چیرۆک

باخچەی تەنهایی

09:18 - 2024-05-02
ئەدەب و هونەر
62 جار خوێندراوەتەوە

ئاكۆ كەریم مەعروف


دوای گەڕانەوە لەماندووبوون و پشوودانی كار لەسەر جێگەكەم خەوم لێ نەدەكەوت، دەمبینی سێبەرێك بەسەر دیواری ژوورەكەمەوەیە، زۆر لەخۆم دەچوو، ئەگەر لێی نزیك بومایەتەوە رایدەكرد، هەر ئەوەندەی هەنگاوێك دووربكەوتمایەتەوە دەهاتەوە شوێنی خۆیی، ئەم بێنەوبەردەیە منی ترساند، چەند شەوێكیتر هەمان وێنە دووبارەبووەوە، ئیتر گومانی ئەوە نەما ئەوە منم و... بووم بەسێبەری سەردیواری ژوورێك تەنها یەك پەنجەرەی تێدایە، دەرگایەك دەستێك دەیكردەوە و دەستێكی تر دایدەخست، بۆ خۆم لە ژیانێكی ئاسوودەدابووم لەشوێنی خۆم دەخەوتم كە نیشانەی دەیان قامچی لەسەر زەوییەكە بەجێهێشتبوو، بۆنێكی خۆش لەپاشەڕۆ، ژوورێك ناوبەناو بەچاوی داخراوەوە دەمبینی زیاتر لەبیستوچوار پلیكانە لەژێر زەویدا بۆ من دروستكرابوو. ژوورەكەم هێندە فراوان بوو دەیان پەنجەرەی وەهمییان بۆ دروستكردبووم لەدەرگایەك دەهاتەوە سەر رێگەی دڵم. درۆ دەكەم من سێبەرم هەبووبێت، ناچاربووم لەو باخچەی تەنهاییەدا بەخەیاڵ وێنەی ئەو رۆژانەی خۆم دەكێشا، وێنەی خۆم بەهێڵێكی سپی لەسەر دیواری ژوورەكەم، كاتێك بەتەنهام.
جێگەی خەوی من بەردبوو، یان لم بوو، لەوێدا خۆم ناسییەوە، ناسینەوەی شوێن بۆ من واتای شوناس، زۆر لەدراوسێ‌ ژوورەكان دەیانوت، لەكوێین، بۆ كوێمان دەبەن. دراوسێكانی باخچەكانی تەنهایی بێ ورە مابوونەوە، سیس و لاواز شانیان بدایە لەدیوارێك ئێسك و پروسیكان تێكدەشكا، ئێستا بەئومێدی هاوارێكی منن، منیش لەدوا باخچەمدا كە نامەوێت ورە بەردەم رەگێكم دۆزیەوەتەوە بێ ئەوەی هیچ كەسێك هەستی پێبكات تەنانەت سێبەری خۆم چاودێریم دەكات و لەدەستم رادەكات بەهیچ شتێك نەزانێت. 

 

لەفڕیندا هیچ نادادپەروەریەك نییە، باڵەكانمان كراوەن

كێشەكە ئاڵۆز ناكەم زۆر بەسادەیی دەوروبەرم ئاسمانێك لەهێمنی، شەوێك بوو هەموو شتێك باش باش بوو، بۆ ئەو شەوانە تفەنگەكەم لەشان كەوتەخوارەوە منیش لەسەرجێگە خەوەكەم كەوتمەخوارەوە، وامدەزانی ئاسمان بەسەرمدا رووخاوە، هەرهەموویان هاتنەدەرەوە، چاوێكیان كردە هەزارچاو، دڵی خۆم دایەوە، هەر هیچ نەبێت ئەوانە پشتوپەنامن. خۆشم نازانم لەكوێوە ئەم دوو دەستەم و چۆن و بە چ هۆكارێك شكاون، خەو وێنەیە، بیر لەدەنگەكان ناكەمەوە، ئەوەندەی لەبیرم مابێت لەئاسمان بووم، دەفڕیم بێ باڵ بێ هێلانە دەترسام لەوەی بكەوم. كەوتم، ئاسمان بۆ من ئازاد بوو سەرزەمین زیندان، شتێكی سەیرم بینی مرۆڤ بۆ خۆی لە قەفەزی زینداندایە، كەچی قەفەزی جۆرارجۆر بۆ باڵندە دروست دەكات. ئێمە و باڵندە لەدووخالدا جیاوازین ئەوان هێلانە دروست دەكەن، ئێمە زیندان، ئەوان دەفڕن و ئێمە خەون بەفڕینەوە دەبینین. لەفڕیندا هیچ نادادپەروەریەك نییە، باڵەكانمان كراوەن. ئاسمان كراوەیە ئەوە خۆڵ و بەردە زیندانی لێ دروست دەكرێت. پێش كەوتنم هەموو دادپەروەرییەكانم دەبینی، هەر ئەوەندەی كەوتم پەشیمانبوومەوە، ئاسمان باڵی تێدایە سەرزەمین پڕاوپڕە لەخشۆك، ئاسن و پۆڵا لەژیر زەبری ئاگردا خواردەبنەوە. كەوتمە خوارەوە و هەزار رووم هەبوو، رووە راستەقینەكەم لای خۆم بوو، لەدڵمدابوو، ئەوانەی خەریكی هەڵگرتنەوەی پارچەكانی ترم بوون رووە درۆزنەكەبوون، ریاكاران بەپێكەنینەوە پارچەكانی منیان دەفرۆشت، منیان هەرزانفرۆش كرد. خشۆكەكان هەموو شتێك دەفرۆشن، بەڵام باڵندەكانی ئاسمان هەرزانفرۆشی ناكەن. جارێكیتر لەدایك بوومەوە دوای ئەوخۆشبەختییەی ژیان نەكەوتم، بڕیارێك بەخەو سوێندم لەسەری خواردووە جارێكیتر نەكەوم، شەوێكیتر نەكەومەخوارەوە لەزەوییەوە بۆ ئاسمان. دوای ساڵانێك لەم خەوە بەئاگا هاتمەوە، پرسیم من لەكوێی ئەم ژیانەدام، هەموو گیانم برینە، كێشەكە لەوەدایە لەكاتی ئازاردا بەرد دێتەدەنگ، لەوساتەدا رۆژانی رابردووم دەنگیان دەدایەوە. من هیچ ئازارێكم نەبوو كاتێك دەمبینی سێبەری ئەو رۆژانەی تفەنگەكەم بەباوەشەوەبوو لەپەنجەرەیەك خۆر هێڵكاری بۆ كردبوو دەربازدەبوون. لەو كاتەدا رووە راستەقینەكەی خۆم دۆزییەوە، خۆشحاڵیم ئەوەندە زۆربوو دەستم كرد بەگریان، ناچاربووم ئەمسەروئەوسەر بكەم، جێگەم بەخۆم نەدەگرت، لەتەنگانەدا ئاسمان رێگەت بۆ دەكاتەوە، رێگەی راستەقینەی خۆت، تۆش بەشێكی لەیەكێك لەچیرۆكە شاراوەكانی ژیان. بەدەم گریانەوە لەخۆم پرسی، ئایا كەسێك هەیە وەك ئێستای من، بەم هەموو برینانەوە بیربكاتەوە؟ بیانووم بەخۆم دەگرت، تاریكی تەنها رێگایەكە بۆ بیركردنەوەودەربازبوون، چەند خۆشبەختم هیچ هەواڵێك لەبارەی منەوە نییە، رەنگە پرساری ئەوەیان كردبێ ئەرێ‌ كەوتۆتە كوێوە؟ نەهەواڵێك نەدەنگێك، باكم بەهیچ شتێك نەماوە، نەرابردوو... نەئایندە... شەرم لەئێستای خۆم دەكەم، كە توانای هیچ پەرچەكرادرێك بەرامبەر خۆم نەماوە، زۆر بەرگریم كرد، چیتر لەتوانامدا نەما، برینەكانم كە جێگەی دەیان قامچین خەریكن دێنەقسە، راستی لای ئەوانە، من كەسێكم گوێ‌ لە من مەگرن، ئایا گوێتان لەهاوارێكە بیستوچوار پلیكانە بۆ ژێر زەوی دەچێت؟ شتێك نییە دڵخۆشم بكات، رێگەیەك نییە بمباتەوە بۆ رابردوو، كەمێك لەیادەوەریم ماوە، زۆردەمێكە لەم شوێنەدا نیم، ئەوەی هەستی پێدەكەم نزیكەی دە ساڵێك دەبێت، دە ساڵ بۆ خۆت كە هەر خۆت بیت هیچ نییە، بێ كێشەم، هەنگاو دەنێم لەدیوار دەدات، دەگەڕێمەوە، هەر بەوشێوەیەیە، پاش كەمێكیتر دەرگا دەكرێتەوە، پاشان دەرگایەكی تر، بەدەیان برینەوە بەبیستوچوار پلیكانەدا سەردەكەوم، زۆر خۆشحاڵم، پاش كەمێكیتر دووبارە بەبست وچوار پلیكانەی تر دەمهێننەوە هەمانشوێن كە شوێنێكە بەقەبارەی خەیاڵی خۆم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان