حیکایەتی فۆتۆ

ستۆدیۆ حەبیب

09:33 - 2024-04-29
کەلتور
112 جار خوێندراوەتەوە

ئا: گەلاوێژ رەزا

حەبیب فەرەج محەمەد ساڵی 1935 لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتۆتە دنیاوە، خوشكەزای حەمە تاڵی بانەیە. لای شێخ مستەفای وێنەگر فێری پیشەی وێنەگری بووە و هەرلای ئەویش بووە بە شاگرد.
لە ساڵی 1957 كامێرا و فلاشی خۆی داناوە لەبەردەركی سەرا، بەیانیان وێنەی معامەلاتی گرتووە و دوانیوەروانیش فلاشگێری كردووە .
بە وتەی خۆی شەشەم وێنەگری سلێمانییە، كاتێك وێنەی بۆ معامەلە گرتووە دوو وێنە و جامێكی بە شەست فلس گرتووە، بە كامێرا و فلاشەكەیەوە چۆتە زۆربەی بۆنە و كۆبوونەوە خێزانییەكانەوە وێنەی گرتووە.
لە ساڵی 1958 ستۆدیۆی خۆی داناوە بە ناوی ستۆدیۆ حەبیب لە شەقامی كاوە، عەبدوڵای برای فێری پیشەكە كردووە لە دوكانەكەیدا ئیشی لەگەل كردووە، زۆركەسی تری فێركردووە، لەوانە كاك رەئوف خاوەنی ستۆدیۆ رەئوف، حاجی ساڵح، حەمەی مام ساڵح خەڵكی هەولێر بووە، محەمەد بانەیی، بەكری نازە فلاشگێر بووە.
سەرەتای حەفتاكان بەشداریی شۆڕشی ئەیلولی كردووە و رژێمی بەعس قفڵیان لە دوكانەكەی داوە تا كاتێ لێبوردنی گشتی دەرچوو گەراوەتەوە سلێمانی و دوكانەكەی وەرگرتۆتەوە و دەستی كردۆتەوە بە وێنەگرتن .

 

لەماوەی كاركردنیدا وێنەی زۆربەی سەركردە كوردییەكان و كەسایەتییە دیارەكانی شاری سلێمانی گرتووە

 

ساڵی 1982 دوكانەكەی جێهێشتووە بۆ براكەی جۆتە دەبۆكە بەهەمان ناوەوە ستۆدیۆكەی داناوەتەوە، هەر لەو ساڵانەدا بەهۆی جموجۆڵی سیاسییەوە لە دوكانەكەی و چاودێریكردنی لەلایەن دامودەزگای ئەمنەوە چەند جارێك دەستگیر كراوە، بەهۆی ئەوەشەوە خێزانەكەی لە ترسی رژێمی بەعس زۆربەی وێنەكانی دەسووتێنێت و بەشێك لە ئەرشیفی ئەو وینەگرە بە ئەزموونە لەناو دەچێت.
ساڵی 2002 جارێكی تر ستۆدیۆكەی گواستۆتەوە بۆ شەقامی ئۆرزدی تەنیشت دەرمانخانەی هونەر بەرامبەر دۆندرمەی هێرۆ، لەوێ درێژە بە كارەكەی دەدات و تا ساڵی 2018 كار دەكات، لەو ساڵەوە بەداخەوە بەهۆی نەخۆشییەوە نەی توانیوە كار بكات و كورەكانی لەسەر دوكانەكەی بوون تا ساڵی 2002 دواتر یەك ساڵ كردوویانە بە دوكانی پۆشاك، ئێستاش بووە بەچایخانە بەناوی جەلال.
سوپاس بۆ خوا ئێستا لەژیاندا ماوە، بەڵام باری تەندروستی باش نییە. لەژیانیدا دووجار خێزانی پێكهێناوە و خاوەنی چوار كوڕ و نۆ كچە . 
لەماوەی كاركردنیدا وێنەی زۆربەی سەركردە كوردییەكان و كەسایەتییە دیارەكانی شاری سلێمانی گرتووە، ئەرشیفێكی گەورەی هەیە لە وێنەی لافاوەكەی سالی 1987 و شوێنە گشتییەكان، بازاڕ و شەقام و خەڵكی شار، كە بەشێكن لە مێژووی شار و وێنە كۆنەكانی سلێمانی. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان