كفری- حه‌یده‌ر زه‌نگه‌نه
به‌بڕیاری قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كفری چه‌ندین پڕۆژه چوونه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا دوێنێ، به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌ی رێگاسازی گه‌ڕه‌كی راپه‌ڕین دانرا، كه بریتییه له قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی كۆڵانه‌كانی گه‌ڕه‌كی راپه‌ڕین و به گه‌وره‌ترین و گرنگترین پرۆژه داده‌نرێت له دوای ساڵی 2014ه‌وه، كه به‌بڕی (1,239,463,500)دینار ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانییه‌كانی گه‌رمیان بۆ كوردستانی نوێ: هه‌موو هه‌وڵیك ده‌ده‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی پرۆژه‌كان له كفری
له‌وباره‌یه‌وه، به‌رزان كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانییه‌كانی گه‌رمیان له لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگه‌یاند: كفری شایسته‌ی خزمه‌تی زیاتره و هه‌موو هه‌وڵیك ده‌ده‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی پرۆژه‌كان، هاوكات سوپاسی هاوكاریی به‌رده‌وام و خه‌مخۆریی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كه‌ین، وتیشی: ئه‌م پرۆژه‌یه یه‌كێك بوو له گرنگترین داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی كفری و به بڕیار و راسپارده‌ی راسته‌وخۆی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ئێستا ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
شایانی باسه، پرۆژه‌ی رێگاسازیی گه‌ڕه‌كی راپه‌ڕین، به‌شێكه له پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی گشتگیرتر كه پێكدێت له قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی گه‌ڕه‌كه‌كانی (ئیمام محه‌مه‌د، شۆڕش، شه‌هیدان و ئازادی) و قۆناغ به قۆناغ ده‌چنه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.