لە كەركوك قەیرانی کەمی خوێندنگە هەیە

ئاستەنگی وانەوتنەوە، بەهۆی زۆریی رێژەی خوێندكار لە پۆلەکاندا

10:08 - 2024-05-01
ڕاپۆرت
130 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەكی بەرچاو ژمارەی دانیشتوانی عیراق ‌زیادیكردووە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر بوارەكانی كۆمەڵایەتی‌، ئابووری‌، رۆشنبیری و پەروەردەیی دروستكردووە.
لەپاڵ ئەمانەدا زیادبوونی ژمارەی خوێندكارانی خوێندنگە سەرەتاییەكان وایكردووە رەنگدانەوەی لەسەر کۆی پرۆسەی خوێندن هەبێت، بەتایبەت، لە خوێندنگە سەرەتاییەکاندا و پێویستی بە چارەسەرە، لەبەرئەوەی لەگەڵ زۆربوونی رێژەی خوێندکار ژمارەی بینای قوتابخانە و کەلوپەل و پێداویستییەکانی خوێندن زیادیان نەکردووە.  
کۆنترۆڵنەکردنی پۆل و گرفتی وانەوتنەوە
جوامێر عەلی، مامۆستایە لە یەكێك لەخوێندنگە سەرەتاییەكانی كەركوك، دەڵێت: لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە ژمارەی خوێندكاران بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە و ئەمەش بۆتە ئاستەنگ بۆ وانە وتنەوە لەلایەن مامۆستاكانەوە، لەبەرئەوەی لە هەر پۆلێكدا 35 تا 50 خوێندكار هەیە، كۆنترۆڵكردنی لەلایەن مامۆستاوە زۆر زەحمەت بووە و ناتوانرێت بەشێوەیەكی زانستیانە وانەكە بڵێتەوە، چونكە لەلایەك دەبێت ئامادەكاری بۆ وانەوتنەوە بكات، لەلایەكی تریشەوە دەبێت كۆنترۆڵی هێمنی پۆلەكە بكات.
وتیشی: ئەو قەرەباڵغییەی لە پۆلەکاندا هەیە وایکردووە نە مامۆستا و نە خوێندكاریش وەك پێویست ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ ناكەن و هۆكارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ بێ بەرنامەیی پەروەردەی كەركوك، چونكە ئەو ژمارە زۆرەی لە پۆلەكاندا هەیە لەهیچ وڵاتێكدا نییە.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك، كە دەست كوردستانی نوێ كەوتووە، لە كەركوك بەگشتی هەزار و 850 خوێندنگە هەیە کە 550 یان خوێندنگەی كوردین ‌و لەو ژمارەیەش 370 خوێندنگەیان هی قۆناغی سەرەتایین، ئەو ژمارە خوێندنگەیە کەمن لەچاو ژمارەی خوێندکاران و ئەوەش وایکردووە سەرباری گشت ئاستەنگەكانی تری بەردەم پەروەردە لە كەركوك قەیرانی کەمی بینای خوێندنیش سەریهەڵداوە.

 

بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك: زۆریی خوێندكاران و كەمی خوێندنگەكان وایكردووە لە هەر پۆلێك سەرو 40 خوێندكار هەبن ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر دەروونی مامۆستا و خوێندكار دروست کردووە

 

گلەیی بەخێوکاری خوێندکاران
جوان عەلی یەكێكی ترە لەو مامۆستایانەی وانە بەخوێندكارانی قۆناغی سەرەتایی دەڵێتەوە وتی: چەندین ساڵە ژمارەیەک خوێندنگە لە کەرکوک چۆڵکراون بۆ نۆژەنکردنەوە، بەڵام بەجێهێڵراون و کاریان تێدا ناکرێت، خوێندکارەکانیان دابەشکراون بەسەر خوێندنگەکانی تردا ئەوەش قەرەباڵغییەکی زۆری لە خوێندنگەکاندا دروست کردووە.
محەمەد ئەمین باوکی دوو منداڵی قۆناغی سەرەتاییە گلەیی لە زۆری خوێندکار هەیە لە پۆلەکاندا و دەڵێت: دوو منداڵم لە خوێندنگەی سەرەتاییە و بوونەتە ئەرکێکی قورس لەسەرمان لەبەرئەوەی لە خوێندنگە لەبەر زۆریی خوێندکار لە پۆلدا وەک پێویست لە وانەکان تێناگەن و بەشدارییان پێ ناکرێت، ناچارین لە ماڵەوە دووبارە وانەکانیان پێ بڵێینەوە و بووین بە مامۆستا لە ماڵەوە.
وتیشی، خوێندنگەیەک لە گەڕەکەکەماندایە ژمارەیەكی زۆر خوێندكاری هەیە، هاوکات سێ دەوامی تێدا دەکرێت ئەوە هەراسانی کردووین و ژیانمان نەماوە بەهۆی دەنگە دەنگەوە.

 

 لە كەركوك هەزار و 850 خوێندنگە هەیە بۆ 550 هەزار خوێندكار

 

قەیرانی خوێندنگە لە کەرکوک
كامەران عەلی بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك لە بەشی خوێندنی كوردی بە کوردستانی نوێی راگەیاند، لە كەركوك بەگشتیی 550 هەزار خوێندكار هەیە کە زیاتر لە 100 هەزاریان خوێندكاری بەشی كوردین، هەر لەو ژمارەیەش 60 هەزار خوێندكاریان لە قۆناغی سەرەتایین. هەروەها 20 خوێندنگەی سێ دەوامی لە كەركوك هەیە و نزیكەی 10 خوێندنگەی خوێندنی كوردی لە نۆژەنکردنەوەدان و خوێندکارەکانیان دابەشکراون بەسەر خوێندنگەکانی تردا.
وتیشی: زۆریی خوێندكاران و كەمی بینای خوێندنگەكان وایكردووە لە هەر پۆلێكدا سەروو 40 خوێندكار هەبن، ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر دەروونی مامۆستا و خوێندكار دروست کردووە، لەبەرئەوەی نە مامۆستاكە دەتوانێت وانەكانی بە تەواویی بە خوێندكاران بڵێتەوە نەخوێندكارانیش وانەكان بەباشی وەردەگرن.
باسی لەوەشكرد، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان بینای نوێی خوێندن لە شارەكەدا دروست بكەن، چونكە ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی خوێندكاران زیاد دەكەن، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکان هیچ بینایەکی نوێی خوێندن دروست نەکراوە و ئەوەش وایکردووە ئێستا لە كەركوك قەیرانی کەمی بینای خوێندن سەرهەڵبدات.
كامەران عەلی، داواكارە لە هەردوو حكومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستانیش چارەسەرێكی ئەم گرفتەیان بۆ بكەن، لەبەرئەوەی كەركوك تایبەتمەندیی خۆی هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان