یەکێتی بەبۆنەی رۆژی جیھانیی کرێکارانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاودەکاتەوە

08:52 - 2024-04-30
کوردستان
76 جار خوێندراوەتەوە

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیھانیی کرێکارانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، یەکێتی پێداگری لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی یاسای کاری ھاوچەرخی کرێکاران لە عیراق و کوردستاندا دەکات".

دەقی پەیامەکە:

بەبۆنەی یەکی ئایار، رۆژی جیھانیی کرێکارانەوە، پیرۆزبایی گەرم لە سەرجەم کرێکاران و رەنجدەرانی بیروبازووی کوردستان دەکەین.
ھەموو ساڵێک لەم رۆژەدا کرێکارانی جیھان لەپێناوی بەدەستھێنان و پاراستنی زیاتری مافەکانیاندا بە چەندین چالاکی ئەم یادە بەرز رادەگرن، لە کوردستانیشدا کرێکاران لە رێگەی رێکخراو و سەندیکا پیشەییەکانیانەوە رۆڵی دیار و بەرچاویان ھەبووە، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی رژێمی بەعسدا لەم پێناوەدا چەندین جار رووبەڕووی راوەدونان و گرتن و ئازاردان و مەرگ بوونەتەوە.
کرێکاران و رەنجدەرانی بیروبازووی کوردستان لە خەباتی نەتەوەیی و لە نێو کاروانی بزووتنەوەی کوردایەتیدا پێشەنگ بوون و چەندین جوامێریان گیانیان بەخشیوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپێناوی پاراستنی مافە بەدەستھاتووەکان و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، رەخساندنی زیاتری ھەلی کار و دابینکردنی سەلامەتیی کارکردن ھەمیشە پشتیوانی لە خەباتی سەندیکایی و پیشەیی کرێکاران دەکات و پێداگری دەکات بۆ چەسپاندنی بنەماکانی یاسای کاری ھاوچەرخی کرێکاران لە عیراق و کوردستان، لەپێناوی باشکردنی ژیان و گوزەرانیان. 

مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان