زێوییە، قەڵا مێژووییە تاڵانكراوەكە

10:31 - 2024-04-30
کەلتور
62 جار خوێندراوەتەوە
لە سەردەمی شادا هەموو ئاسەوارەکانی قەڵاکە تاڵان کرا

ئامادەکردنی: مستەفا فاتیح

 

یەكێك لە شوێنەوارە مێژووییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە مێژووەكەی بۆ سەردەمی مادەكان و سەكاییەكان دەگەڕێتەوە قەڵای زێوییە. قەڵای زێوییە وەك پایتەختی ئیمپراتۆری ماددەكان و سەكاییەكان ناسراوە. لە ئێستادا دەكەوێتە 42 كیلۆمەتری باشووری رۆژهەڵاتی شاری سەقز لە پارێزگای سنە و لە باكووری گوندی زێوییە و لە سەر بەرزاییەك هەڵكەوتووە.
قەڵای زێوییە رووبەرێكی فەراوانی هەیە و ، زیاتر لە 16 دۆنمە و بەرزاییەكەی لە 90 بۆ 100 مەتر دەبێت و لەچاو ناوچەكانی دەورووبەری خۆی بەرزترەو دەڕوانێت بە سەر جوگرافیای ناوچەكەدا و دیمەنێكی جوان و سەرنجڕاكێشی هەیە.

مێژووی قەڵاكە
وەك باسكرا قەڵای زێوییە مێژوویەكی كۆنی هەیە. دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئێمپراتۆری مادەكان و سەكاكان و یەكێكە لە شاكارەكانی بیناسازی مرۆڤایەتی بەر لە دایكبوونی مەسیح.  وەك باس دەكرێت ئەم قەڵاییە مێژووییەكی 3500 ساڵەی هەیە. 
زێوییە قەڵایەكی حكومەتی و شوێنی دەسەڵاتداری ماددەكان و سەكاكان بووە و لەم شوێنەوە فەرمانڕەوایی وڵاتیان كردووە. پێشتریش پایتەختی ماناكان بووە كە لە كتێبە ئاشوورییەكاندا بە ناوی گەلی ״مێننی״ ناویان هاتووە. زۆرجار لە لایەن ئاشوور و ئۆراتوورییەكانەوە هێرش كراوەتە سەر ״ مێنیی״ەكان لە قەڵای زێوییە، بەڵام هیچكات سەركەوتوو نەبوون.
زێوییە بۆ یەكەمجار لە ساڵنامەی ئاشووری و لە كاتی دەسەڵاتداری سارگێنی دووهەمدا ناوی تۆمار كراوە.
ئەم بەشە لە مێژووی كورد بۆ چەندین سەدە شاراوە بووەو نەناسراو ماوەتەوە، تا ئەوەی كە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1947دا بە هۆی باران و لافاوەوە بەشێكی لە قەڵاكە دەردەكەوێت و بەم هۆیەوە سەدان پارچە شوێنەواری دەگمەن و بە نرخ لە قەڵاكەدا دەبنیریتەوە. دوای دەركەوتنی قەڵاكە، كەسێك بە ناوی ״ ئەیووب رب نۆ״ كە دەوترێت كەسێكی جوو بووە، لە لایەن رژێمی پاشایەتییەوە مافی ئەوەی پێ دەدرێت كە لەم شوێنە مێژووییە بكۆڵێتەوەو بە دوای شوێنەوارەكانیدا بگەڕێت.

شوێنەوارەكانی بۆ مۆزەخانەكانی جیهان دەبرێت
 بە پێی زانیارییەكان ئەم كەسە 8 ساڵ بە شێوەی بەردەوام لە قەڵاكە كار دەكات و 95 % قەڵاكە و زەوییەكانی دەورووبەری و گۆڕستانی مێژوویی زێوییە ژێروژوور دەكات. 

بەشێک لە شوێنەوارەکانی قەڵای زێوییە لە مۆزەخانەکانی ئەمریکا و بەریتانیان

وەك باس دەكرێت هیچ شوێنەوارێك لەم قەڵا و لە پارچە شوێنەوارە بەنرخ و بێوێنەكانی ئەم شوێنە مێژوویە ناهێڵتەوەو بە هاوكاری دەست و پەیوەندەكانی خۆی و بە چاودێری دەسەڵاتی پاشایەتی، سەرجەم شوێنەوارە گرنگە مێژووییەكان لە كوردستان و ئێران دەباتە دەرەوە و بە مۆزەخانە گرنگ و بەناوبانگەكانی جیهان وەك ״ لۆڤێر ״ی فەرەنسا، مۆزەخانەی لەندەن، مۆزەخانەی ״ رمیتاژ ״ لە لێنینگراد، مۆزەخانەی ئۆرشەلیم لە ئیسرائیل و مۆزەخانەی نیۆیۆرك، فیلادێلفیای و دەیان مۆزەخانەی تر فرۆشت. تەنها بەشێكی بچووك و كەم لە شوێنەوارە زێڕ و زیو و قوڕینەكان لەبەر دەستی رێكخراوی میراتی كەلتوری كوردستاندایە.
لە ئێستادا ئەم كەسە نەك وەك شارەزایەتی شوێنەوار و مێژوو، بەڵكوو وەك تاڵانچییەكی گەورە دەناسرێت كە بەو تاڵانەی كە كردی زەبرێكی كاریگەری لە مێژووی كوردستان و سەقز وەشاند و لە ئێستاشدا شوێنەواری ئەو تاڵان و كردەوە تێكدەرانەیەی، هەر ماوە و بە هۆی تاڵانییەكانییەوە، لە بەشێكی زۆر لە قەڵاكە و ناوچەكە ناتوانرێت دەست بە لێكۆڵینەوە بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان