(1)ی ئایار و مەینەتییەکانی کرێکاران لە سایەی سیستم و ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکاندا

12:53 - 2024-05-01
دووتوێ
65 جار خوێندراوەتەوە

بەرژەوەندیی چینی کرێکار لە تەرازووی کامیاندایە؟
جیاوازیی سۆشیال دیموکرات و مارکسیزم

 

دڵشاد تاڵەبانی

 

 

کرێکاران لە یەکی ئایاری 1886دا داوایان کرد: هەشت سەعات کار، هەشت سەعات نوستن، هەشت سەعات بەخۆڕاگەیشتن و کات بەسەربردن و پشوو، لەو پێناوەشدا قوربانییان دا و توانییان جێگیری بکەن

 

مارکسیزم تێزێکی رادیکاڵي ناو بزووتنەوەی سۆشیالیستییە کە پشت بە توندوتیژی و زەبروزەنگ دەبەستێت بۆ پیادەکردنی تێزەکەی، بە پێچەوانەوە سوسیال دیموکرات روودەکاتە دیموکراسی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، کەواتە هەردووکیان دوو لایەنی ناكۆكی جیاوازن لە بیر و رێڕەوی کار و پراکتیکدا.
چەند خاڵێکی بنەڕەتی سۆشیال دیموکرات و مارکسیزم لە یەکتر جیادەکاتەوە، گرنگترینی ئەوانەش بریتین لە: بواری بیر و رێباز و بەرنامە و شێوازی کار، هەروەها تێڕوانین بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە و کاری رێکخراوەیی و جۆری حوکمڕانی، کار و کردار و چالاكی و شێوەکانی خەبات، تێڕوانین لەسەر دیموکراسی و ئازادییە گشتییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ بواری ئابووری و هەڵوێست و هەڵسوكەوت لەگەڵ سیستمی سەرمایەداریدا، دوا خاڵی جیاوازیش ئامانجە.
گەیشتنی مرۆڤ بە خۆشگوزەرانی
مارکس گریمانەکەی لەسەر بنەمای (مەرتیالیزمی دیالیکتیکی) داڕشتووە،  بەپشت بەستن بە دیالیکتیکی هیگڵ، کە گەشەکردن لە شرۆڤەی هەمیشەیی ناکۆکی دژەکاندا دەبینێت، ئەو کۆمەڵێک لە لایەنە نەرێنی و نەخۆشییەکانی سەرمایەداریی دەستنیشانکرد، کە ئەوکاتە لە سەرەتای گەشەکردنیدا بوو، بەڵام ئەو رێگایەی داینابوو گوایە چارەسەرە بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەمانی چەوسانەوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەناوبردنی جیاوازیی چینایەتی و هاتنەکایەی یەکسانی رەها و گەیشتنی مرۆڤ بە خۆشگوزەرانی هەمیشەیی، ئەویش بە دژایەتیکردنی تۆتالیتاری و حوکمی بیرۆکراتی، ئامانجی خۆی نەپێکا و لە 150 ساڵی رابردوودا ئەو بۆچوونەی لە بواری پراکتیکدا خۆی نەسەلماند و کورتی هێنا و لە جیاتی ئەوەی مارکس بیری لێدەکردەوە و بەتەمای بوو، سیستمێکی تۆتالیتاری بیروکراتی خۆسەپێنەری بێسنووری هێنایە کایەوە، لە ناویدا چینێکی بچووکی نوێی سەرەوەی کۆمەڵگە، یان دروستتر توێژێکی نوێی ستەمکاری خۆسەپێنەر و چەوسێنەر دەرکەوت، کە دەسەڵاتی بەسەر هەموو جومگەکانی سیاسی، سەربازی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت یاسایی و بیروبۆچوونی تاکەکانیشدا سەپاند، ئەوە دەسەڵاتی بێسنووری پێبەخشی و خۆی بەسەر کۆمەڵگە و حزبەکانیشدا سەپاند، هەموو جومگەکانی دەسەڵات و کایەکانی کۆمەڵگە لەلایەن کۆمەڵێکی باڵادەستی بچووکەوە کۆنترۆڵ دەکران، بە واتایەکی دیکە كەسێكی دیكتاتۆری خراپتر لە پاشا تۆتالیتارییەكانی بە ناوی سەركردەی پارتی كۆمۆنیستییەوە تا مانەوەی لە ژیاندا بەسەر حزبیشدا دەسەپاند، كە دارودەستەیەك هاوكاری بوون، بەڕادەیەك تەنانەت دەستی لەوانەش نەدەپاراست لە كاتی بوونی كەمترین ناڕەزایی، یان رەخنە، یان گومان لە حزب. 
بوون بە دەسەڵاتی شەڕانگێزی
ئەوە بوو بە مۆدێلێکی حوکمڕانی و لە سەدەی بیستەمدا چەندین لایەنی ناسیۆنالیستی توندڕەوی بیر تەسکی شۆڤێنی راستڕەو و دواکەوتوو و تەنانەت ئایینییش لە چەند وڵاتێک چاویان لێکرد و کردیان بە پێشەنگی خۆیان و رێڕەوی كاریان و لە وڵاتەکانیاندا لەگەڵ جیاوازیی توندی رێڕەویشیان پەیڕەویان کرد، کە ئاسەوارە نێگەتیڤەکانی و پاشماوەکەشی تا ئێستا ماوە و لە چەندین شوێن و دەوڵەت هێشتا كار بەو شێوازە دەكرێت و زۆر لە حزبەكانی ناوچەكانی لای خۆشمان كردوویانە بە بنەمای كاری رێكخراوەییان و هەڵسوكەوت لەگەڵ جەماوەردا. ئەوەش حوکمێکی تاکڕەویی دیکتاتۆری خراپترە لە ئۆلیگارکی و ئەتوکراتی ناسراو و دەسەڵاتی رەهای هێنایە کایەوە و دەریخست کە نەک هەر هەموو ئازادییەکانی ناوخۆ قەدەغە و سەرکوت و خەفە کران و هاووڵاتییان بە دڕندەترین شێوە دەچەوسێندرانەوە، بەڵکو ئەوانە بوون بە دەسەڵاتی شەڕانگێزی دوژمنکاری پڕ لە مەترسیش بەرامبەر بە دەوڵەتانی دەروبەریان، هەر لە نازی و فاشیتسەکانەوە بگرە تا ئەو رژێمانەی کە لە چەندین وڵاتدا لە دوای جەنگی دووەمی جیهان هاتنەکایەوە و هەر لە نازییەکان دەچوون. زۆربەشی پشتگیریی سیستمی سۆڤێتی و دەوڵەتە کۆمۆنیستەکانی تریان هەبوو بە پاساوی ئەوەی گوایە حوکمی نیشتمانی دژبە ئیمپریالیزمن، ئەگەرچی دەزانرا کە گەلەکانیان بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت دەکەن و مافە هەرە سەرەتایی و سادەکانیشیان پێشێل دەکەن.
هەرەسی سیستمی سۆڤێتی
جووڵانەوەی مارکسیزمیش چەندین جار تووشی لێکترازان و جیابوونەوە و کەرتبوون بووە، چەندین رێڕەوی جیای تێدا هاتە کایەوە، هەر لە تێزی سۆڤێتی، ماوی، ترۆتسکی، ئەلبانی و جۆری یۆگۆسلاڤی و ئۆرۆکۆمۆنیزم و چەندین گروپی توندڕەوی بچووک، كە تەنانەت هەر لە پڕوپاگەندە دژبە یەكدی و تۆمەتباركردنی یەكدی و بە لادەر لەقەڵەمدانی یەكتر تا شەڕ و كوشتار هەوڵی لەناوبردنی یەكدیش درێغییان نەكردووە، بەڵام لە پەیڕەوکردنی دیکتاتۆریدا لە یەکەوە نزیک بوون، جگە لە ئۆرۆکۆمونیزمەکان کە دەرەنجامی بارودۆخی وڵاتانی خۆرئاوا، ناچاربوون کۆمەڵێک خاڵی مارکسیزم بە رەواڵەت رەتبکەنەوە و هی سۆشیال دیموکراتەکان وەربگرن، بە تایبەتی سەبارەت بە دیموکراسی و سیستمی سیاسی، بەڵام ئەوان رۆژ لە دوای رۆژ رۆڵیان کەمبۆوە و ژمارەیەکی کەمیان دەگەیشتنە پەرلەمان، ئەوەش تا هەرەسی سیستمی سۆڤێتی (کە بە گوشاری ناوخۆ داتەپی) بەردەوام بوو. ئەوە ئەو بۆچوونەی (مارکس – ئەنگلس)ی لە بنەڕەتەوە هەڵتەکاند و نەگونجاوی دەرەنجامەکانی سیستمی لەو جۆرەی سەلماند، بەوەش دەرکەوت کە ئەو داڕشتنەی مارکس بۆ سیستمی نوێی کۆمەڵایەتی گریمانەیەکی خەیاڵی ناسەرکەوتوو بوو، نەوەک تیۆرییەکی زانستی سەلمێندراو، لەبەرئەوەی هەموو بیرۆکەیەکی نوێ بەپێی دەرخستە و دەرەنجامەکانی هەڵدەسەنگێندرێت، گرنگترین مەبەستی بیرچوو، ئەویش ئەوەیە كە بیرۆكەكەی ئەو هەڵسوكەوت لەگەڵ مرۆڤدا دەكات، نەك شتێكی بێ گیان.

 


شێوازی لەناوبردنی نەیارەکان بوو بە نەریتی هەموو دیکتاتۆر و نازی و فاشست و تەنانەت رژێمە بەناو ئاینییەکانیش، بوو بە بناغە بۆ پاکتاوی ناوخۆی حزبیش، بە ناوی لادان و خیانەتەوە، حزب و دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانیش سوودیان لەو شێوازە وەرگرت

 

 

توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە
مارکسیزم لە بواری سیاسیدا قەناعەتی تەنها بە هەڵتەکاندن و سەرەوژێرکردنی سیستمی سەرمایەداری و پاشماوەکانی سیستمی دەرەبەگایەتی و لەناوبردنیان بە زەبر و شۆڕشی چەکداری و هاتنەکایەی دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا هەبوو، بەڵام ئەوە سیستمێکی حوکمڕانیی دیکتاتۆریی راستەوخۆی راشکاوی هێنایە کایەوە، کە نەک هەر دیکتاتۆرییەتی تێكڕای چینی کرێکاری نەهێنایە کایەوە و تەنها پرۆلیتاریایان تێدا دەستنیشان کردبوو کە حوکمڕانی خۆی بسەپێنێت بەسەر چینەکانی تردا و لەناویان بەرێت)، بەڵکو دیکتاتۆرییەتێکی رەهای بەسەر پڕۆلیتاریاشدا سەپاند، كە وەك پێشەنگی چینی كرێكاران باسیان دەكرد. 
ئەوە نەوەک هەر دیکتاتۆرییەتی بەسەر توێژە باڵاکان و چینەکانی ناوەند و جوتیاراندا سەپاند، بەڵکو دیکتاتۆرییەتی حزب، یان راستتر بوترێت دیکتاتۆرییەتی تاقمێکی بچووکی بەسەر حزبیشدا سەپاند. ئەو زەبرەش پاساوی کوشتن و تیرۆرکردنی نەیارانی بە ناوی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانەوە دا بەدەستەوە، کە لە ئەنجامدا هەموو بنەماڵەی پاشا و فەرمانڕەواکان و نەیارانی سیاسیش کوژران، بە ژن و منداڵیشەوە نموونەشی بنەماڵەی رۆمانۆڤی روسیا، بنەماڵەی پاشایەتی و بەرپرسانی بولگاریا، بنەماڵەی پاشایەتی عیراق و چەندین شوێنی تر، کە هیچ جیاوازییەک لە شێوازی لەناوبردنی حوکمڕانەکاندا لەلایەن نەیارانی ناوخۆ یان دەرەکییەوە نەبوو، بەڵکو هەمان شێوازی مەنگۆلەکان، سەفەوییەکان، قاجارەکان و عوسمانییەکان بوو لە پاکتاوکردنی ناوخۆیان بەرامبەر بە دوژمنی دەرەکی بەکاریان دەهێنا و پەیڕەویان دەکرد. ئەوانەی تریشیان بە شێوەیەک پاکتاو دەکرد کە مافی داکۆکی کردنیشیان بە تۆمەتباران نەدەدا، تەنانەت ئەگەر لە هاوڕێكانی خۆشیان بووبێتن، لەلایەن دادگا تایبەتەکانەوە زۆر بە خێرایی و رواڵەتیانە و بێ بەڵگە دەیان و هەزاران کەس دەکوژران. ئەو شێوازە بوو بە نەریتی هەموو دیکتاتۆر و نازی و فاشیست و تەنانەت رژێمە بەناو ئاینییەکانیش، هەروەک بوو بە بناغە بۆ پاکتاوی ناوخۆیی حزبیش، بەناوی لادان و خیانەتەوە، حزب و دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانیش باشترین سوودیان لەو رێگا و شێوازە وەرگرت و کردیان بە رێڕەوی کاریان.
هەڵبژاردنی رواڵەتی
دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات بە زەبری چەک لە روسیا لە ئەکتۆبەردا و لەناوبردنی هەموو نەیارانی سیاسی، كە بەشداربوون و رۆڵی سەرەكییان هەبوو لە راماڵینی سیستمی پێشوودا، بێدادگاییکردن، یان دادگاییەکی رواڵەتی لەلایەن دادگاكانی شۆڕشەوە، تەنانەت ئەوانەی ناو خودی حزبە کۆمۆنیستەکانیش. پڕۆسەکانی کوشتن و پاکتاوکردنی سەدان سەرکردەی خودی کۆمۆنیستەکانی وەک بوخارین، ترۆتسکی و زینۆفیڤ و ملیۆنان کەس لە سەردەمی ستالیندا، دادگاکانی مەهداوی لە عیراق، کوشتنی عەبدولکەریم قاسم لەلایەن بەعسەوە، کوشتنی سەدان کورد و تەنانەت پاکتاوکردنی سەرکردەکان و سەدان کادری بەعسیش لەلایەن سەدامەوە، لە بولگاریاش لە 1944 تا 1946 زیاتر لە 30 هەزار کەس کوژران، لە لاوس و کەمبۆدیا و کردارەکانی پۆل پۆت و خەمیر رۆژ ...هتد).
لەو وڵاتانە سیستمێک هاتە کایەوە کە سەرۆکەکانی تا ماون لە ژیاندا دەسەڵاتیان لە دەستدا بێت و خۆیان و کردارەکانیان لە سەرووی یاساوە بن و هیچ لێپرسینەوە و چاودێرییەکی گەلیان لەسەر نەبێت، تەنانەت کەس نەوێرێت کەمترین رەخنەشیان لێ بگرێت، لەکاتی وادا كەسی رەخنەگر تووشی گەورەترین سزا ببێت، تا لەسێدارەدان یان تیرۆرکردن و بێسەروشوێنکردنی چاوەڕێی دەکات، هەروەها هەڵبژاردنیش نەکرێت، ئەگەر کراش هەر رەواڵەتی بێت و کەس رکابەری راستەقینە نەبێت و بڕیارەکانی ئەوان ببێتە یاسا لەسەر وڵات و حزبیشدا. 
بوونی توێژێکی سەرۆکایەتی لە ژێر رکێف و فەرمانی ئەواندا، نموونەش: (لینین، ستالین، کاسترۆ، چاوچیسکۆ، تیۆدۆر جیڤکۆڤ، کە لە 1954 تا 1989 حوکمڕان و سەرۆکی حزبی کۆمۆنیستی بولگاریا بوو کە تا رووخانی سیستمەکە، هۆنیکەر لە ئەڵمانیا – تیتۆ لە یۆگۆسلاڤیا- کیم ئیل سونگ، کیم جونگ ئیل و کوڕەکەی کیم جۆنگ ئۆن لە کوریا و خوشکەکەی و کوڕەکەشی، هۆشی منە لە ڤێتنام، چەندینی تریش) ئەوان و کەسوکاریان لە پاشاکان زیاتر دەسەڵاتی خۆیان سەپاندووە و دەستیان واڵا بووە بۆ هەموو کردارێک و تەنانەت بەکارهێنانی سەروەت و سامانی وڵاتیش بە ئارەزوی خۆیان بێ هیچ سانسۆرێک، ژیانشیان لە پاشاکان خۆشتربووە، تەنانەت بەرپرسانی تری ملکەچی ئەوان هەموو خۆشگوزرانییەکیان بۆ فەراهەم بووە و لە سەرەوەی یاساوە بوون، دادگاکانیش بە فەرمانی ئەوان لە مەسەلە گرنگەکاندا کاریان کردووە، ئەوەش لە ژێر سایەی ئەو بەناو سۆشیالیزمەدا. 
دیکتاتۆری بوو بە مۆدێل
ئەوە کرایە مۆدێلیک کە نازییەکانی ئەڵمانیا، فاشیستەکانی ئیتالیا، فرانکۆ، پینۆچێ، میلۆسۆڤیچ، چەند رژێمێکی ئەمریکای لاتین، چەند ستەمکارێکی ئەفریقا و ئاسیای وەک تاقمی تۆتۆ لە رواندا، حزبی ناسیۆنالیستی توندڕەوی شۆڤێنیزمی عەرەب وەک (حزبی بەعس لە عیراق و سوریا) بە دڕندانەترین شێوە پەیڕەوی بکەن، تەنانەت لە پاکتاوی ناوخۆییشدا، زۆریشیان پێشتگیری ئەوانیان هەبوو. نەوەک هەر ئەوە، بەڵکو حزب و رژێمە ئایینیە هەرە توندڕەوەکانیش، ئەو میتۆدەی ئەوانیان بەکارهێنا لە کار و کرداریاندا، بگرە رێکخراوە هەرە توندڕەوە راست و چەپ و ئیسلامییەکانیش چاویان لەوان کرد و رێچکەی کاری ئەوانیان گرتەبەر، لە هەیکەل و کاریاندا سوودیان لەوان وەرگرت. هەندێک لە حزبە ناسیۆنالیست و ئایینییەکانی کوردستان و ناوچەکەش کەم تا زۆر لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراون و هەمان کرداریان دووبارە کردۆتەوە.
سۆشیال دیموکراتەکان
لەبەرامبەردا سۆشیال دیموکراتەکان پشت بە ئایدیۆلۆژیای وشکی توندڕەو نابەستن، دامەزراندنیان، رێباز و کار و کرداریان لەسەر بنەمای دیموکراسی دامەزراوە، چ لە ناوخۆی حزب، یان لە پەیوەندییەکانیان و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ جەماوەر و لایەن و دەوڵەتی تردا، بڕوایان بە توندوتیژی نییە بۆ دەسەڵات گرتنەدەست، بەڵکو بڕوایان بە هەڵبژاردنی راست و دروستە و چین و توێژەکانی تر و نوێنەرانیان ناسڕنەوە، بەرپرس و سەرۆکەکانی لە سەرووی یاساوە نین و ملکەچی یاسان و یاسا سەروەرە، نموونەش زۆرە کە سەرۆکی ئەو حزبانە لە دەسەڵات لابراون و راکێشراونەتە بەردەم دادگا لەکاتی تۆمەتبارکردنیاندا بە دەرچوون لە یاسا، یان تێوەگلانیان لە گەندەڵی و کاری نایاسایی. بڕواشیان بە ئاوەژووکردنی کۆمەڵ بە توندوتیژی نییە، بەڵکو بڕوایان بە ریفۆرمی کۆمەڵگە و لابردنی لایەنە نەرێنییەکانی و رادەستکردنی دەسەڵاتە بە شەرعی و بڕیاری زۆرینەی خەڵک. 

 



هەندێک  لە حزبە کوردیی و  ئاینییەکانیش لە کوردستان و ناوچەکەش کەم تا زۆر لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراون و هەمان شێواز و سیستم دووبارە دەکەنەوە

 

 

سۆڤێت و کرێکاری بێ ئیرادە
مارکسیزم لەلایەک ئەوە دەخاتەڕوو کە سەرمایەداری مرۆڤ لە هەستەکانی دادەبڕێت و نامۆی دەکات بە تایبەتی لەوەی بەرهەمی دەهێنێت، لەلایەکی ترەوە مرۆڤ وەک خشتێک لە دیوار یان کەرەسە و بەشێک لە ئامێر و مەکینەیەک حساب دەکات، نەوەک وەک گیانلەبەرێک کە چەندین هەستی هەبێت (سۆز، رق، خۆشەیستی، لایەنی لاوازی، حەز و ئارەزوو)، دەیەوێت ئەو هەستانە بێدەنگ و کۆنترۆل بکات، وەک رۆبۆتێک، کە ئەوە مومکن نییە و ئامانجی لەوە نەهاتەدی (وەک لە ماتریالیزمی دیالیکتیکی و بنەماکانی تری بیری مارکسیدا باس کراوە). لە سیستمی سۆڤێتیشدا بە پێچەوانەوە مرۆڤەکان کرابوونە کرێکار و کارمەندی بێ ئیرادەی دەوڵەت و هەموو ئازادییە کەسی و بیروبۆچوون و رەخنەیان لێ حەرام کرابوو، سیستمێکی پۆلیسی تۆقێنەر سەپێندرابوو بەسەریاندا، کە لە دەزگا داپڵۆسینەرەکانی بەعس زۆر باشتر نەبوون و ئەوانە خاوەن پێگە و ئیمتیازبوون، رای گشتی و ئۆپۆزسیۆن قەدەغەبوو، راگەیاندن لە ژێر کۆنترۆڵی تونددا بوو، هەمووی سانسۆر کرابوو، زۆر کەس بەبێ تۆمەت و بەبێ فەرمانی دادگا لە بەندیخانەدا بوون. بەرامبەر بەوە لای سۆشیال دیموکرات مرۆڤ و مافەکانی لە بنەڕەتدا دەپارێزرێن و رای گشتی حسابی زۆری بۆ دەکرێت، جگە لە بیری رووخێنەر و لادان، کە بە کاریگەریی لیبراڵە نوێیەکان خەریکە کۆمەڵێک مەبەستی ئەنارشیستی نامۆ بە کۆمەڵگەی سروشتی، بەناوی ئازادییەوە، جێی دەکرێتەوە.
چینی ناوەندیشی لەناو برد
لە بواری ئابووریشدا سۆشیال دیموکراتەکان هەوڵدەدەن توێژی هەژار و هەروەها دەوڵەمەندیش سنووردار بکەن و چینی ناوەڕاست فراوان بێت، هەژارەکانیش یارمەتی پێویست بدرێن، بە کۆمەڵێک یاسا و راسپاردە و کردار لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، کارکردن، تەندروستی، پەروەردەیی، خزمەتگوزاری، نیشتەجێبوون و ژینگەییدا، هەرچەندە لەوەدا ئێستا پاشەکشەی بەرچاوی ئەویش هەستی پێدەکرێت، لە ژێر کاریگەریی و گوشاری لیبراڵە نوێێەکان و کۆنسەرڤاتیڤەکاندا، کە زیاتر بەهۆی کۆچەران و زیادبوونی دژایەتیی بیانی و هاندانی راستڕەوەکانەوە پەرەیان سەندووە و گوشاریان زیادیکردووە و کۆمەڵێک لە سۆشیال دیموکراتەکان لە رێڕەوی سروشتی خۆیان لایانداوە  و ئەوەش بۆتە هۆی لێکترازان و دابەشبوون و لاوازبوونیان.
کرێکاران و ئامانجی داهاتوو 
سیستمی بەناو سۆشیالیستی مۆدێلی سۆڤێتی هەوڵیاندا هەموو هاووڵاتییان بکەنە کرێکار و کارمەند و مووچەخۆری دەوڵەت، کە زیاتر پایەبەندیان دەکات بە حکومەت و ناچاریان دەکات بە دەرنەچوون لە فەرمانەکانی، نەشتوانرا خۆشگوزەرانی بۆ ئەوان دابین بکرێت و ئەوەش ئەرکێکی قورسی لەسەر داهاتی دەوڵەت دروستکرد، بەپێچەوانەوە چینێکی زۆر فراوانی خوارەوەی دروستکرد لەگەڵ توێژێکی مشەخۆری سەرەوەی کۆمەڵگە کە جێبەجێکەری سیاسەتی ئەو سەرکردایەتییە و گوێڕایەڵی تەواوی ئەوان و ملکەچی فەرمانەکانیان بوون و ئەوان خۆشگوزەران بوون، چینی ناوەندیش لەناو چوون. 
سۆشیالیستەکانی دیکە
بۆیەش گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن لەو وڵاتانەدا تەشەنەی كرد و باوبوو، کاڵا و بەرهەمەکانیشیان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ کوالێتی خراپ و نزمی هەبوو، ئەوەش هۆیەکی سەرەکیی داتەپینی ئەو سیستمە بوو. جگە لە وڵاتێکی وەکو چین کە روویکردە جۆرێک لە سەرمایەداریی سنووردار. 
پڕۆلیتاریا یان کرێکاری سادە
ئەوەش کە مارکس پێی دەوت پڕۆلیتاریا (کرێکاری سادە)، تا دێت ژمارەیان لە کەمبوونەوەدایە، بەهۆی پێشکەوتنی تەکنیک و هاتنەکایەی کرێکاری پسپۆڕ و زیادبوونی بواری خزمەتگوزارییەوە، لە بەرامبەردا سۆشیال دیموکراتەکان بۆ چاککردنی باری ژیانی کرێکاران، چەندین یاسای بیمەیان دەرکردووە، وەک بیمەی بێکاری، پیری، پەککەوتن، تەندروستی، کە هەموو کەسێک مافی ئەوانەی هەیە و یارمەتی دەدرێت، ئەگەر کاری نەبێت، لەگەڵ دروستکردنی پڕۆژە حکومییەکانی نیشتەجێبوون بۆ خاوەن داهاتی کەم. 
لە دوایین پلە و ئامانجیشدا، وەک ئاماژەم پێداوە، مەبەستی خۆشگوزەرانی ئەوەیە مرۆڤ هەریەکە بە ئارەزووی خۆی کار بکات و بەپێی پێداویستی و حەزی خۆی ژیانی بۆ دابین بکرێت، ئەوەش بۆچوونێکی خەیاڵییە و ناشێت حەزی هەموو مرۆڤەکان بەدی بهێنرێت، لەبەرئەوەی حەز و ئارەزووی مرۆڤ تەواو نابێت و ناتوانرێت هەمووی دابین بکرێت، جگە لەوەی ژمارەی مرۆڤ لە زیادبوونی بەردەوامدایە کە مارکس بیری لێ نەدەکردەوە، کە ژمارەی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی لە چەند ساڵی داهاتووی نزیکدا دەگاتە نۆ ملیار کەس، کە بەراورد بە سەردەمی مارکس نزیکەی پێنج بەرامبەر زیادیکردووە، بۆیە دابینکردنی پێداویستی بنەڕەتی بۆ هەموو ئەوانە زەحمەتتر دەبێت. 
ئەوان مرۆڤیان باش هەڵنەسەنگاندووە، چەندیش زانیاری، هۆشیاریی مرۆڤ، تەکنیک و تەکنۆلۆژیاش پێش بکەوێت، حەز و ئارەزووەکانی مرۆڤ بێسنوورە و ناتوانرێت بەری پێ بگیرێت، یان لەلایەن خودی مرۆڤەوە کۆنترۆل بکرێت، چونکە هەمیشە زیاتری دەوێت. ئەگەر مەبەستی پێشبڕکێ و کێبڕکێ نەمێنێت، بەهرەکانیش دەمرن، مرۆڤیش بە سروشت چاوچنۆکە ئەگەر لەمپەر لە بەردەمیدا دانەنرێت، ئەوەش گەورەترین خاڵی لاواز و کەلێنی مارکسیزمە. 
چونکە سۆشیال دیموکرات حسابی گەورە بۆ مرۆڤ دەکات و پێیوایە کێبڕکی و هاوکاری و هەرەوەزی بناغەی کارێتی.

مارکسیستەکان دەڵێن سەرمایەداری مرۆڤ وەک خشتێک لە دیوار یان کەرەستە و بەشێک لە ئامێر و مەکینەیەک حساب دەکات

سیستمە بەناو سۆشیالیستییەکان هەوڵیاندا هەموو هاووڵاتییەک بکەنە مووچەخۆری دەوڵەت

بابەتە پەیوەندیدارەکان