جەمال كۆچەر روونکردنەوە بە كوردستانی نوێ دەدات..

״هیچ بیانوویەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە״

12:10 - 2024-05-01
کوردستان
82 جار خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم

لە بەیاننامەكەی فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ)دا هاتووە: لە دژی هەر هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەوەستینەوە، كە بڕیارە رۆژی 10/6/2024 بەڕێوەبچێت و ئاماژە بەوەش دەكەن «هەڵبژاردن مافێكی یاسایی و دەستووری و دیموكراسیی خەڵكی هەرێمی كوردستانە و ناكرێت بە ویستی تاكە حزبێك دوابخرێت».
لە بەیاننامەكەدا، تەئكیدكراوەتەوە كە «هیچ بیانوویەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقیش بەردەوامە لە ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردن و دادگای فیدراڵیش پشتیوانی لە هەڵبژاردن دەكات لەو وادەیەدا.
لە كۆتاییشدا، هەر چوار فراكسیۆنەكە، داوا لە (ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی وەزیران، دادگای فیدراڵی، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان) دەكەن زامنی هەڵبژاردن بكەن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا و دژی هەر هەوڵێكیش بوەستنەوە كە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەدرێت.
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، جەمال كۆچەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، رایگەیاند: لە بەیاننامەكەماندا بەڕوونی ئەوەمان خستووەتەڕوو «دەبێت رێز لەو كاتە بگیرێت كە بۆ هەڵبژاردن دیاریكراوە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراقیش ئامادەكاریی تەواوی بۆ كردووە». هەروەك «پێداگریی لەسەر ئەوەش دەكەین كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت».
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكگرتوو، وتیشی: لە بەیاننامەكەی هەر چوار فراكسیۆنەكەدا، وەڵامی هەموو ئەو دەنگۆیانەمان داوەتەوە، كە گوایە بە بەغدا وتراوە هەموو لایەنە كوردستانییەكان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندان، ئێمە ئەو چوار فراكسیۆنە رەتیدەكەینەوە و تەئكیددەكەینەوە كە «هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت و لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نین».
لە لێدوانێكیشدا بۆ PUKMEDIA سۆزان مەنسور وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاندووە: «هەر هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەكەینەوە و لەگەڵ هەڵبژاردنداین لەو وادەیەی كە سەرۆكی هەرێم مەرسومی بۆ دەركردووە كە 10ی 6ی 2024 هەڵبژاردن بكرێت».

بابەتە پەیوەندیدارەکان