگرافی-یەوە رێكخرابوو. 
لە رێوڕەسمەكەدا، كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و لێپرسراوانی حزبی و حكومی و هاوڕێ و هاوپیشە و رۆژنامەنووسانی ناوخۆ و بیانی و كەسوكاری كامەران نەجم ئامادەبوون، سەرەتا وتاری ئاژانسی میترۆگرافی لەلایەن ئەحمەد نەجم بەڕێوەبەری ئاژانسەكە و برای كامەران نەجم پێشكەشكرا، پاشان فیلمێكی دیكۆمێنتاری نمایشكرا كە تیایدا ژمارەیەك لە هاوڕێ و هاوپیشەكانی قسەیان لەسەر كارەكانی و چەند وێستگەیەكی ژیانی كامەران نەجم كرد. 
دواتر لە وتەیەكدا لەلایەن میسترۆ پڕۆجێرس بەڕێوەبەری پڕۆژە لە ئاژانسی میترۆگرافی باس لە كار و چالاكییەكانی ئاژانسی میترۆگرافی كرا لەسەر ئاستی جیهاندا. هەروەها بە ڤیدیۆ وێنەی شەش فۆتۆگرافەر (سەمیر کەساب، جۆن كانتلی، عیسام ئەلشەممەری، ڤلاجمیر لێگانیور، كازم ئەخوان، میگێل مۆرالیس) نیشاندران، كە لەكاتی ئەركەكانیاندا لە چەند شوێنێكی جیهاندا بێسەروشوێن بوون. پاشان ناوی براوەی خەڵاتی یادكردنەوەی كامەران: رێزلێنان لە خێزانەكان بەخشرایە ڤلاجمیر لێگانیور، كە فۆتۆگرافەرێکی رۆژنامەوانیی ئەمریکییەو کۆتاجار لە 14ی ئازاری 2018 لەكاتی ئەركەكەیدا لە هایتی بینراوە، خەڵاتەكەش لەلایەن هاوسەرەكەیەوە وەردەگیرێت. دواتر وتاری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەلایەن بژار حەکیم جێگری نەقیبی سەندیکا پێشكەشكرا. 
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، خەڵاتی رۆژنامەوانیی كامەران: بەرەوپێشبردنی ئەركەكە، بەخشرایە قازی شیبلی لە كشمیر. 
خەڵاتی كامەران، بەناوی فۆتۆگرافەر و دامەزرێنەری ئاژانسی میترۆگرافی كامەران نەجم ناونراوە، كە 12ی حوزەیرانی ساڵی 2014 لەكاتی رووماڵكردنی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگە و چەكدارانی تیرۆریستی داعش برینداربوو و تائێستاش بێسەروشوێنە. 
خەڵاتی كامەران بۆ یەكەمجارە رێكدەخرێت و دەبێتە رێوڕەسمێكی ساڵانە و لەلایەن ئاژانسی میترۆگرافییەوە زەمینە دەڕەخسێنرێت بۆ هەموو ئەو فۆتۆگرافەر، ڤیدیۆگرافەر، رۆژنامەنووسانەی دەیانەوێت لە پیشەكەیاندا داهێنان بكەن و خزمەت بكەن، یاخود لە رێگای زوومی كامێراكانیانەوە خزمەتی كۆمەڵگەیان كردووە و بوونەتە قوربانی و ژیان و ئەزموونیان بە بیردەهێنرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان