رۆڵی بەنداوی ئەستێڵ لە گەشەپێدانی کشتوکاڵ لە قەزای قەرەداغ

09:28 - 2024-04-29
ئابووری
89 جار خوێندراوەتەوە

*سەرهەد تاریق محەمەد

 
قەزای قەرەداغ یەکێکە لە قەزا دێرینەکانی پارێزگای سلێمانی، بە دووری نزیکەی (45کم) لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە و بە تێکڕای بەرزی (607م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە. کۆی دانیشتوانی ناوچەکە (12220)کەسە، تۆبۆگرافیایەکی ئاڵۆزی هەیە لە شاخ و بان و دەشت و دۆڵ پێکهاتووە.
زەوی کشتوکاڵی
کۆی رووبەری ناوچەکە (83278) دۆنمە و لەم رووبەرەش نزیکەی (16278) دۆنم زەوی بەراوەو (67012)دۆنم زەوی دێمەکارە. زەوی بەراو پۆلێنکراوە لەسەر بنەمای ئەو زەوییانەی کە دەکەونە خوار ئاستی بەرزایی سەرچاوەکانی ئاوی ناوچەکە، یان ئەو زەوییانەی کە ئاوی کانی و کارێزەکان دەیانگرێتەوە. رووبەری زەوی چێندراو بە بەروبوومی زستانە تا ڕادەیەک سنوردارە لە خشتەی ژمارە (1)وەبەر‌هێنانی زەوی کشتوکاڵی لە ساڵی (2018) لە قەزاکەدا خراوەتەڕوو. رووبەری زەوی چێندراو بە بەروبوومی هاوینە زۆر سنورداربووە لە ساڵی (2018)دا نزیکەی (1017) دۆنم بووە، کە نزیکەی 6.2 %کۆی رووبەری زەوی کشتوکاڵیی و رووبەری زەوی چێندراو بە بەروبوومی زستانە 37.4 % بووە.
کارێز و کانیاو
نزیکەی (58) کانیاو لە ناوچەکەدا هەیە بە داهاتی نزیکەی 18.11/لیتر/چرکە و (193) کارێزیشی هەیە، کە زۆربەیان لە ناوەڕاست و وەرزی گەورەبوونی بەربوومەکاندا ئاوەکانیان زۆر کەم دەکەن و پێداویستییە ئاوییەکانی بەروبوومەکان بەرجەستە ناکەن، ئەمەش گرنگترین فاکتەری گەشەنەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵییە لە ناوچەکەدا. هەروەها ناوچەکە تا ڕادەیەکی زۆر لاوازە لە بوونی ئاوی ژێر زەویدا بەهۆی سەقامگیری هەندێک چینی ئاو دانەدەر و ئاو هەڵنەگر، جگە لە دامێنی زنجیرە شاخی گڵەزەردە کە داهاتی ئاوییان بەرزە.
رووبار 
رووباری دێوانە کە ناسراوە بە چەمی دێوانە لە ناوچەکەدا شادەماری ئاودێری ناوچەکەیە، ئەم رووبارە لە کانیاو چەمەکانی هەردوو زنجیرە شاخی بەرانان و سەگرمەوە سەرچاوە دەگرێت، داهاتی ئاوی رۆژانەی ئەم رووبارە لە کاتی لافاودا دەگاتە 200م3 رۆژانە، بە هۆی بەرزی ئاستی زەوییەکانی دەوروبەری رووبارەکە بە ئاسانی سودی لێوەرناگیرێت. 

 

بەنداوی ئەستێڵ لە نزیکی گوندی ئەستێلە و توانای گەنجینەکردنی (4.5ملیۆن/م3) ئاوی هەیە، هەر بە یەکەم لافاو پڕ دەبێت و سەرڕێژ دەکات و توانای ئاودێری نزیکەی (2.571)دۆنم زەویی هەیە

 

باران
لەرووی رێژەی بارانبارینەوە ناوچەکە هەژارە،تێکڕای داهاتی بارانی ساڵانە لە ماوەی (14) ساڵی پێشوودا نزیکەی (568.4ملم)بووە، بەمەش ناوچەکە بە ناوچەیەکی وشک هەژماردەکرێت بە پێی هاوکێشەی دیمارتۆن.
بەنداوی ئەستێڵ
 ئێستا لەسەر رووباری دێوانە بەنداوێک دروستکراوە (بەنداوی ئەستێڵ) کە لە نزیکی گوندی ئەستێلە و توانای گەنجینەکردنی (4.5ملیۆن/م3) ئاوی هەیە. هەر بە یەکەم لافاو پڕ دەبێت و سەرڕێژ دەکات و توانای ئاودێری نزیکەی (2.571)دۆنم زەوی هەیە، بە مەش رێژەی (16 %)ی رووبەری ئاودێری ناوچەکە پێکدەهێنێت و لە 9.3 % کۆی رووبەری زەوی کشتوکاڵی ناوچەکە پێکدەهێنێت.

سەرچاوەکان
1 - وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەڕێوەبەرایەتی زەوی و زار.
2 - Jamil Jalal Mohamed-Ali, water resources and its sustainability for agricultural development in sulaimani governorate,2008.
3 - جمیل جلال، عزالدین جمعە درویش، پێداویستتیەکانی ئاوییەکانی کشتوکاڵ لە قەزای  قەرەداغ،2020
4 - دیار صفوت مجید، دیاردەی بە بیابان بووە لە قەزای قەرەداغ و رێگاکانی روو بەروو بوونەوەی، ماستەر نامە، زانکۆی سلێمانی، کۆلیجی زانستەمرۆڤایەتییەکان، بەشی جوگرافیا، 2023.

*بریاردەری بەشی جوگرافیا_زانکۆی سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان