عەقید سەلام عەبدولخالق: رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، ئەرکی ئاسایشە

10:34 - 2024-04-29
دووتوێ
61 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: ئالان محەمەد جەزا

هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە، هێزەکانی ئاسایشی هەرێم بەردەوام لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو مەترسییە، گرنگە هاووڵاتیانی هەرێمیش بەئاگابن لە مەترسییەکە، لەبەرئەوە کوردستانی نوێ بە پێویستی زانی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ عەقید سەلام عەبدولخالق لێپرسراوی راگەیاندنی ئاسایشی هەرێمدا بکات.
* رێژەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە 2023وە تا ئەم ساڵ زیادیكردووە یان كەمیكردووە؟
- بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر لەساڵی 2023دا تا رادەیك لە بەرزبوونەوەدا بوو، ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ‌مانگەكانی یەک و دوو سێی 2023دا هەمان ماوە لە 2024دا خۆشبەختانە ئەم ساڵ كەمترە، ساڵی رابردوو 971 كەس به تۆمەتی‌ بازرگانی و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركران، هەموویان بە پێی یاسای ژمارە 1ی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان رووبەرووی یاسا كراونەتەوە. دەزگای ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان گرنگییەكی زۆریداوە به ‌دەسگیركردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، كه ‌ئەمانە هۆكارێكن بۆ هێنانی ئەم ماددانە له ‌دەرەوەی هەرێم، واتە تەركیزی سەرەكی ئێمە لەسەر بازرگانەکانە ‌بە پلە‌ی یەكەم، بە پلەی دووەم گرنگی بە بڵاوبوونەوەی لە نێو شارەكاندا دەدەین.
سەبارەت بە بەکاربەرانیش به ‌هاوبەشی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەگەڵ كۆمەڵگەی پزیشكییە دەروونییەكان چەندین كۆرس و سیمنار و ۆرك شۆپمان ئەنجامداوە تا پێكەوە بۆئەوەی رێگەچارەیەك بدۆزینەوە بۆ بەکاهێنەرەکان تا بگەڕێنەوە نێو كۆمەڵگە و سوود لە تواناکانیان ببینرێت. لە راستیدا پێویستە ناوەندێكی چارەسەر هەبێت بۆ ئەو مەبەستە بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ناوەندێكی دیاریكراو نییە بۆ ئەم مەبەستە. 
پێنج کەس دەستگیر کران
*ئاماری نوێ لەو بارەیەوە، دڵخۆشکەرە، یان روو لە هەڵکشانە؟
- لە بازرگان و بەكارهێنەری ماددە هۆشبەركان 319 كەس دەسگیركراون، کە 147 كەسیان بازرگانی ماددەی هۆشبەربوون و 172 كەسیش بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەربوون، بەڵام هێشتا زووە بۆ بەراورد کردنی لەگەڵ ساڵی رابردوودا.

 

 

 هەندێجار داواکراوان رووبەرووی هێزەكانمان دەبنەوە و لە رابردوودا شەهید و بریندارمان هەبووە

 

 

*دەوترێت هەرێم بەكاردەهێنرێت وەك ناوەندێكی ترانزێت بۆ ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی دەرەوە بە تایبەتی ئەوروپا، تا چەند ئەمە راستە؟
- لە ماوەی رابردوودا چەندین حاڵەتمان هەبووە كە بڕی زۆر لە ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە، کەسانێک ویستویانە لە رێگەی هەرێمەوە بینێرنە دەرەوەی وڵات، نزیكترین ئەو كەیسانە، کەیسێک بوو بڕی 15 کیلۆ و نیو ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا، کە بە شێوازێكی زۆر نهێنی شاردرابۆوە لە ئامێری گەرمكردنی ئاو (بۆیلەر)دا، بەڵام بە هۆی بوونی زانیاری وردەوە رێگربووین لەوە و پێنج كەس لەسەر ئەم كەیسە دەستگیركرا و نەمانهێشت هەرێم بەكاربهێنرێت وەك ناوەندی تڕانزێت.
هەندێکیان رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش دەبنەوە
*لە کاتی هەوڵی دەستگیرکردنی تۆمەتباراندا کەس هەیە بەرەنگاری هێزەکانی ئاسایش بووبێتەوە؟
- بە تایبەتی ئەو بازرگانانەی داواكراون لە دادگاكانەوە بەرەنگارمان دەبنەوە، ئەوانە دوای لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی شوێنەکانیان، هێزەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان دەچن بۆدەستگیركردنیان، هەندێك جار رووبەرووی هێزەكانمان دەبنەوە لە رابردوودا شەهید و بریندارمان هەبووە، ئەوەش لە پێناوی خزمەتكردن بە هاووڵاتیان و لە پێناوی كۆمەڵگەیەكی تەندروستی دوور لە ماددەی هۆشبەرە و شانازی پێوە دەكەین .
ئێمە هەمووهەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە كە بازرگانەكان هەر چۆنێک بێت دەستگیربكرێن، بەڵام هەندێكیان هەبووە رووبەرووی هێزەكانمان بوونەتەوە، حاڵەتەکان جۆراوجۆرن، هەندێكیان ماددەی 15ی چەكیان بۆ دیاریدەكرێت، یان ماددەی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت، یان بەكارهێنانی چەك دژی هێزە ئەمنییەكان، بە پێی ئەو ماددانە سزای خۆیان وەردەگرن، ئەگەر بریندار هەبێت لە هێزەكانی ئاسایش ئەوا ماددەی (405) لە یاسای سزادانی عیراقیش دەیانگرێتەوە.
تیمەکانی هۆشیار کردنەوە
*هۆشیاری، یان نەبوونی هۆشیاری تا چەند رۆڵی هەیە لە تەشەنە سەندنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان؟
- خەسڵەتی هۆشیاری یەكێكە لە خەسڵەتە گرنگەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، ئێمە لە دەزگای ئاسایش تیمی تایبەتمان هەیە، ئەم تیمانە هەفتانە و هەندیك جار رۆژانە سەردانی گرتوخانەكان دەكەن بۆ هۆشیاركردنەوە یاخود ئەبدەیت كردن و پێدانی زانیاریی نوێ بەو راگیراوانە لە مەترسییەكانی ئەو ماددەیە، یاخود هەندێك جار ئەم ۆرك شۆپ و سیمنارانەمان بۆ دەزگای ئاسایش رێکخستووە، چەندین سیمنار و ۆرك شۆپمان كردۆتەوە بۆ هێزەكانمان ئەوانەی كە دەردەچن و جموجۆلێیان هەیە، هەروەها بۆ بەڕێوبەرایەتییەكان و بەشەكانی ناوخۆی ئاسایش، چونکە بە باشی دەزانین كە هەموو كارمەند و ئەفسەرێك بزانێت مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر و بیناسێتەوە و گرنگە ئەوە بزانێت كە چەندێك كاریگەریی دەبێت بۆسەر كۆمەڵگەكەمان.
بنیاتنانی كۆمەڵگەیەکی تەندروست
دوا پەیامتان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چییە سەبارەت بەم دیاردە دزێوە؟
- پەیامی ئێمە پەیامێكی گرنگە، پێویستە هەر هاووڵاتیەك هەر گومانێك هەر شتێكی لەسەر ماددەی هۆشبەر بینی هێزەكانی ئاسایشی لێ ئاگادار بكاتەوە لە رێی هێڵی گەرمی 106 كە هەمیشە و 24 سەعات لە خزمەتی هاووڵاتیاندایە، ئێمە رێگە بە هیچ كەسێك نادەین ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتییان تێكبدات، ئەمانەش هەمووی لە پێناو بنیاتنانی كۆمەڵگەیەکی تەندروستدایە، ئێمە هەمووهەوڵەكانمان خستۆتەگەر، هەوڵە مرۆییەكان و هەوڵە تەكنۆلۆجییەكانمان خستۆتە گەڕ  بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان