قوباد تاڵەبانی: كار بۆ جێبەجێكردنی مافە یاساییەكانی كرێكاران دەكەین

12:40 - 2024-05-01
کوردستان
91 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانی كرێكاران پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە و دەڵێت، ١ی ئایار تەنها بۆنەیەك نییە بۆ پیرۆزبایی كردن لە كرێكاران، بەڵكو بۆنەیەكە بۆ ئەوەی هاندەرمان بێت بە حكومەت، كەرتی تایبەت و خاوەنكار و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دیكەشەوە تا مافەكانی كرێكاران زیاتر بچەسپێنین و دۆخی كاركردن لە كوردستان باشتر بكەین.
دەشڵێت، لە ماوەكانی رابردوودا كارمان كرد بۆ ئەوەی لەڕێی هەمواری یاسا بەركارەكانەوە و هەروەها رێنمایی دەستی كاری بیانییەوە زیاتر دەستەبەری ماف و ژیان و گوزەرانی كرێكاران بكەین، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، نیگەرانین لە دۆخی بازاڕی كار و ئاگاداری ئەو بارگرانی و ئاستەنگانەین كە ژیانی كرێكارانی زەحمەتتر كردووە. سەرباری كەموكوڕییەكانیش، بەشێك لە كرێكارانیش بە مافە یاساییەكانی خۆیان ئاشنا نین و خەمساردی و كەمتەرخەمی هەیە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە بۆ وشیاركردنەوەی كرێكارەكان بە مافە یاساییەكانی خۆیان و دابینكردنی مافەكانیان.
قوباد تاڵەبانی جەخت دەكاتەوە لەوەی، لەگەڵ هەوڵدان بۆ هەمواركردنەوەی یاساكان و یان دەركردنی یاسا و رێنمایی نوێ، لەگەڵ كەرتی تایبەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان كار بۆ جێبەجێكردنی مافە یاساییەكانی كرێكاران دەكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان