دابینكردنی هەشت ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوون هەوڵدەدرێت لە سندوقی نیشتەجێكردنی عیراق پشكی كورد دابنرێت

12:06 - 2024-05-01
کوردستان
84 جار خوێندراوەتەوە

ئیدریس جەبار

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئاماژە بە هەمواری یاسای سندوقی نیشتەجێبوون دەكات و دەڵێت: لەو سندوقە هەشت ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیان دابین دەكرێت، ئاماژە بەو هەوڵانەش دەكات كە بۆ جێكردنەوەی پشكی كورد لەو سندوقە خراونەتەگەڕ، تا هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش سووندمەندبن.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: «داوامان كردووە كورد بێبەش نەكرێت لە سندوقی نیشتەجێكردن، بۆ ئەو مەبەستەش نووسراوێك بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن كراوە، تا بزانرێت داهاتی سندوقەكە سیادییە یان پەیوەندیی بە داهاتی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنەوە هەیە، ئێستاش لەگەڵ لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە لە گفتوگۆداین، تا سندوقەكە بەشێوەیەك بێت، ئەگەرهاتو لە داهاتوودا هەرێم و بەغدا رێككەوتن، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش لەو سندوقە سوودمەندببن».
بە وتەی، ئەو ئەندامەی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە لە نوێنەران «ئێستا قەیرانێكی گەورەی نیشتەجێبوون هەیە، بۆیە یاسای سندوقی نیشتەجێبوون خراوەتە بەرباس، كە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە و ئێستا گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی هەموارەكە دەنگی لەسەر بدرێت و لەلایەن حكومەتەوە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە وەك ئاماژەی پێكراوە لە بەرنامەدایە هەشت ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیان دروستبكرێت قۆناغ بە قۆناغ و یەكەكانیش بە قەرز دەدرێت بە هاووڵاتیان بە سوودێكی زۆر كەم و وەرگرتنەوەی پارەكەش ماوەیەكی زۆری بۆ دانراوە».

بابەتە پەیوەندیدارەکان