لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە 28 - 4 - 1988 دا، فەرماندە ( هاوار گەرمیانی) و دوو لە هاوڕێکانی لە شەڕێکی دەستەویەخەدا شەهیدبوون.
هاوار گەرمیانی ناوی تەواوی ، حیسام عەبدوڵڵا محەمەد و لە ساڵی 1958 لە گوندی خەیاڵ سەربە ناحیەی قورەتووی قەزای خانەقین لەدایکبووە، لەبەر ئازایەتی و جوامێری ساڵی (1984) کراوە بە فەرماندەی مەفرەزە و لە شاڵاوی ئەنفالی یەکدا لە کۆتایی مانگی 2 ⁄ 1988 بە فەرمانی شەھید حەمەڕەش کراوە بە فەرماندەی کەرتی 5ی حەمرین و رۆڵی گرنگی هەبووە لە رووبەڕووبونەوەی ھێزەکانی سوپای داگیرکەری بەعسدا.
لە 28 - 4 - 1988 پاش شەڕەکانی قۆناغی یەک و دوو و سێی شاڵاوێ ئەنفالدا پاش ئەو گورزە بە ھێزەی کە لەسەر دەستی فەرماندە شەھید ھاوار و ھەڤاڵەکانی لە گوندی زەڕینی گەرمیان لە سوپای بەعس کەوت، دەزگای هەواڵگریی عەسکەری بەعس، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شوێنەکەیان، بە سێ مەفرەزی تایبەتی جاش و سرییەکی قوات خاسە لە گوندی (نازێیەکان)، خۆی و دوو پێشمەرگەی هاوڕێی گەمارۆ دەدەن و پاش شەڕێکی سەخت، دواتر کەفیشەکیان پێ نامێنێت، ھاوار گەرمیانی و ھەڤاڵەکانی شەھید دەکرێن، دوو شەھیدی تر بەناوی، کەریم کۆمەنیست و نوردین عەبدوڵڵا، دوای شەھیدکردنیان تەرمەکانیان سەرنگوم دەکرێت تا ئێستاش نازانرێت لە کوێن،
ئەو سێ مەفرەزەیەش کە ھەستان بە ئەنجامدانی ئەو کارە ھەر یەکەیان ئۆتۆمبێلێکی جۆری شۆفرلێت و 50 ھەزار دیناری سویسریان وەک خەڵات پێدرا.