كەلیموڵڵا تەوەحودی، نووسەر و لێكۆڵەری كوردی خۆراسان

10:33 - 2024-04-30
کەلتور
67 جار خوێندراوەتەوە
كەلیموڵڵا تەوەحودی ئەو کەسە بوو کە شوناسی بۆ کوردانی خۆراسان گەڕاندەوە

كوردەكانی خۆراسان و قووچان لە ئێران، بەشێك لەو كوردانەن كە لە باری جوگرافیاییەوە لەو پارێزگایانەی كە بە پارێزگا كوردنشینەكان ناسراون، واتە سنە، ئیلام، كرماشان، ورمێ، دوورن و لەبری ئەوەی لە خۆرئاوای ئێران بن لە رۆژهەڵاتی ئێرانن و هاوسنووری ئەفغانستانن.
كتێبی « كۆچی مێژوویی كورد بەرەو خۆراسان» كتێبێكی چەند بەرگییە كە بە وردی باس لەوە دەكات كوردەكانی قووچان و خۆراسان، چۆن لە سەردەمی سەفەوی و ئەفشارییەكاندا گوێزراونەتەوە بۆ سنووری ئەفغانستان.

 گەڕاندنەوەی شوناس
ئەم كتێبە گرینگە مێژووییە، لە لایەن نووسەر و لێكۆڵەری ناسراوی كورد « كەلیموڵڵا تەوەحودی»ەوە نووسراوە. كتێبێك كە دەتوانین بە بەرهەمێكی گرنگی ناو ببەین كە شوناسی نەتەوەیی بۆ كوردەكانی ئەو ناوچەیە گەڕاندەوە.
كەلیموڵڵا تەوەحودی ناسراو بە « كانیماڵ»، نووسەر، شاعیر، مۆزیسییەن و ئەندامی ماڵی مۆسیقای ئێران و لێكۆڵەری كوردی كورمانجی خۆراسان، كوڕی « ئەسەدوڵڵا تەوەحودی» ، رۆژی 3ی كانوونی دووهەمی 1942 لە قووچان لە دایكبووە. 
ساڵی 1949 چۆتە قوتابخانەی سەرەتاییی « روودەكی»و ساڵی 1956 خوێندنی سەرەتاییی تەواو كردووە. بەڵام بە هۆی باری ئابووری بنەماڵەوە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات. لەبەر ئەوەی ئەوكات لە قووچان ناوەندی و دواناوەندی لێنەبووە. دوای ئەوەی دەستی لە خوێندن هەڵگرت، تەوەحودی بە ناچار بۆ دابینكردنی بژیوی ژیانی بنەماڵە، دەستیكرد بە شوانی.

 لە شوانییەوە بۆ شاعیری 
ئەیلوولی 1963 چووە بۆ سەربازی. ماوەی سەربازییەكەی لە هێزی پیادەی شاری گورگان بوو، لەوێ بۆ یەكەمجار توانی شیعر و مۆسیقا و هونەری كورمانجی لە ناو لەشكەری سەربازیدا لە گورگان بڵاو كردەوە. زۆرینەی ئەفسەر و پلەدارانی ئەو هێزە سەربازییەی گورگان، كورد بوون و خەڵكی كرماشان، سەردەشت و شنۆ و كوردەكانی خۆراسان بوون. شیعرەكانی «كانیمال» لە رادیۆی تایبەتی لەشكەر و بڵاوكراوەی مانگنامەی ئەرتەشی ئەوسا بڵاوكراوەتەوە و وەك سەربازی سەركەوتوو دیاریكراوەو هەر لەو سەردەمەدا لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەفسەرەكان شیعریان بڵاوكردۆتەوەو وتاریان نووسیوە.
ساڵی 1965، دوای تەواوبوونی سەربازی، بۆ ئەوەی بتوانێت درێژە بە خوێندن بدات، ناچار بوو ببێت بە پۆلیس و بۆ مەشق و راهێنان نێردرایە تاران و سەركەوتووانە خولەكەی تەواو كرد. پاییزی 1965 گەڕایەوە بۆ قووچان و بوو بە پۆلیس. لە هەمانكاتدا بە شێوەی خوێندنی دەرەكی درێژەی بە خوێندن دا و ساڵی 1971 ئامادەیی تەواو كرد. پاییزی هەمان ساڵ لە زانكۆی ئەفسەری وەرگیرا، دوای ماوەیەك وازیهێنا و بەشداریی تاقیكرندەوەكانی زانكۆی كرد و لە زانكۆی مەشهەد لە كۆلێجی زانستە ئیسلامییەكان وەرگیرا.  هەر لەو سەردەمەدا زیاتر روویكردەوە كاری كەلتوری و شیعر و وتارەكانی لە رۆژنامەكانی خۆراسان، «افتاب شرق»  لە مەشهەد و هەروەها تایبەتنامەی زانكۆ مەشهەددا 
بڵاو دەكردەوە.
پێش شۆڕشی 1979 لە ئێران، وەزیری كەلتور و هونەری ئێران بڕیاریدا وەك بەرپرسی بەشی كەلتوری ئێران بنێردرێت بۆ باڵیۆزخانەی فەرەنسا،  بەڵام بە هۆی شۆڕشی 1979ەوە جێبەجێ نەكرا. دواتر بوو بە بەڕێوەبەری گەورەترین كتێبخانەی گشتی خۆراسان بە ناوی كتێبخانەی دكتۆر شەریعەتی. 

 

كتێبی « كۆچی مێژوویی كورد بەرەو خۆراسان» كتێبێكی چەند بەرگییە كە بە وردی باس لەوە دەكات كوردەكانی قووچان و خۆراسان، چۆن لە سەردەمی سەفەوی و ئەفشارییەكاندا گوێزراونەتەوە بۆ سەر سنووری ئەفغانستان

كتێبێكی لێ دەسووتێنن
كەلیموڵڵا تەوەحودی یەكەم كتێبی خۆی ساڵی 1979 بە ناوی « كۆچی مێژوویی كورد بۆ خۆراسان» بڵاوكردەوە كە كتێبیكی 6 بەرگییە و لێكۆڵینەوەیەكی مێژووییە و گرنگییەكی تایبەتی هەیە بۆ كتێبخانەی كوردی.
دیوانی عیرفانی، جەعفەرقولی زەنگەلی، ناسراو بە «ملك الشعرا»ی كورمانج، بەرهەمێكیتری ئەم نووسەرە ناودارەی كوردە كە بە هەوڵ و زەحمەتێكی زۆر كۆی كردۆتەوەو و رێی لە فەوتاندنی گرتووە.

بەشێكیتری بەرهەمەكانی:
1 -گۆرانییە كورمانجییەكان بە وەرگێڕانی فارسییەوە.( ئەم كتێبە دوای ماوەیەك لە كتێبفرۆشییەكان كۆكرایەوەو سووتێنرا).
2 -درەختی چل پاڵەوان، ئەفسانەی كوردەكانی خۆراسان بە وەرگێڕانی فارسییەوە.
3 -ئەسفراینی دوێنێ و ئەمڕۆ. 
(ئەم كتێبە هەڵایەكی زۆری لێكەوتەوەو ناڕەزایەتی گەورەی بەشێك لە نەیارانی شوناسی كوردی ئەو ناوچەیەی بەدواوە بوو).
4 -نادرشا
5 -مێژووی خێڵی هەزارە، بە مێژووی مۆسیقای ئێران دوو بەرگ
6 -گرامەری زمانی كورمانجی
7 -مێژووی ئەدەبیاتی كورمانج
8 -فۆلكلۆری باكووری خۆراسان
9 -جل و بەرگ و زێڕ و زیوەری كورد و توركمەن.
10 -فەرشی كوردی خۆراسان
11 -گۆرانی و سترانی كورمانجی
12 -كورداغلی ( كوراوغڵی)
13 -فەرهەنگی كوردی 
ئەمانە بەشێكن لە كتیبەكانی ئەم نووسەرە ناسراوەی كوردی خۆراسان و ئەمەش نموونەیەك لە شیعرە كورمانجییەكانی :

ئەز كەچكا كورمانجانم
تێرا سەرێ چییانم
بەرفەندیلا سەر چیییان
گولا له ناڤ باغانم
خوانگا شاەسیارێ و
خوانگا تۆهفه گولانم
له زمان، فەرهەنگا خوە
تەمیشه پاسە ڤانم
چەكا خوە نادم ژه دەست
قەدرا وێ رندتر زانم.

 

 

ئامادەکردنی: مستەفا فاتیح

بابەتە پەیوەندیدارەکان